مورى هه‌ڵبژارد
317 جار بینراوە 6/6/2015 11:04 AM

رِاپۆرتێكى KIE زانيارى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانيه‌كه‌ى توركيا ده‌خاته‌ رِوو



سنور ميديا 

له‌م رِاپۆرته‌ دا ته‌واوى زانيارى له‌سه‌ر ژماره‌ى ده‌نگ ده‌ران  له‌ده‌روه‌ وناوه‌ و , ژماره‌ى پارت لايه‌نه‌كان خراوه‌ته‌ رِوو .

رەهەندە تەکنیکى و یاساییەکانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا

(Turkiye Buyuk Millet Meclisi)

* زانیاری گشتی:

- رۆژی 7/6/2015 هەڵبژاردنی بیست‌و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا ئەنجامدەدرێت.

- ژمارەی دەنگدەرانی تۆماركراو (56.632.889) هەڵبژێرە: لەناوخۆی توركیادا (53,765.231) و لە دەرەوەی توركیا (2.867.658) هەڵبژێر مافی دەنگدانیان هەیە.

- تێكڕای ئاستی دەنگدان لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیادا (81,52%).

- هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیا لەلایەن "دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا- Supreme Election Board (YSK) "وە بەڕێوەدەبرێت، كە لە 7 ئەندامی سەرەكی‌و 4 ئەندامی یەدەك پێكهاتووەو ئەندامەكان لەلایەن دادگای دەستورییەوە هەڵدەبژێردرێن.

- هەڵبژاردنەكە لە كاژێر 7ی بەیانییەوە دەستپێدەكات‌و لە كاژێر 5ی ئێوارە وێستگەكانی دەنگدان دادەخرێن.

- 3 كاژێر دوای داخستنی وێستگەكان ئەنجامە بەراییەكان رادەگەیەنرێت.

- بیست پارتی سیاسی كێبڕكێ دەكەن بۆ بردنەوەی 550 كورسی پەرلەمان، لە دیارترینیان (AKP, JHP, MHP, HDP,SAADAT).

- پێویستە دەنگدەر تەمەنی 18 ساڵی تەواوكردبێت.

- خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی 4 ساڵە.

- كۆتای ئافرەتان لە یاسای هەڵبژاردنی توركیادا نییە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2011دا، ژمارەی ئافرەتان لەناو پەرلەمانی توركیادا 78 ئافرەتە كە رێژەكەی دەكاتە (14%).

- بۆ (56.632.889) دەنگدەر، نزیكەی 74 ملیۆن كارتی دەنگدان چاپكراوە.

- پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە 276 كورسی هەیە.

* شێوازی دیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن Constituents

- توركیا بەسەر 85 بازنەی هەڵبژاردنی فرە- نوێنەرایەتیدا دابەشبووە، كە لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی 81 یەكەی كارگێڕی (پارێزگا) دەكەن، بەڵام هەندێك لە یەكە كارگێڕییەكان، بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانیانەوە، لە یەك بازنەی هەڵبژاردن زیاترە.

- سنوری بازنەكانی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری دەكرێت:

هەنگاوی یەكەم: هەر یەكەیەكی كارگێڕی كورسییەكی بەردەكەوێت، بەوەش 469 كورسی دەمێنێتەوە (550كورسی پەرلەمان- 81كورسی=469 كورسی ماوە)

هەنگاوی دووەم: كۆی ژمارەی دانیشتوانی توركیا دابەشدەكرێت بەسەر ژمارەی كورسییە ماوەكاندا بۆئەوەی "كۆتای هەڵبژاردن" دەربهێنرێت (كۆتای هەڵبژاردن= كۆی ژمارەی دانیشتوانی توركیا / ژمارەی كورسییە ماوەكان )

كەواتە: كۆتای هەڵبژاردن = 56.632.889/ 469 = 120.752

هەنگاوی سێهەم: ژمارەی كورسییەكانی هەر پارێزگایەك = ژمارەی دانیشتوانی پارێزگا/ كۆتای هەڵبژاردن.

- ئەگەر هەر یەكەیەكی كارگێڕی 18 كورسی یان كەمتری بەركەوت، ئەوا بە یەك بازنەی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێت.

- ئەگەر هەر یەكەیەكی كارگێڕی 19-35 كورسی بەركەوت، ئەوا بەسەر 2 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێت .

- ئەگەر هەر یەكەیەكی كارگێڕی 36 كورسی یان زیاتری بەركەوت، ئەوا بەسەر 3 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشدەكرێت. (Art. 4, Law No. 2839)

* مەرجەكانی كاندیدبوونی پارتی سیاسی و كەسانی سەربەخۆ:

- پارتی سیاسی لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا، لیستی كاندیدی تایبەت بەو بازنەیە پێشكەش بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكات، دەستەش دەمودەست دەینێرێت بۆ نوسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگا، ئەگەر دروستی لیستی كاندیدەكان سەلمێنرا، ئەوا دەستەی باڵا بەماوەی 55 رۆژ بەر لەرۆژی دەنگدان، لە رۆژنامە یان لە رادیۆی فەرمیدا لیستی كاندیدەكان رادەگەیەنێت. (Art.20, Law No.2839).

- یاسای پارتی سیاسی لە توركیادا، چەند مەرجێكی بۆ پارتی سیاسی داناوە كە دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیادا بكات، وەك:

1- پێویستە لە 41 پارێزگای توركیادا رێكخستنی هەبێت‌و ئۆفیسی كردبێتەوە.

2- پێویستە لانیكەم شەش مانگ بەر لە رۆژی هەڵبژاردن كۆنگرەی پارتەكەی بەستبێت. (Art. 36, Law No.2820)

3- ئەگەر پارتێكی سیاسی نەتوانێت لە لیستەكەیدا بە ئەندازەی ژمارەی كورسییەكانی هەر بازنەیەك، ژمارەی كاندیدی پێویست بۆ زیاتر لە نیوەی ژمارەی پارێزگاكانی توركیا پێشكەش بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان بكات، ئەوا مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەفەوتێت. (Art. 13, Law No.2820).

4- پێویستە كاندیدی سەربەخۆ لەلای گەنجینەی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاكەی بڕە پارەیەك دابنێت، كە هێندەی مووچەی بەرزترین پۆستی گشتی پارێزگاكەی بێت.

5- هەر هاوڵاتییەك بۆئەوەی بتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بپاڵێوێت، پێویستە لانیكەم لەلایەن 20 ئەندامی پەرلەمانی توركیاوە پشتیوانی لێبكرێت، یاخود لەلایەن پارتێكی سیاسییەوە پشتیوانی لێبكرێت كە رێژەی دەنگەكانی لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە (10%) كەمتر نەبێت.

6- پێویستە پاڵێوراوی پەرلەمان لە رۆژی دەنگداندا تەمەنی 25 ساڵ كەمتر نەبێت‌و بڕوانامەی زانكۆی هەبێت.

* سیستمی هەڵبژاردن

- هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی توركیا بە سیستمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی رێژەیی/ لیستی داخراوە.

- گۆڕینی دەنگی دروست بۆ كورسی بە شێوازی "هۆندت - D'Hondt method " ئەنجامدەدرێت. (Art. 34, Law No. 2839).

- پرۆسەی گۆڕینی دەنگەكان بۆ كورسی پارتە سیاسییەكان بەجیا لەسەر ئاستی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.

- رێژەی بەربەست (10%)ی سەرتاسەرییە، واتە ئەگەر هەر قەوارەیەكی سیاسی رێژەی دەنگە دروستەكانی لەسەر ئاستی توركیا لەو رێژەیە كەمتر بێت، ئەوا هیچ كورسییەك ناباتەوەو ناچێتە ناو پەرلەمانەوە.

- ئەو پارتە سیاسیانەی دەنگەكانیان لەسەر ئاستی نیشتمانی نەگەیشتۆتە رێژەی (10%)، دەنگەكانیان لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردن، بەسەر ئەو پارتە سیاسیانەی تردا دابەشدەكرێت كە ئەو بەربەستەیەیان بڕیوە.

- بەربەستی (10%) بەسەر كاندیدی سەربەخۆدا پیادەناكرێت، بەڵكو لە بازنەی هەڵبژاردنەكەیدا حسابی زۆرینەی سادەی لەگەڵدا دەكرێت.

* گرێكوێرەی ئەم هەڵبژاردنە:

- پارتی دادو گەشەپێدان AKP، كاتێك دەتوانێت لەناو پەرلەمانی توركیادا پێشنیار بۆ هەمواركردنی دەستوری توركیا بكات، كە لانیكەم 330 كورسی بردبێتەوە (واتە 3/5ی كورسییەكانی پەرلەمان)، لە هەنگاوی دوای ئەمە، دەبێت ریفراندۆمی میللی لەسەر پێشنیارەكانی هەمواركردنەكەی دەستورەكە بكرێت. بەڵام ئەگەر (AKP) بتوانێت 367 كورسی پەرلەمان بباتەوە (كە دەكاتە رێژەی 2/3ی كورسییەكانی پەرلەمان) ئەوا دەتوانێت لەناو خودی پەرلەمانی توركیادا بڕیاری گۆڕینی دەستور بدات بەبێ ئەوەی بیخاتە ریفراندۆمی میللییەوە.

- ئەردۆغان لە ئابی 2014 بووە سەرۆك كۆمار، مافی ئەوەی هەیە خۆی بۆ خولێكی تریش كاندید بكاتەوەو هەتا ساڵی 2023 سەرۆك كۆمار بێت.

- ئەردۆغان خەونی ئەوەی هەیە هەتا ساڵی ٢٠٢٣ وەك سەرۆكێكی خاوەن دەسەڵاتی رەها بەسەر توركیاوە بمێنێتەوە بۆئەوەی یۆبێلی زێڕینی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیا لەسەر دەستی خۆی رابگەیەنێت، دیارە ئەوەش پێویستی بە دەستكاریكردنی دەستورو سیستمی سیاسی توركیا هەیە، بۆ ئەمەش بەر لە هەر شتێك پێویستی بەوەیە سیستمەكە بكاتە سەرۆكایەتی بۆئەوەی كاریگەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بەسەر بڕیارە تاكڕەوییەكانییەوە كەمبكاتەوە.

- لە هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی توركیادا، پارتەكەی ئەردۆغان (AKP) نەیتوانیوە 367 كورسی پەرلەمان بباتەوە، زۆرترین ژمارەی كورسی كە ئەو پارتە بردبێتیەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2002دا بوو، كە 363 كورسی بردەوە، ئەویش لەبەرئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا 16 پارتی سیاسی نەگەیشتنە رێژەی 10%ی دەنگەكان، كە دووان لەوانە نزیك بە رێژەی بەربەستەكەیان هێنابوو: پارتی (رێگەی راست- DYP) رێژەی (9.5%) و پارتی (بزوتنەوەی نەتەوەپەرست - MHP) رێژەی (8.4%)ی كۆی دەنگەكانی توركیای بەدەستهێنابوو.

- گرەوی بردنەوەی 367 كورسی لەلایەن پارتی (AKP)ەوە وەستاوەتە سەر ئەوەی كە (HDP) رێژەی (10%)ی دەنگەكانی توركیا بەدەستنەهێنێت، چونكە لەوكاتەدا زۆربەی دەنگەكانی هەدەپە لەناوچە كوردییەكاندا دەچێت بۆ ئەكەپە، بەڵام لەبارێكدا كە (HDP) ئەو رێژەیە تێبپەڕێنێت، ئەوا زەرەرمەندی یەكەم پارتی (AKP) دەبێت، لەبەرئەوەی ژمارەی كورسییەكانی ئەو پارتە، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2011، زۆر دێتەخوارو بە تەنیا ناتوانێت لەناو پەرلەماندا دەستوری توركیا هەمواربكاتەوەو سیستمەكە بكاتە سەرۆكایەتی، هاوكات دەنگی پارتە كوردەكانی وەك (هاكپار)و (هوداپار)و پارتە توركە بچووكەكانی تریش، لە زۆربەی شارە كوردییەكاندا، بۆ هەدەپە دەگەڕێتەوە!.

ئارام جەمال

بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن KIE

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure