سنور ميديا
154 جار بینراوە 14/1/2020 03:35 PM

لە سلێمانی دژی خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان گردبوونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو



سنور ميديا 

له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان، گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان به‌ڕێوه‌چوو.

 

به‌شێك له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی كوردستان، گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له‌ دژی خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان ئه‌نجامداو یاداشتێكیان ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كرد.

 

له‌ یاداشته‌كه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان كه‌مبكرێته‌وه‌و خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی زیاد بكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌مترین خانه‌نشینی له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و زۆرترین خانه‌شینیش سێ ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.

 

هه‌روه‌ها له‌ یاداشته‌كه‌دا داوا ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پۆستی پله‌ باڵا وه‌رده‌گرن و دوای كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوویان و خانه‌نشین نه‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوایان كرد دامه‌زراندنی خوێندكارانی زانكۆو په‌یمانگاكان به‌پێی رێكاره‌ یاساییه‌كان و دوور له‌خزمایه‌تی و واسته‌ بێت و ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێت به‌ خوێندكاران.

 

دەقی یاداشتەکە:


یاداشتی هاوڵاتیان سلێمانی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان

 

ئێمە وەك بەشێك لە هاوڵاتیان لە هەموو چین و توێژەكان پشتگیری هەموو هەنگاوێكی چاكسازی دەكەین چاكسازییەك ببێتە مایەی بەدیهاتنی دادپەروەری لە نێوان مووچە خۆرانی هەرێم كە جیاوازی نەكرێت لە نێوان پلە باڵاكان و فەرمانبەرێكی ئاسایی، ئەم چاكسازییەی ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت وەك ئاشكرایە له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی په‌رله‌مانتاران و کۆی پلە باڵاکان (وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، راوێژکاران، دادوەرو داواکاری گشتی)دایە‌.

 

ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ئاستی قۆناغه‌كه‌ و داواكاری خه‌ڵك بوایه‌و ره‌چاوی سه‌دان هه‌زار ده‌رچووی دانه‌مه‌زراوی بكردایه‌و چاره‌سه‌ری دامه‌زراندن و هه‌لی كارو توڕه‌یی خه‌ڵكی بكردایه‌، دیاریكردنی‌ مووچه‌یه‌كی خانه‌نشینی زۆر بە یاسا بۆ كه‌سانێك كه‌ دوو یان سێ و چوار ساڵ ده‌بنه‌ په‌رله‌مانتار یان وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارو دادوه‌رو ده‌واكاری گشتی... دەبێتە كارەسات بۆ داهاتی نەوەكانی دواتر بە شێوەیەك كە داهاتی هەرێم تەنها بەشی مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان بێت بۆیە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری ئەم داواكارییانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێم.

 

1- نەهێشتنی خانەنشینی پلەباڵاکان لەهەموو سێکتەرەکان (سەرۆکایەتییەکان، پەرلەمانتار، وەزیر، راوێژکار، دادوەرو داواکاری گشتی) و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوویان، بەڵام ئه‌وانه‌ی خانه‌نشین ده‌كرێن بەپێی تەمەن و خزمەت بێ كە هیچ نەبێت چوار بۆ پێنج خول لە حكومەتدا پلەی وەزیفی بە ڕێ بكات جا پەرلەمانتار یان وەزیر یان هەر پلەیەكی تری هەبێت، یاخود یاسای خانەنشینی هاوشێوه‌ی عیراق بكرێت.

 

2- کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان لەکاتی دەوامکردن، لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێ، ئەوەش لەپێناو داد پەروەری مووچە لەکوردستان.

 

3- بڕینی مووچەی هەموو ئەوانەی بەنایاسایی خانەنشینکراون، وەک سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکان کە دەیان ساڵە مووچەی وەزیری وەردەگرن.

 

4- رێكخستنی خانەنشینی پلەی سەربازی (پێشمەرگە) كە بە سەدان كەس مووچەی خانەنشینی زەبەلاح وەردەگرێت و رۆژێكیش سەربازی (پشمەرگایەتی) نە كردووە.

 

5- گەڕاندنەوەی سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیر و مدیر عام و راوێژكار... بۆ سەركارەكانی پێشتریان دوای تەواو بوونی كاری حكومەت و خانەنشین نەكرێن بە پلەی پەرلەمانتار و وەزیر و مدیر عام و راوێژكار...

 

6- كەمترین مووچەی خانەنشینی، بەپێی تەمەنی یاسایی خانەنشینی 500 هەزار دینار بێت و زۆرترینی 2.5 ملیۆن دینار.

 

هاوڵاتیانی دڵسۆزی كوردستان و چاكسازی حه‌قیقی
2019/1/14

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure