لاهور شێخ جه‌نگى
330 جار بینراوە 27/12/2019 08:27 PM

لاهور شێخ جه‌نگی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌



سنور ميديا 

لاهور شێخ جه‌نگی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی كۆتایی هاتنی كاره‌كانی كۆنگره‌ی چواره‌می حزبه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی تێپه‌ڕی، رووداوێكی تێنه‌په‌ڕه‌ و له‌ مێژووی هه‌موو یه‌كێتییه‌كی دڵسۆز و هه‌موو كوردێكی سه‌ربه‌رزدا، به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

شه‌ره‌ف و شانازی ئه‌وه‌م پێبڕاوه‌، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانتان لێ بكه‌م. و مژده‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی یه‌كێتیتان، له‌ باسكه‌ڕێی هه‌ڵدێرێكی سه‌خت، به‌ سه‌لامه‌تی، پێ رابگه‌یه‌نم. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌، به‌بێ له‌خۆبوردوویی، پشوو درێژی، تێكۆشان و ماندوبوونی سه‌دان و هه‌زاران كادر و ئه‌ندامی دڵسۆزی یه‌كێتی به‌دی نه‌ده‌هات. به‌بێ هه‌ستكردن به‌ هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌، و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی، له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌، ئه‌سته‌م بوو مه‌ترسییه‌كان تێبپه‌ڕێنرێن و، ئه‌سته‌متر بوو، كه‌ بكرێن به‌ ده‌رفه‌ت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، سوپاسی سه‌ركرده‌ تێكۆشه‌ره‌كانمان ده‌كه‌م كه‌ هه‌ڵوێستیان بۆ رێگه‌دان به‌ نوێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی، و پشتیوانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان، مێژووییه‌ و ئه‌وه‌ی كردیان ئه‌زمونێكی ده‌گمه‌نه‌ له‌ كایه‌ی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، و شایانی پیاهه‌ڵدان و رێز و ته‌قدیره‌.

 

بۆیه‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م. له‌گه‌ڵ ئێوه‌، و به‌ناوی زۆرینه‌ی هه‌ڤاڵانی ناو كۆنگره‌، ده‌ره‌وه‌ی كۆنگره‌، كادر و ئه‌ندام و لایه‌نگر و دۆستانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، مژده‌ و به‌ڵێن ده‌ده‌م به‌ رۆحی به‌رزی‌ مام جه‌لال و شه‌هیدانی یه‌كێتی، و ته‌واوی شه‌هیدانی رێی رزگاریی كوردستان كه‌ پابه‌ندم به‌و ئه‌مانه‌ته‌ گرنگ و ئه‌ركه‌ مێژوییه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌رشانمان. دڵنیابن چۆن پێش كۆنگره‌، وره‌ و وزه‌ی یه‌كێتیبوونمان جۆش ‌دا، چۆن به‌رگریمان ‌كرد له‌ ناسنامه‌ و بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و نیشتمانیی یه‌كێتی، و چۆن كۆسپ و كۆست و پیلانه‌كان نه‌یانخستین، به‌هه‌مانشێوه‌، پاراستنی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی و كۆده‌نگی له‌ دروستكردنی بڕیار و دنیابینی بۆ یه‌كێتی، و هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانی یه‌كڕیزی نیشتمانی ده‌كه‌ینه‌ دیاری ده‌ستمان بۆ خه‌ڵكی كوردستان. كه‌ شایسته‌ن له‌ سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان، دڵسۆزی كارمه‌ند و كادران و، ماندوبوون و پشوودرێژیی خۆیان، سه‌ربه‌رز بژین. ئازا و ئازاد و پارێزراو بن. برسی نه‌بن. و خۆنه‌ویستانه‌ به‌شداربن له‌ خه‌بات بۆ هێنانه‌ دی مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌له‌كه‌مان.

 

ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی تێپه‌ڕی، رووداوێكی تێنه‌په‌ڕه‌ و له‌ مێژووی هه‌موو یه‌كێتییه‌كی دڵسۆز و هه‌موو كوردێكی سه‌ربه‌رزدا، به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌. تێنه‌په‌ڕه‌، چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی گواستنه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌كات له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی پێگه‌یشتووتر. یه‌كێتییه‌كی به‌هێز و نوێ، به‌ رێكخستنه‌كان و به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ناسێنێت، كه سه‌دان پۆل سه‌ركرده‌ و كادری له‌ خۆبوردوو، رێبه‌رایه‌تی هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كانی قۆناغی ئاینده‌ی ده‌كه‌ن.

 

ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای كۆنگره‌، به‌ روئیا و دنیابینی كراوه‌ و خزمه‌تگوزاره‌وه‌، هاتوینه‌ته‌ به‌رده‌متان و، ئه‌وپه‌ڕی توانا به‌كارده‌هێنین تا سه‌قامگیری گشتی، ئاشتی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رفه‌تی یه‌كسانی ئابوری و بنیادنانه‌وه‌، بوژانه‌وه‌ و ژیاندنه‌وه‌ی گۆشه‌ تاریكه‌كانی قۆناغی رابردوومان ده‌ست پێ بكه‌ین. ئێمه‌ هاتووین یه‌كێتیبوون بكه‌ین به‌ شانازی خۆمان و بۆ ئێوه‌ش كه‌ دڵنیام ده‌بن به‌ هه‌ڤاڵی دڵسۆزی رێبازه‌كه‌ی.


یه‌كێتی نوێ، یه‌كێتی هه‌موو تێكۆشه‌رێكه له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی، له‌ هه‌رجێیه‌ك كه‌ خولیا و خه‌بات بۆ ئاینده‌ی باشتر له‌ئارادا بێت، یه‌كێتی نوێ له‌وێیه‌. ئاگادارم كه‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی له‌ قۆناغه‌كانی رابردووی ژیانیا، هه‌وراز و نشێو، سه‌ركه‌وتن و كه‌موكوڕی و، قۆناغی كورتهێنان و گه‌شانه‌وه‌ی بڕیوه‌. دڵنیام یه‌كێتییش له‌مێژووی خۆی دا، هه‌نگاوی دروست و هه‌ڵه‌شی هه‌بووه‌. ئێمه‌ لێره‌ین تا دان بنێن به‌ هه‌ڵه‌كاندا و، كاربكه‌ین تا راستیان بكه‌ینه‌وه‌.

 

ئێمه‌ لێره‌ین تا ده‌رفه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا و یاسا سه‌روه‌ریی، بڕه‌خسێنین. تا سیستمی بیرۆكراتیی بێ لایه‌ن و ره‌چاوكاری به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی، له‌ قوڵایی داموده‌زگا ئیدارییه‌كانی كوردستان دا بچه‌سپێنین. لێره‌ین تا خه‌بات بكه‌ین بۆ دابینكردنی بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و كولتوری له‌ جوگرافیا و ژینگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستاندا.

 

لێره‌شه‌وه‌، یه‌كێتی نوێ، به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ناو دیرۆكی تیكۆشانی كوردستان دا ده‌ستپێ ده‌كات.


به‌هیواوه‌ لێره‌ین. باوه‌ڕمان به‌ توانای تاك به‌ تاكی ئه‌م گه‌له‌ زوڵملێكراوه‌ هه‌یه،‌ كه‌ باری لاری سه‌رشانی راست بكاته‌وه‌ و بێ دوو دڵی، هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بنێت. له‌م رێبازه‌دا، كه‌ مام و هه‌ڤاڵی كۆچكردوومان، مام جه‌لال نه‌خشه‌كه‌ی بۆ كێشاوه‌، هیچ كه‌سێمان لێ زیاد نییه‌. و ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌ر دۆستێك كه‌ بیه‌وێت له‌رێی یه‌كێتییه‌وه‌، خزمه‌تی ئه‌م كوردستانه‌ نازداره‌ بكات.

ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو تاك و حزب و لایه‌ن و جوڵانه‌وه‌یه‌ك كه ‌له‌سه‌ر پرنسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌كێتی، باوه‌ڕدار به‌ ئازادی راده‌ربڕین و ئازادییه‌ سیاسییه‌كان، پشتیوان له‌ دیموكراسی، پارێزه‌ر بۆ مافی مرۆڤ و خه‌باتكار بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین، ده‌ست له‌ناو ده‌ست تێبكۆشین له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی باشتر.

 

ئێمه‌ لێره‌ین. به‌ گوڕ و تین و گه‌موگوڕی و تواناوه‌، بۆ هاوسه‌نگ كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان. یه‌كێتی به‌مافی خه‌ڵكی كوردستانی ده‌زانێت كه‌ خه‌بات بكات له‌ پێناو هێنانه‌ دی ده‌سه‌ڵاتێكی هاوسه‌نگ و خزمه‌تگوزار و دیموكرات له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵدا.

 

ئێمه‌ لێره‌ین. تا پێكه‌وه‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌هێز بكه‌ین. لێره‌ نین بۆ داكۆكی كردن له‌ مافی ده‌سته‌یه‌ك گه‌نده‌ڵ. لێره‌ نین بۆ درێژه‌دان به‌ ژیانی تایبه‌تی به‌رپرسان. لێره‌نین بۆ پیرۆزكردنی جیاوازییه‌كان. به‌ڵكو لێره‌ین تا جیاوازی له‌نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، كادر و به‌رپرس كه‌مبكه‌ینه‌وه‌. لێره‌ین تا رێ له‌ گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌گه‌ری و قاچاغ و سیخوڕی بگرین و به‌ یاسا و به‌ هێزی گه‌ل، روبه‌ڕووی خراپه‌كاری و نادادپه‌روه‌رییه‌كان ببینه‌وه‌.

 

لێره‌ین. تا لاو و گه‌نجه‌كانمان له‌ هه‌ڵدێر بپارێزین. هیوایان پێ بده‌ین. تا ده‌رفه‌تی كار و پیشه‌وه‌ری و بازاڕ بۆ هه‌مووان، بێ جیاوازی، بڕه‌خسێنین. لێره‌ین تا خزمه‌تگوزاریی گشتی، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌، رێگه‌وبان، و پێویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان، دابین بكه‌ین. ئه‌ركی ئێمه‌یه‌، وه‌كو حزب و وه‌كو به‌شداری سه‌ره‌كی له‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌روازه‌ی گه‌یشتن به‌ ئاستی به‌رزی بژێوی، بۆ ئێوه‌ بدۆزینه‌وه‌ و دابینی بكه‌ین.

 

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای كۆنگره‌، باشكردنی ژیانی ئێوه‌، به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی ده‌زانێت و ده‌بێت و به‌رپرسیاره‌، كه‌ خه‌باتی بۆ بكات. ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كێتیی نوێ ده‌كرێت كه‌ له‌ كۆنگره‌، په‌یڕه‌و و په‌یكه‌ر و كادره‌كانی دیاری كران.

 

لێره‌ین، تا وه‌كو حزبێكی سۆشیاڵ دیموكرات، ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خێزانه‌كان، بۆ خاوه‌ن پێدوایستییه‌كان، بۆ هاونیشتمانیان دابین بكه‌ین. یه‌كێتییه‌كی رێكخراو و یه‌كده‌نگ و به‌هێز، ده‌توانێت له‌ حكومه‌تێكی به‌هێزدا، ئه‌م داواكاریانه‌ جێ بكاته‌وه‌ و بیسه‌پێنێت.

 

ئێمه‌ لێره‌ین تا كۆده‌نگ بین. له‌گه‌ڵ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌دوای په‌یوه‌ندی ته‌ندروست دا ده‌گه‌ڕێن و هه‌رهێزێكی سیاسی، بۆ بنیادنانه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵمان بێت، ده‌ستی هاوكاریی ده‌ده‌ینێ. له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌، درێژه‌ پێ ده‌ده‌ین. و له‌گه‌ڵ وڵاتانی پیشكه‌وتووی جیهان، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان، تێده‌كۆشین.

 

هه‌موو لێره‌ین تا ده‌ستپێشخه‌ر بین. بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان. له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌سازێین له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان، به‌ڵام سازش ناكه‌ین له‌سه‌ر ماف و ده‌سكه‌وته‌كانمان كه‌ به‌خوێنی ده‌یان هه‌زار قوربانی به‌ده‌ست هاتوون. یه‌كێتیی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پارێزگاری كردن له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، له‌ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، و له‌ خاوه‌ندارێتی كردن له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و، خه‌بات ده‌كات بۆ زه‌مانه‌تكردنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كوردستانیبوونی چاره‌نووسیان.

 

ئه‌م رێگه‌یش كه‌ ئێمه‌ گرتومانه‌ته‌ به‌ر، بێ یاوه‌ریی هه‌موو ئه‌ندامه‌ راسته‌قینه‌ و دڵسۆزه‌كانی یه‌كێتی، بێ یه‌كدڵی و یه‌كڕیزی نێوان ده‌رچووان و ده‌ره‌وه‌ی، بێ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی، ناگاته‌ ئه‌نجام. یه‌كێتی به‌ هه‌مووتانه‌وه‌‌ پته‌و و یه‌كێتییه‌. دڵنیابن كه‌ ده‌رگای حزب و ده‌رگای دڵمان هه‌میشه‌ بۆ ئێوه‌ كراوه‌یه‌. چاوی هیوا و ده‌ستی ماندوو و بیری تیژ و شكۆی به‌رزی كوردایه‌تی و هه‌ڵۆی چنگ به‌گڕی هێز و كۆتری ئاشتی و ئه‌م یه‌كێتییه‌ی كه‌ هه‌مانه‌، هی ئێوه‌یه‌.

 

له‌ كۆتایی دا ده‌مه‌وێت بڵێم كه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ و سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ومانان له‌ كه‌ركوك، په‌یامێكی روون و پشتیوانییه‌كی مێژووییه،‌ كه‌ خه‌ڵكی قاره‌مانی كه‌ركوك به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ناو یه‌كێتییشدا، به‌ ئێمه‌ی كادرێكی دڵسۆزی خۆی به‌خشی. سه‌ركه‌وتن له‌ كه‌ركوك، كۆتایی هێنا به‌ هه‌موو واته‌واته‌ سیاسییه‌كان و، سه‌لماندی كه‌ فیداكاریی ئێمه‌ بۆ كه‌ركوك، فیداكردنی ناوبانگی سیاسی و خوێن و گیانمانه‌‌ و، زۆر قوڵتر له‌وه‌ی نه‌یاران چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، رۆچۆته‌ ناو خاك و دڵ و گیانیانه‌وه‌. بۆیه‌ تا كوردێك له‌ كه‌ركوك مابێت، یه‌كێتی ده‌مێنێت و تا یه‌كێتییش بمێنێت، به‌رگری ده‌كات له‌ كه‌ركوك و ته‌واوی خاك و خه‌ڵكی كوردستان.

 

سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ رۆحی به‌رزی مام جه‌لال، بۆ شه‌هیدانی یه‌كێتی و ته‌واوی شه‌هیدانی رێی رزگاری كوردستان داده‌نه‌وێنم.

 

پیرۆزبایی له‌ یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ده‌كه‌م بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ و به‌ڵێن ده‌ده‌م به‌ تاك به‌ تاك و ماڵ به‌ ماڵ و گوند به‌ گوند و شار به‌ شاری ئه‌م كوردستانه‌ و هه‌رجێیه‌ك كه‌ كوردستانییه‌كی لێ بێت، كه‌ یه‌كێتییه‌كه‌تان، یه‌كێتییه‌كی نوێ ده‌بێت، یه‌كێتیی هه‌مووتان ده‌بێت، له‌ ده‌ستێكی ئه‌میندا ده‌بێت و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كاندا، بۆ چاكه‌ی گشتی، بۆ خه‌ڵك، بۆ ئێوه‌ خه‌بات بكات.

لاهور شێخ جه‌نگی
27-12-2019

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure