ساڵحژاژڵه‌یی
596 جار بینراوە 14/12/2019 03:15 PM

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەبوو یان کاردانەوە؟!



بەشی‌ سێیەم


لە كۆتایی بەشی‌ دووەمی‌ ئەم نوسینەمدا باسی‌ خاوەندارێتی‌ كۆمپانیای‌ وشەم كرد. لە راستیدا دەریشكەوت كە هەر لەسەرەتای‌ دروستبونی‌ كۆمپانیای‌ وشەوە كاك نەوشیروان بەرنامەی‌ داناوە كە دوای‌ خۆی‌ ببیتە موڵكی‌ كورەكانی‌. پێش ئەوەی‌ وەفاتیش بكات نەیشاردۆتەوەو بە ئاشكرا وتویەتی‌ كۆمپانیای‌ وشە موڵكی‌ خۆم و كوڕەكانمە. شایەتیش هەیەو لە ژیانیشدا ماوە.
دوای‌ وەفاتی‌ كاك نەوشیروان بە ماوەیەكی‌ زۆر كورت كوڕەكانی كۆمپانیای‌ وشەیان خستە سەرخۆیان. كۆمپانیای‌ وشە ئەم بەشانەیە:


1- گردی‌ زەرگەتە بە تەلەفزیۆن و سایتی‌ ئەلكترۆنی‌ و هەموو بیناكان كە لەسەری‌ دروستكراون. 2- تەلاری‌ چاودێری‌ دارایی. 3- پشكەكانی‌ سۆپەرمەركێتی‌ میترۆ. 4- پشكەكانی‌ كۆمپانیای‌ چیمەنتۆی‌ گاسن. 5- بینای‌ هەموو مەكۆكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە هەموو شار و شارۆچكەكان كە بە پارەی‌ ژمارەیەك لەو دەوڵەمەندانەی‌ هاوكاری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیان كرد كراون.
دوای‌ وەفاتی‌ كاك نەوشیروان بە ماوەیەكی‌ زۆر كورت. دەستیان گرت بەسەر تەلەفزیۆنەكەداو خۆیان بەڕێوەبەر و ستافی‌ تایبەتیان بۆ دانا بەبێ‌ پرس و را بە خانەی‌ راپەڕاندن و رێكخەری گشتی. ئەوەش مانای‌ وایەكە بە موڵكی‌ خۆیانی‌ ئەزانن و چۆنیان بوێت وای‌ لێ‌ ئەكەن. لە ئێستادا بەتەواوی‌ تەلەفزیۆنەكەیان داخست و كارمەندەكانیان ناردە ماڵەوە. بەڵام دەستبەسەراگرتنی‌ هەموو موڵك و ماڵی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئەوەندەی‌ تر جەماوەری‌ گۆڕانی‌ رەنج بە خەسار كردو تروسكایی لەدڵدا كوژاندنەوە.


لەو كاتەوە كە دەنگو باسی تاپۆكردنی كومپانیای وشە لەسەر كورەكانی كاك نەوشیروان هاتووەتە كایەوەو بووەتە قسەو باسی ناو گۆرانخوازان، تا ئێستا جەندین جار داویان لێكراوە با لە رێگای تەلەفزیونەكەوە رونكردنەوەیەك بدەن و گۆرانخوازان دڵنیابكەنەوە لە راستی و دروستی ئەو قسەو باسانە . بەڵام تا ئیستا كەم تازۆر یەك قسەیان نەكردوە، چونكە هیچ وەڵامێكیان پێ نییە . واتە نایانەوێت قسە لەسەر ئەوە بكەن و بە موڵكی خۆیانی ئەزانن . كەواتە نابی پێیان ناخۆشبێت كە ئەڵێن كاك نەوشیروان كۆمپانیای وشەی كردووەتە موڵكی كورەكانی . ئەگەر ئەم قسەو باسانە راستنین با بفەرمون بڵێن ئەوە موڵكی بزوتنەوەی گۆرانەو وەرن لەسەر كێی تاپۆ دەكەن بیكەن .


بەڕاستی‌ ئەوەی‌ پێشتر كاك نەوشیروانی‌ ناسیبێت. هەرگیز رۆژێ‌ لە رۆژان بڕوای‌ نەئەكرد كاری‌ لەو شێوەیە بكات و هەموو رابوردوی‌ سیاسی‌ خۆی سفر‌ بكاتەوە . خومەینی‌ كاتی‌ خۆی‌ لە ناچاریدا بڕیاری‌ دا شەڕ لەگەڵ سەدام بوەستێنێت، چونكە توانای‌ شەڕیان نەمابو. لە كاتی‌ بڕیاردانەكەدا ئەڵێت: ئەم بڕیارە بۆ من وەكو ئەوە وایە پیاڵەیەك ژەهر بخۆمەوە.
لە راستیدا هەوڵدانی‌ كاك نەوشیروان بۆ تاپۆكردنی‌ موڵك و ماڵی‌ گۆڕان لە سەر منالەكانی‌ بە بە راورد لەگەڵ خەباتی‌ رابوردوی‌. وەكو خواردنەوەی‌ پیاڵە ژەهرەكەی‌ خومەینی‌ وایە.
بەڵام دوو جیاوازی‌ زۆر گرنگ هەیە یەكەم: ‌ خومەینی‌ پیاڵە ژەهرەكەی‌ لە پێناوی‌ میللەتەكەیدا خواردەوە. دووەم: خومەینی‌ لە ناچاریدا پیاڵە‌ ژەهەرەكەی‌ خواردەوە. بەڵام كاك نەوشیروان بەپێچەوانەی‌ خومەینییەوە بە ئارەزو و ویستی‌ خۆی‌ ئەمەی‌ كرد نەك بە ناچاری‌ و بۆ بەرژەوەندی ‌چیاو نما ئەم كارەی‌ كرد نەك بۆ گۆڕانخوازان. لە لەوەش خراپتر ئەوەبوو كە دوای‌ خۆی‌ كوڕەكانی‌ رۆڵی زۆر نەرێنیان نواندو ئەوەندەی‌ تر جەماوەری‌ گۆڕانیان بێ ئومێد كرد.


لە ئێستاشدا یەكیتی پارتی‌ بە عەمدی‌ مامەڵەی‌ تایبەتی‌ لەگەڵ كوڕەكانی‌ ئەكەن لەپشتی‌ پەردەوە بەبێ ئاگاداری‌ خانەی‌ راپەڕاندن بۆ ئەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان جارێكی‌ تر نەتواننێت باسی‌ بنەماڵەی‌ بارزانی‌ و تاڵەبانی‌ بكات.


ئێستا‌ كوڕەكانی‌ كاك نەوشیروان خەریكی‌ بەدەستهێنانی‌ بەرژەوەندی‌ مادی‌ خۆیانن و بزوتنەوەی‌ گۆڕانیان بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان ئەوێت. نەك بۆ گۆڕێنی‌ سیستەمی‌ حوكمڕانی‌ كە پێشتر بانگەشە بۆ ئەوە ئەكرا. بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئێستا موڵكی‌ تایبەتی‌ خۆیانەو هەمو گۆڕانخوازان كرێچی‌ ئەوانن. با بڵێین مومتەلەكاتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان داهاتێكی‌ ئەو تۆی‌ نییە بۆ كوڕەكانی‌. بۆنمونە داهاتی‌ گردی‌ زەرگەتە چییە لە روی‌ مەعنەوییەوە نەبێت؟


ئەمە قسەیەكی‌ راستە بەڵام ئەوان لە ئێستادا هەڵگری‌ ناوی‌ حیزبەكەن و خاوەنی‌ راگەیاندنن و لەو‌ رێگایەیەشەوە خاوەنی‌ گۆڕانخوازانن. لە ئێستادا بزوتنەوەی‌ گۆڕان وەك كاڵایەك وایەو بازرگانی‌ پێوە ئەكرێـت و وەكو دەرئەكەوێت كاسبیەكە قازانجی‌ زۆری‌ هەیە بۆ ئەو كوڕانە. لە هەڵبژاردنی‌ ئەم دوایەی‌ خانەی‌ راپەڕاندنا كاریگەری‌ راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامەكەی هەبوە.
چیاو نما فەرمانی‌ سەرفكردنیان (الامر بالصرف)یان بەدەستە.


رێكخەری‌ گشتی‌ بەرپرسی‌ جێبەجێكردنه ‌و جڤاتەكانیش سەرۆك بەشن. ئەندامانی‌ خانەی‌ راپەڕاندنیش مەجلیسی‌ راوێژن. خەمە قورسەكە لەوەدایە بەڕێز رێكخەری‌ گشتی‌ بە نیوسەدە خەبات و ماندوبون و قوربانییەوە بەبێ‌ كوڕەكانی‌ رەوانشاد، كە هیچ پۆستێكی‌ فەڕمی‌ و حیزبییان نییە ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات.


دەستوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان هەر لەسەرەتاوە كێشەبوە بۆ بزوتنەوەكە و كەموكورتی‌ زۆری‌ تێدایە. هەتا كاك نەوشیروان خۆی‌ مابوو كێشە نەبوو. چونكە كاك نەوشیروان خۆی‌، یاسابوو،، دەستوور بوو خاوەنی‌ قسەی‌ كۆتایی بوو.


گوێی بۆ هەموان ئەگرت، بەڵام دواجار خۆی‌ چۆنی‌ بویستایە هەرئەوەی‌ ئەكرد و حسابی‌ بۆ كەس نەئەكرد. دیارە ئەم خەسڵەتانە تاكڕەوی‌ و خۆسەپاندن دێنێتە ئاراوەو‌ دژی‌ حیزبی‌ مۆدێرنە. بەڵام دوای‌ وەفاتی‌ كاك نەوشیروان كێشەو گرفتی‌ زۆر دروست بوو كە كاریگەری‌ خراپی‌ لەسەر بزوتنەوەكە هەبوو.


كاك نەوشیروان هەر لە سەرەتاوە گرنگی‌ زۆری‌ بەگەنجەكانداو هێنانیە پێشەوە و شاشەی‌ تەلەفزیۆنی‌ خستە خزمەتیان و كردنی‌ بە واجیهەی‌ بزوتنەوە كە. لە بەرامبەر ئەوەدا پشتی‌ كردە هاوڕێ و تێكۆشەرە دێرینەكانی‌ ئەوانەی‌ كە زۆرترین روڵیان بینی‌ لە دروستكردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا.


هەر بۆ وەبیر هێنانەوە كاك قادری‌ حاجی‌ عەلی‌ لە سەرەتای‌ دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانەوە كاری‌ كردوەو پشتیوانی‌ بوە. رۆڵێكی‌ بەرچاوی‌ هەبوە لە دروستكردنی‌ سایت و رادیۆو تەلەفزیۆنەكەدا لە گیرفانی‌ خۆی‌ هاوكاری‌ مادی‌ زۆری‌ كردوە. موچەی‌ خانەنشینی‌ 32 مانگی‌ خۆی‌ داوەتە نانبڕاوەكان. یارمەتی‌ زۆری‌ لە دۆستەكانی‌ بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕان كۆكردۆتەوە.


كاك عوسمانی‌ حاجی‌ محمود، كەسایەتییەكی‌ ناسراوی‌ كوردستان بە گشتی‌ و دەڤەری‌ گەرمیانە. خاوەنی‌ جەماوەر و دۆستی‌ زۆرە. تێكۆشەرێكی‌ شۆڕشی‌ نوێی گەلەكەمانە. كۆمەكی‌ زۆری‌ بۆ بزوتنەوەكە كۆكردۆتەوەو كۆمەكی نانبراوەكانیشی كردوە. پێش ئەوەی‌ بێتە دەرەوە كاك نەوشیروان شێخ محەمەدی‌ سەرگەڵوی‌ راسپاردوە كە هەوڵی‌ لەگەڵ بدەن بێتە ناو گۆڕانەوە و واز لە یەكێتی‌ بهێنێت. چونكە ئەگەر ئەو نەبێتە گۆڕان لە گەرمیان هیچمان پێ ناكرێت. بەڵام سەیرەكە لەوەدایە دوای ئەوەی بزوتنه وەكه كه وته سه رپێی خۆی كاك نەوشیروان هەمیشە ویستویەتی‌ ئەو دوو بەڕێزە پەڕاوێز بخات و بە لایەوە گرنگ نەبوە لەگەڵی‌ بن.


كەواتە جێی خۆیەتی‌ پرسیار بكەین بۆچی‌؟ بەبۆچونی‌ خۆم ئەمە وەڵامەكەیەتی‌: دیارە بۆی‌ دەركەوتوە هەتا ئەمانە لە نزیكی‌ ئەو بن و خاوەنی‌ قسەی‌ خۆیانبن ئەو ناتوانێت بە ئارەزوی‌ خۆی‌ هەموو بڕیارێك بدات. كەواتە لە پێناوی‌ بەرژەوەندی‌ خۆیدا. دوو كۆڵەكەی‌ گەورەی‌ بزوتنەوەكەی‌ وەلاناوە.


لە بەرامبەر ئەمانەدا زوربەی‌ بەناو گەنجەكان ‌ كرانە واجیهەی‌ بزوتنەوەكە و پۆستیان پێدرا. تەنانەت هەندێكیان ئەگەر پۆستیان دەست نەكەوتایە ئەكەوتنە رەخنەو گلەیی لە بزوتنەوەكەو تەنانەت كێشەیان ئەنایەوە. هەندێكی‌ تریش هەر زوو خۆیان بە پارتی‌ و یەكێتی‌ فرۆشت. هیچ حیزبێكی‌ سیاسی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا بەقەدەر بزوتنەوەی‌ گۆڕان خەڵكیان نەچونە ناو حیزبەكانی‌ ترەوە.
ئەوەش ئەنجامی‌ نەبونی‌ دامەزراوەی‌ حیزبی‌ بوە كە بەرنامەی‌ هەبێت و بەدواداچون بكات بۆ ئەو جەماوەرەی‌ گۆڕان و پۆڵینیان بكات و لەسەر ئەو بنەمایە پۆستیان پێ بدرێت، نەك بە هەڕەمەكی‌ و بە هۆی‌ خزمایەتی‌ و ناسیاوی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و میزاجی‌ شەخسییەوە.


كاك عوسمان و كاك قادر ئەمە كێشەكەیان بوو لەگەڵ كاك نەوشیروان. تێكۆشەرە دێرینەكان كە هیچ پلەو پۆستیان وەرنەگرت و هیچ بەرژەوەندییەكی‌ مادیشیان دەسكەوت نەبوو. بگرە هاوكاری‌ بزوتنەوەكەشیان ئەكرد تائێستاش ماونەوەو لە جاران گەرموگوڕترن.


كاك نەوشیروان لە دواییدا هەستی‌ كرد كە هەڵەیەكی‌ گەورەی‌ كردوە، لای‌ كەسێك كە لە ژیاندا ماوە وتوبوی‌ ویستومە رێگایەكی‌ تازە بۆ كاركردن بگرمەبەرو گەنجەكان پێشخەم. بەڵام بۆم دەركەوت ئەمانە خەریكی‌ بەرژەوەندی‌ خۆیان بون و بەهۆی‌ ئەمانەوە بەشیك لە هاوڕێ دێرینەكانیشم لەدەستدا. دیارە ئەمەی كە رویداوە بەرهەمی تاكرەوی و گوێنەگرتنە بۆ هاوڕێكانی.


حەز ئەكەم بە هەڵە لێم تێ نەگەن و وا نەزانن من دژی‌ گەنجم، چونكە گەنج هەمیشە گەورەترین سامانی‌ گەل و نیشتمانن و دواجار ئەوان بەرپرسیاریەتی‌ بەڕیوەبردنی‌ وڵاتیان ئەكەوێتە سەرشان.

راستیان وتوە (هەر دەوەنەو ئەبێ بەدار) بەڵام ئەبێ بەرنامە هەبێت بۆ پێگەیاندن و پەروەرده ‌كردنیان و لە هەمان كاتدا دلنیابون لەوەی ئایا كەسی شیاون بو شوینی شیاو ، جونكە تو بەرنامەت هەیە بۆ جاكسازی و گۆرینی سیستەمی حوكمرانی. ئایا ئەو كەسانەی ئەو پۆستەیان پیدەدریت ، ئەهلی ئەو كارەن؟. وەكو وتراوە كەس لە پڕێكا نابێت بە كوڕێك. مەترسییەكە لەوەدایە وەكو كاردانەوەیەك و بە مەبەست بۆ ئەوەی‌ هەمیشە خۆیان بە قەرزداری‌ بزانن و بۆ هەموو بریاریك ئامادەبن بیانكەیتە پێشەنگ و دواجار سەریش نەكەون.


خۆش ئەوەیە تا هەنوكەش رێكخەر و هاوڕێكانی‌ هەر لەسەر هەمان هەڵە بەردەوامن. بەڵام بە بارێكی‌ تردا ئەویش وادەو بەڵێن دانە بە هەندێك لە ئەندامانی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بۆ پۆستی‌ حكومەتی‌ بە مەرجی‌ دەنگدانیان بە رێكخەرو ئەوانەی‌ خۆیان بە باشیان ئەزانن. ئەم ئەتەكێتە لە حیزبایەتیدا دواكەوتوترین نمونەیەو ئەنجامی‌ خراپی‌ لێ ئەكەوێتەوە. ئەم ئەتەكێتە لەناو هەموو حیزبەكانی هەرێمی كوردستان پەیرەو دەكرێت و دیاردەی تەكەتول و تەكەتول كاری بەرهەمهێناوەو لە ئەنجامدا حیزبەكان مەركەزیەتیان لەدەست داوەو ئەوەتا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی مەترسیداردا گوزەر دەكات و بەرژەوەندی گشتی كەوتوتە بەر مەترسی گەورەوە .

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure