دانا مه‌نمى
432 جار بینراوە 17/11/2019 08:09 PM

ڕۆڵی مه‌سرور به‌رزانی و دۆخی پارتی له‌ سلێمانی



 

میكانیزم و رێكاره‌كانی پێدانی پله‌و پۆست به‌خشینه‌وه‌ی پارتی ماوه‌یه‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تی چینێكی به‌شخوراوی ناو پارتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ ، سروشتی هه‌ڵمه‌تی پله‌به‌خشینه‌وه‌ی پارتی نادادی زۆری پێوه‌ ده‌بینرێت و ناهاوسه‌نگی ناو ڕێكخستنه‌كانی پارتی لاسه‌نگ كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ چینێك هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ پله‌ی پێبه‌خشراوه‌ كه‌ شیاوی پێدانی پله‌به‌خشین نین ،جگه‌ له‌وه‌ی پێشینه‌ی هه‌ندێك له‌وانه‌ هێنده‌ ناشیرینه‌ مرۆڤ شه‌رم ده‌كات ئاوڕ لێبداته‌وه‌ ، جاران ڕێكخستنه‌كانی پارتی ڕێكخستن بوون به‌مانای ڕێكخستن زانیاری وردو درشتیان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی هه‌موو مرۆڤێك و هه‌موو پرس و هاوكێشه‌یه‌ك هه‌بوو ، مرۆڤی دڵسۆز و ڕاستگۆو به‌ ویژدانی تێدا بوو ، هه‌ڵسه‌نگاندن و توێژینه‌وه‌یان شیاوی ده‌ستخۆشی بوو چونكه‌ پێویستیان به‌ درۆو چه‌واشه‌كاری و هۆنینه‌وه‌ی بوختان نه‌بوو ، به‌ڵام ئیستا و دیمۆگرافیای رێكخستنه‌كانی پارتی گۆڕاوه‌ زۆر به‌ كه‌می به‌رپرسی راستگۆو هه‌قبێژو به‌ ویژدانی تێدا ده‌بینی ، به‌شێكی زۆری كاره‌كانیشیان له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌ بازنه‌ی درۆو چه‌واشه‌كاری و هۆنینه‌وه‌ی بوختاندا ده‌سورێته‌وه‌ .

 

شکستی پارتی لە سلێمانی شکستێکە لە ھەناوی خۆیدایە نەک لە دەرەوەی ھەناویدا ، مامه‌ڵه‌ی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی مامه‌ڵه‌ی ئاغاو مسكێنه‌ و ده‌یانه‌وێت باره‌گاكانی پارتی له‌ سلێمانی دیوه‌خانی ئاغایه‌تیان بۆ بگێریت و مسكێن بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی به‌رهه‌م بهێنێت ، مێژوی روانینی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی ڕوانینه‌ بۆ مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنی ، ئه‌و بارزانی و تۆ سۆرانی ، ئه‌وێك مافی هه‌یه‌ زوڵم و سته‌م بكات ،به‌ڵام تۆیه‌ك مافی به‌رگریت لێسه‌نراوه‌ته‌وه‌ ، باره‌گاكانی پارتی له‌ سلێمانی زیاتر له‌ كه‌مپێك ده‌چێت كه‌ پارتییه‌كانی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكی دلسۆزو كوڕو كچه‌ شه‌هیدیان له‌وه‌ خستووه‌ كه‌ خاوه‌ن ماف بن ،ژینگه‌ی ناو باره‌گاكانی پارتی ئازادی و ڕەخنەگرتنی تێدانییە و به‌رپرسانی پارتی له‌سه‌روی ڕه‌خنه‌ولە ھەوڵی دەستەمۆکردن و بەکۆیلەکردنی کادیراندان ، به‌رپرسانی پارتی ئەوەندەی بۆ خۆیان کەسوکارو کوتلەکانیان ئەژین ،ئەوەندە لە خەمی كادری چالاك و دڵسۆزو خەڵکی شارەزاو پسپۆڕته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و خه‌ڵكی ماندوودا نین .

 

به‌رپرسانی پارتی له‌ سلێمانی ده‌یانه‌وێت كادیرانی پارتی ببنه‌ كارگه‌یه‌ك بۆ ماكیاژكردنی سه‌رو سیمای ناشیرین و قیزه‌ونیان له‌په‌نای وێنه‌ی سێلفییه‌وه‌ رۆڵی سۆپه‌رمان ببڕن به‌ باڵایانداو ئه‌و عه‌قڵه‌ش وه‌گه‌رخه‌ن كه‌ به‌رپرسه‌ بێموراڵه‌كان وه‌گه‌ریان خستووه‌و بونه‌ته‌ هۆكاری شكستی پارتی له‌ سلێمانیدا ،ئه‌گه‌ر هه‌ر كادرێكی پارتی له‌ ناو باره‌گاكانی سلێمانیدا ته‌سلیم به‌م عه‌قڵ و لۆژیكه‌ی به‌رپرسان نه‌بیت جێگه‌ی نابیته‌وه‌و چه‌ند كادرێكی تری ناو باره‌گاكه‌ كه‌ بونه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی هه‌رزان به‌ده‌ست به‌پرسه‌كانه‌وه‌ به‌ لۆژیكی ئیرهابی فكری و زمانی ته‌خوین ڕوبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌و هه‌زارو یه‌ك تۆمه‌تیشی ده‌خه‌نه‌ پاڵ !

 

مه‌سروور به‌رزانی كوڕە گەوری مەسعود به‌رزانی سەرۆكی پارتییه‌ ،كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتوو به‌ جێگره‌وه‌ی بابی ده‌شوبهێندرێت، به‌ڵام كه‌سێكی داخراوه‌و ستافێكی وشك و بێموراڵ له‌ شارو شارۆچكه‌كان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، مه‌سروور به‌رزانی پێشتر له‌ ناو كه‌رتی ئه‌منی و هه‌واڵگریدا بووه‌ ، خاوه‌نی هه‌ژموون و بریاربووه‌ ، به‌هۆی پێگه‌ ئه‌منیی و هه‌واڵگرییه‌كه‌یه‌وه‌ ژینگه‌یه‌كی پڕ له‌ ترسی دروست كردووه‌ به‌ زه‌حمه‌ت كه‌سێك ده‌دۆزیته‌وه‌ كه‌ جورئه‌تی هه‌بێت ڕه‌خنه‌ی لێبگریت ، ترس هه‌م دیاردەیەکى سایکۆلۆژی-سۆسیۆلۆژییە،هه‌میش دیاردەیەکى سیاسییە، سیاسەت لە دونیای مه‌سرور به‌رزانی دا بووه‌ته‌ کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانى مرۆڤى ترساو، بێماف و پەراوێزخراو ، ئامانجیش له‌ دروستبوونی ژینگه‌ی ترس كۆنترۆڵ و دیسپیلینكردنی خواست و ویستی ئازادانه‌ی خه‌ڵكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ قسە وجووڵە و پڕچالاکیی مەدەنى دابماڵن بۆ مرۆڤێكی بێده‌نگ و بێ جوڵه‌و بێماف و وزه‌ .

 

هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گوزه‌رێت له‌ ناو پارتی دا گوزارشت له‌و راستیه‌ ئه‌كات كه‌ پێدانی پله‌وپۆست به‌خشینه‌وه‌ له‌ سلێمانی دۆخی خواری پارتی ڕاست ناكاته‌وه‌و نیگه‌رانییه‌كان زیاتر ده‌بن ، هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی پارتی له‌ سلێمانی باكیان نییه‌و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌به‌قێك هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هه‌موو ڕێبازه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا!

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure