گۆڕان
1152 جار بینراوە 17/11/2019 08:01 PM

سه‌ركرده‌يه‌كى گۆڕان وازهێنانى يه‌كجارى له‌ گۆڕان ڕاگه‌ياند



سنور ميديا 

ئارام شێخ محەمەد، هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبی‌و ئۆرگانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوە و وەك "سیاسییەكی سەربەخۆ" تەعبیر لە بۆچونەوەكانی خۆی ده‌كات.

 

ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ دره‌و میدیا له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكه‌وه‌ ده‌دوێت و ده‌ڵێت، "حكومەتەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كۆمەڵێك بڕیاریداوە بەئاڕاستەی ئەنجامدانی چاكسازی، وێڕایی ئەوەی دەیان بەرپرسی عێراق راپێچی بەردەم دادگاكان كراوە بە تۆمەتی گەندەڵی‌و لیستەكەش درێژەو هێشتا زۆری تریش ماوە لەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، هەمواركردن كابینەی وزاری‌و گۆڕینی وەزیرەكانیش یەكێكی ترە لە هەنگاوەكان‌و رەنگە (7 بۆ 9) وەزیری ئەم كابینەیە بگۆڕدرێن، پەرلەمانی عێراقیش هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ پەسەندكردنی ئەو یاسانەی حكومەت لەبەرژەوەندی خەڵكن، بەڵام بەداخەوە پێدەچێت كات درەنگ بێت‌و شەقامیش متمانەی بە زۆرێك لەهێزە سیاسییەكان نەمابێت".

 

باسی له‌وه‌شكردووه‌، "تائێستا هەموو ئەو هەنگاوانە نەیتوانیوە قەناعەت بە خۆپیشاندەران بكەن‌و كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بهێنن. شتێكی تر كە پێویستە بیڵێم ئەوەیە، ئەم خۆپیشاندانانەی كە ئێستا لە عێراق‌و چەندین وڵاتی تری ناوچەكە سەریانهەڵداوە، ئەنجامن نەك هۆكار، كاردانەوەن پێش ئەوەی كاربن، ئەنجامی كەڵكەبونی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و دابەشنەكردنی سامانی گشتییە بەسەر تاك‌و گروپە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەیەكی یەكسان. ئەوەی لە عێراق رودەدات بەرهەمی كەڵەكەبونی كێشەی چەندین ساڵ‌و پەنگخواردنەوەی كۆمەڵێك دەردی ئابوری‌و كۆمەڵایەتییە، كە خراپی ئەدائی سیاسی‌و ئیدارەدانی نازانستیانە سەرچاوەی نەهامەتییەكانێتی".

 

ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور عێراق رایگه‌یاندووه‌، "داواكاری گۆڕینی دەستور داواكارییەكی سیاسییە، خەڵكی هەلی كارو نان‌و ژیانێكی شەرەفمەندانەی ئەوێت، بەڕای من ئەم داواكارییە داواكاری كۆمەڵێك هێزی سیاسییەو لە داواكاری خەڵكیانەوە پێچاوە، ئەگەر حكومەتێكی رەشیدو خزمەتكاری خەڵك لە عێراق بوونی هەبێت، شەقام كێشەی دەستوری نییە، عێراق كێشەی دەستوری نییە، كێشەی ناعەدالەتی‌و گەورەبونی جیاوازی نێوان چینەكانی هەیە".

 

رونیشیكرده‌وه‌، "ئەگەر كێشەیەك لە دەستوردا هەبێت، ئەوا ئەوەیە جێبەجێناكرێت‌و هێزە دەسەڵاتدارەكان پابەندنابن پێوەی، ئەگینا دەستوری عێراق یەكێكە لە دەستورە پێشكەوتوو و مەدەنییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، پاشان دەستوری عێراق تەنها گریبەستێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی نییە لەنێوان دەسەڵات‌و خەڵك، دەستوری عێراق كۆدو كلیلی پاراستنی مافی هاوڵاتیبوون‌و مافە نەتەوەیی‌و ئاینی‌و هەموو جیاوازییەكانە، هەر دەستكاریكردنێك لاسەنگی دروستبكات‌و دەنگی رەنگێك بەسەر رەنگەكانی تردا زاڵبكات، ئەوا هەموارەكە لەبری ئەوەی هەنگاوێك بێت بە ئاڕاستەی چاكسازی، زیانی گەورەتر دەدات".

 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌وه‌ رای بزوتنەوەی گۆڕانە كە پشتیوانی لە دەستكاریكردنی دەستور ناكات؟ ئارام شێخ محەمەد وتی، "من ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبی‌و ئۆرگانیم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوەو وەك سیاسییەكی سەربەخۆ تەعبیر لە بۆچونەوەكانی خۆم دەكەم، نازانم ئەوان رایان چۆنەو چۆن بیر دەكەنەوە لەم مەسەلەیەدا، ئەتوانیت لە خۆیان بپرسیت".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure