مه‌سعود بارزانى
232 جار بینراوە 4/11/2019 07:04 PM

نوێترين هه‌ڵوێستى به‌رگرى كردنى بارزانى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى



سنور ميديا 

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، خەڵك مافی خۆیەتی داوای ژیانێکی ئاسوودە و سەربەرزانە بکات و ئەو ڕەوشەی بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك لێکەوتەی سیاسەتی هەڵەی ساڵانی ڕابردوویە و ناکرێ بەرپرسیارێتییەکەی بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق.

 

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لە سەلاحەدین لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كە لە ژمارەیەك كەسایەتی و نوخبەی ئەکادیمی و فەرهەنگیی عێراقی پێکهاتبوو له‌باره‌ی ره‌وشی ئێستای عێراقه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد.

 

بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "خەڵك مافی خۆیەتی داوای ژیانێکی ئاسوودە و سەربەرزانە بکات و ئەو ڕەوشەی بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك لێکەوتەی سیاسەتی هەڵەی ساڵانی ڕابردوویە و ناکرێ بەرپرسیارێتییەکەی بەتەنیا بخرێتە ئەستۆی سەرۆکوەزیرانی ئێستا و کابینەکەی، خەڵکانێك کە خۆیان هۆکاری کەموکوڕی و شکستەکانی ساڵانی ڕابردوون، ئێستا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بن".

 

بارزانی هەروەها ئاماژەی بە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و نەهامەتی و قوربانیدانی كورستان دا و ئەوەی خستەڕوو، "دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب و ڕەچاوكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە دامەزرا، بەڵام بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە 4500 گوندی وێران و 182 هەزار ئەنفال و بێسەروشوێنبوونی 12 هه‌زار گەنجی فەیلی و 8 هه‌زار بارزانی و كیمیابارانكردنی كوردستان بوو".

 

ئه‌وه‌شی وت، "لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، گەلی كوردستان دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەپێناو نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ و پێكهێنانی عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵ كە تێیدا مافی هەموو لایەك پارێزراو و جێگیر بێت، هەوڵی زۆریان دا. بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی فەرهەنگی هەڕەشە و بە پاشكۆدیتنی كورد و پێشێلكردنی شەراكەت، کەوتنەوە دژایەتیی گەلەکەمان و دەستوور پێشێل کرا و كار گەییشتە تۆڵەسەندنەوە و قووڵتربوونی تاییفەگەری و ئابلۆقەدانی پێشمەرگە و بڕینی بوودجە و لەشکرکێشی و پیلانگێڕان بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان".

 

بارزانی رونیشیكرده‌وه‌، "ئەگەر دەستووری ئێستای عێراق وەك خۆی جێبەجێ کرابا، زۆربەی کێشەکان ڕوویان نەدەدا و مافی هاووڵاتییان دەپارێزرا، بەڵام لە ئەنجامی پشتگوێ خستنی دەستوور و هەوڵدان بۆ تاکڕەوی و خۆسەپاندن، عێراق گەیشتۆتە ئەو دۆخە و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە نەهێشتنی هۆکارەکان هەیە".

 

بارزانی له‌باره‌ی گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غدا وتی، "گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و بەردەوامیشن، بە ڕاشکاوییش بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، ئەو داواکارییانەی بەناوی خۆپێشاندەرانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوکم و دەستکاریکردنی دەستوور دەخرێنە ڕوو، تا ئەو جێیە ڕەوا و قبوڵکراون کە دژی مافە دەستووری و شەرعییەکانی گەلی کوردستان نەبن و بنەما دیموکراسییەکانی تەوافوق و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure