مه‌لا كرێكار
306 جار بینراوە 28/10/2019 12:36 PM

دادگای نه‌رویج له‌ باره‌ی پرسی راده‌ستكردنی مه‌لا كرێكار به‌ ئیتاڵیا بڕیار ده‌دات



سنور ميديا 

خالید ره‌نجده‌ر، برای مه‌لا كرێكار رایگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ر كه‌یسی راده‌ستكردنی براكه‌ی به‌ ئیتاڵیا، دادگای تاوانه‌كانی نه‌رویج ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ دادگایی مه‌لا كرێكار ده‌كات.

 

ره‌نجده‌ر، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "دادگای تاوانەکانی ئۆسلۆ ئەمڕۆ و سبەینێی سێشه‌ممه‌ 28 و 29ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 ی دیاریکردووە بۆ سەیرکردنی مەرجەکانی رادەستکردنی مامۆستا کرێکار بە ئیتالیا".

 

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "پۆلیسی ئۆسلۆ راستەوخۆ دوای دەرچوونی بڕیاری دادگایەکی ئیتالی بە حکومدانی 12 ساڵ زیندانیکردن، یەکسەر هەڵیانکووتایە سەر ماڵی مامۆستا کرێکار و دەستگیریان کرد".

 

ئیتالیا لە 18ی تەممووزی ئەمساڵ داوای لە نەرویج کرد کە مه‌لا کرێکاری رادەست بکەن بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەی لە ئیتالیا. دوای دوو رۆژ لەو دەستگیرکردنە دادگای تاوانەکانی ئۆسلۆ بڕیاریدا مامۆستا کرێکار لە دەستبەسەریدا بمێنێتەوە تا رۆژی 8ی کانوونی یەکەم ئه‌مساڵ.

 

خالید ره‌نجده‌ر ئه‌وه‌شی وتووه‌: "برینیار مێلینگ، پارێزەرە نەرویجییەکەی مامۆستا کرێکار سكاڵای لەسەر دەستبەسەرکردنی مامۆستا کرێکار بەرزکردووەتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی ئۆسلۆ، بەڵام ئەو دادگایە لە 8ی ئابی ئەمساڵ سكاڵاکەی رەت کردووەتەوە".

 

به‌ وته‌ی ره‌نجده‌ر، دوێنی یەکشەممە میدیاکانی نەرویج هەوڵیان داوە پەیوەندی بە پارێزەرەکەی مه‌لا کرێکارەوە بکەن، بەڵام بەردەستیان نەکەوتووە، وەزارەتی داد و دەزگای هەواڵگریی نەرویجیش نەیانویستووە قسە لەسەر دادگاییکردنەکەی ئەمڕۆی مه‌لا کرێکار بکەن.

 

براكه‌ی مه‌لا كرێكار باسی له‌وه‌شكردووه‌، یاساناسانی نەرویج پێیانوایە رادەستکردنی کرێکار بە ئیتالیا پرۆسەیەکی دوورودرێژە و، ئەگەر دادگای ئۆسلۆ بڕیاری رادەستدانی مەلا کرێکار بدات بە ئیتالیا، پارێزەرەکەی کرێکار دەستبەجێ سکاڵای لەسەر دەکاتەوە و، دۆسییەکە دەبرێتە دادگای باڵای نەرویج.

 

"ئەگەر دادگای باڵاش هەمان رای دادگاکانی تری هەبوو، دۆسییەکە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دادی نەرویج لە رێگەی دادوەری گشتی نەرویجەوە. ئەو کاتە ئەو وەزارەتە بڕیار دەدات مامۆستا کرێکار رادەستی ئیتالیا بکات یان نا، ئەگەر پارێزەرەکەی سکاڵا لەسەر بڕیاری وەزارەتی دادی نەرویج بکاتەوە، دۆسییەکە دەچێتەوە بەردەمی ئەنجومەنی وەزیرانی نەرویج و، پاشای نەرویج لەوێ بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدات" خالید رەنجدەر وای نووسیوە.

 

رۆژی 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، ئەرنا سۆلبێرگ، سەرۆک وەزیرانی نەرویج سەردانی عیراقی کرد و لەگەڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ نەرویج ئەرنا سۆلبێرگ هیچ لێدوانێکی نەداوە.

 

خالید ره‌نجده‌ر، ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئێمە وەک کەسی مامۆستا کارێکار هیوادارین دادگای نەرویج دۆسییەکەی مامۆستا کرێکار نەکات بە قوربانیی ئەو گەمە سیاسییەی کە لە ساڵی 2012ەوە دەستی پێکردووە و، بە تۆمەتی جۆربەجۆر و دادگاییکردن هەوڵی دەرکردنی مامۆستا کرێکار دراوە لە نەرویج".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure