سنور ميديا
147 جار بینراوە 27/10/2019 03:56 PM

ئەفسەرێكی توركمان دەبێتە شوێنگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادی



سنور ميديا

دوای كوشتنی ئەبوبەكر بەغدای ڕێبەری رێكخراوی تیرۆریستی داعش، چاوەكان چوونەتە سەر جێگرەوەكەی، كە دوو مانگ پێش ئێستا بەغدادی بۆ شوێنگرەوەی خۆی دەستنیشانی كردبوو .

 

مانگی ئابری رابردوو، راگەیاندنی سەر بە ڕێكخراوی داعش رایانگەیاند، بەغدادی عەبدوڵڵا قەرداشی بۆ "شوێنگرەوە"ی خۆی وەك ڕێبەری رێكخراوی داعش دەستنیشان كردووە .

 

وەك باس دەكرێت ڕێبەری نوێی داعش "ئەبو عومەر قەرداش" بەرەچەڵەك توركمانییە و پێشتر و لەسەردەمی حوكمرانی سەددام حوسێندا ئەفسەر بووە، هەروەها خاوەن شارەزاییەكی زۆری رابەرایەتیكردنە لەناو ڕێكخستنە توندرەوەكان لەعێراق‌و سوریاو لوبنان .

 

سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەش دەكەن شوێنگرەوەی بەغدادی، كە نازناوی "وێرانكەر"ی لێنراوە، پێشتر لە گرتووخانەی "بۆكا" لەپارێزگای بەسرە زیندانی بووە، هەروەك لەناو ڕێكخراوی قاعیدەدا پۆستێكی شەرعی گشتی هەبووە و خۆشی دەرچووی كۆلێژی ئیمام ئەعزەمە لەشاری موسڵ .

ئەبو عومەر قەرداش پۆستی ئەمیری دیوانی ئاسایسی گشتی لەسوریا و عێراق وەرگرتووە، كە یەكێكە لە گرنگترین دیوانەكانی ناو دەوڵەتەكەی داعش و بەرپرس بووە لەپاراستنی فەرماندە و لەناوبردنی دوژمنانی داعش، جگە لەوەی سەرپەرشتی "دیوانی ستەملێكراوان"ی كردووە، كە لەناو ئیدارە خزمەتگوزارییەكانی داعش لەدوای دەستگتن بەسەر شارەكانی عێراق و سوریا دروستیكردبوو، جگە لەوەی پۆستی وەزیری بەرگری ڕیكخراوی داعشی وەرگرتووەو خۆی سەرپەرشتی پرۆسەكانی بۆمبرێژكردنی لەناو سوریا كردووە .

 

دوای ئەوەی داعش بیری لەوە كردەوە لقێكی رێكخراوەكە لەلوبنان دروست بكات، ئەبوبەكر بەغدادی بڕیاریدا وەك بەرپرسی رێكخراوەكە لەو وڵاتە دەستنیشانی بكات، بەڵام دواتر بیرۆكەكە سەری نەگرت و هەڵوەشایەوە.

 

ئەبو عومەر قەرداش لەدواین ڤیدیۆ، كە رێكخراوەكە بەناوی "میوانداریكردنی ئەمیری ئیمانداران" لە نیسانی ٢٠١٩ پەخشی كرد لەگەڵ بەغدادی دەركەوت .

 

جگە لەم پۆستانە، بەپێی بەڵگەنامەیەكی پێشووی ئەبو محەمەد حوسێنی هاشمی ئەندامی نووسینگەی لێكۆڵینەوە و فەتوادانی سەر بەداعش ئەبو عومەر قەرداش خۆی سەرپەرشتی شەرەكانی رەققەی كردووە .

لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو، ئەبو عەلی بەسری سەرۆكی "شانەی هەڵۆكان "ی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراق وتی: "بەغدادی" ئیستا لە سوریایە و بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو داعشانەی لە شەرەكاندا كوژراون هەندێ گۆرانكاری دەكات .

 

بەسری باسی لەوە كردبوو، كە بەغدادی چەند ئەندامێكی جەستەی تووشی ئیفلیجی بووە بەهۆی ئەو پارچە پەڵاسەی مووشەكەكان، كە بەر بڕبرەی پشتی كەوتووە لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەرەكانی لەناوچەی هەجین لەباشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سوریا پێش ئەوەی لەساڵی ٢٠١٨ رزگار بكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure