عادل عه‌بدلمه‌هدى
165 جار بینراوە 25/10/2019 08:56 AM

ناوه‌ڕۆكى په‌يامه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى



سنور ميديا 

سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند هەفتەی داهاتوو دوور لە پشكپشكێنە گۆڕانكاری لە پێكهاتەی حكومەتدا دەكەن و بەڵیێنیدا كە مووچەی لێپرسراوانیش بە رێژەی 50% كەمدەكەنەوە.

 

شەوی رابردو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عیراق بە بۆنەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان پەیامێكی ئاراستەی گەلی عیراق كرد  راگەیاند، رێگە لە گەندەڵی دەگرین و بەرپرسان دەخەینە ژێر چاودێری. بەیاسا رێگریی لە گرووپە چەکدارەکان دەکەین ببنە حیزب. لە گۆڕانکارییە حکومییەکاندا رەچاوی لێهاتوویی دەکەین و رووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەبینەوە.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیکدەکەینەوە، لەرێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی 130 هەزار دیناریی بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە.


بەشێک لەو خاڵانەی عادل عەبدولمەهدی لە گوتارەکەیدا بەڵێنی جێبەجێکردنی دا

 

- هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری وزاری دەکەین دوور لە پشک پشکێنە و جەخت لەسەر توانا و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەیی ژنان و گەنجان دەکەینەوە.

 

-حکومەت پشتگیری لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دامەزراندنی دادگای باڵا کردووە بۆ دادگاییکردنی گەندەڵکاران بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاشکرا گەندەڵکاران دادگایی بکەین.

 

- هەنگاوی سێیەم کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرسەکان دەبێت تاوەکو پلەی چوارەم لە سەرۆکایەتییەکان و پلە تایبەتییەکان و پەرلەمانتاران تاوەکو لە بەرزترین ئاستدا بگاتە نیوە.

 

- ئەو پارانەی کە دەبڕدرێن لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتیش هاوکار دەبێت بۆ دروستکردنی سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتی، تاوەکو هیچ عێراقییەک لەژێر هێڵی هەژاریدا نەمێنێت.

 

- ئەنجوومەنی وەزیران بەربژێر پێشکێش دەکات بۆ ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی و هەفتەی داهاتوو دەیداتە ئەنجوومەنی نوێنەران و پێویستە راستەوخۆ کاربکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای خزمەتی مەدەنی.

 

- هەرچوار سەرۆکایەتییەکە واژۆیانکردووە لە لیستێک کە ژمارەیەک پسپۆڕی تێدایە لە هەموو لایەنەکان وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکەی مەرجەعیەتی باڵا لە گوتارەکەیدا کە داوایکردبوو و گفتوگۆی زۆری لەبارەوە کراوە.

-رێککەوتن کراوە کەوا هەموو نووسینگەکانی سەرۆکایەتییەکان پێداچوونەوە بە رەوشی نووسینگەکان بکرێتەوە تاوەکو تێچووەکانیان کەمبکرێتەوە و تیمی نوێ هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتییەکان باشبکرێن.

 

- لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی یەکەم؛ ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەکەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنەکان دەنێرێتەوە بۆ پەرلەمان بەشێوەیەک کە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بگرێتەوە. کار دەکەین بۆ ئەوەی تەمەنی یاسایی دەنگدان کەمبکرێتەوە گەنجانێکی زۆرتر بتوانن لە هەڵبژاردن بەشداربن.

 

-حکومەت پشتگیری لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە بۆ سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەمەش پێویستی بە هاوئاهەنگی هەیە لەنێوان دەسەڵاتی جێبەجێکار و دەسەڵاتی تەشریعی بۆ ئەوەی رەوشەکە باشبکرێت لە بابەتە دەستوورییەکان.

 

-پشتگیری لە رۆڵی گەنجان دەکەین لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەشێویەک کە ئالیەتیک هەبێت و شتێک دیاریی بکرێت تاوەکو دەرفەتێک هەبێت بۆ گەنجان لە دامەزراندن و هەلی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە لە کەرتی تایبەت و گشتی.

 

-جێبەجێکردنی راستەوخۆی یاساکانی پارتە سیاسییەکان بە رۆح و دەقەوە، گرووپە چەکدارەکان نابێت حیزبی سیاسییان هەبێت و دەبێت ئەو گرووپە چەکدارییانەی لەماوەی رابردوو بەهەر هۆکارێک دروستبوون چەکەکانیان فڕێ بدەن و ببنە حیزبی سیاسی و یان ببنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان.

 

-رێگە بەوانە نادرێت کە پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانەوە هەیە حیزب پێکبهێنن و دەبێت هەموو لایەنەکانیان کە پەیوەندی بە پارە و پڕوپاگەندەکانیانەوە هەیە ئاشکرای بکەن.


- سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیەکی هاوبەشیان ئامادەکردووە بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوە کە ئێستا لە ئەنجوومەنی دەوڵەتدایە بۆ پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی نوێنەران لە نزیکترین کاتدا.

 


بڕیارە ئه‌مڕۆ هه‌ینی 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، خۆپیشاندانی به‌رفراوان دژ بە گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری له‌ به‌غدا و شاره‌كانیی دیكه‌ی عیراق ئەنجام بدرێت، دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتیش یەكێكی دیكەیە لەو داواكارییانەی كە خۆپیشاندەران بە درێژایی ناڕەزاییەكانی دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگە، جەختیان لەسەر دەكردەوە.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure