مه‌سعود بارزانى
265 جار بینراوە 23/10/2019 04:51 PM

بارزانی دوو پەیامی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا و لەكارخستنی عەبدولمەهدی ڕاگەیاند



سنور ميديا 

مەسعود بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كۆدەبێتەوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند و جەختیشی كردەوە، كە نابێت زیان بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بگەیەنرێت.

 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی (مەسعود بارزانی)، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٣ـی١٠ـی٢٠١٩ لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق كرد و لە دیدارەكەدا، كە جێمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عیراق ڕاگەیاند.

 

بەپێی هەواڵەكە، "بارودۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەكە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون".

 

ئاماژ بەوەشكراوە، لە دیدارەكەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاوا و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی كوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بە باش زانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەكانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاكی سووریا و لە شوێنێكی ئارامی نزیك سنوور كەمپیان بۆ دروست بكرێت و كۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوكاریی بەپەلەیان بۆ دابین بكات.

 

ماڵپەڕەكە بڵاویشیكردەوە، هەردوولا هاوڕابوون، كە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەكان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عیراق زیاتر دەكات.

 

هەر لە دیدارەكەدا باسی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عیراق كرا و هەردوولا هاوڕا بوون، كە پێویستە داواكارییە ڕەواكانی هاووڵاتیان جێبەجێ بكرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەكانی ناوەڕاست و عیراق جێبەجێ بكرێن و دۆخی ژیانی خەڵك باشتر بكرێت.

 

بارزانی جەختی كردەوە ،كە نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و كەموكوڕییەكانی ڕابردوو و بخرێنە ئەستووی حكومەتی ئێستای عیراق و ئەوانەی خۆیان هۆكاری گەندەڵی و كەموكوڕییەكان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بن و بیانەوێ زیان بە كابینەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure