نەبەز گۆران
217 جار بینراوە 18/10/2019 12:26 PM

رێككەوتنێك بۆ لێدان لە كورد



جارێكی دیكە وەك بیرهێنانەوەیەك، چەند رستەیەك دووبارە دەكەمەوە، كە لەوتاری پێشودا لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە نووسیم. سەرەتای دەستپێكردنەكە، ئەمریكا هێزەكانی خۆی كشاندەوە، پێیوابوو شەڕەكە زۆر ناخایەنێت و توركیا پرۆژەكەی خۆی جێبەجێدەكات، بەڵام بە هۆی بەرگری هێزەكانی رۆژئاوا و كەمپینی جیهان لەسەر داگیركارییەكە، پرۆژەكەی دواخست و توركیا نەیتوانی لە شەڕەكاندا سەربكەوێت و ئەوەی ئامانجییەتی جێبەجێی بكات. دوای نەتوانینەكەی، ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی بە پیرییەوە هات، ئەم بە پیرەوە هاتنەی لەناو میدیاكاندا بەو جۆرە دەشێوێت، گەوایە پاڵەوانەكەی هۆڵیود هاتووە رێگری بكات لە شەڕ و كۆتایی بهێنێت بە ماڵوێرانی، ئەمما رێككەوتنەكەی لەگەڵ توركیا، هەم بۆ قوتاركردنی توركیاییە لەو دۆخەی تێیكەوتووە، هەم بۆ لێدانە لە كوردەكانی رۆژئاوا و هەم بۆ دەرخستنی سیمایەكی ناراستەقینەی خۆیەتی.


فریاد رەسەكەی توركیا ئەمجارە بە سیاسەت هاوكاری هاوپەیمانەكەی دەكات، دەیەوێت پرۆژەی رێككەوتنەكەی پێشوو بە زیادیشەوە جێبەجێبكرێت. لەم رێككەوتنە نوێیەی نێوان _توركیا و ئەمریكا_ بە درێژایی سنوور، دەبێت هێزە كوردییەكان ئەوەی بۆیان دیاریكراوە چۆڵی بكەن، ئەگەر چۆڵی نەكەن رووبەرووی لێدان دەبنەوە لەلایەن خاوەنانی هەردوو رێككەوتنەكەوە. واتا كوردییەكەی بەم جۆرەیە، "تۆ لەماڵەكەی خۆت دانیشتوویت، كەسێك دێنن دەیكەنە خاوەنی یەكێك لە ژورەكانی ناو ماڵەكەت." ئەم لێدانەش لە كورد ناویان ناوە _ناوچەی ئارام_ لە كاتێكدا هیچ نائارامییەك لەو ناوچەیەدا بوونی نییە، ئەوەش راست نییە گوایە ئاوارە سورییەكان دەبرێنە ئەو ناوچەی بەناو _ئارام_ە. توركیا دەوڵەتێكی هێندە نەزان نییە ناوچەیەك داگیربكات و عەرەبی تێبكات، داگیركردنەكەی بۆ خۆیەتی.
مەترسی ئەم رێككەوتنە تەنها لەسەر رۆژئاوای كوردستان نییە، لەسەر باشووری كوردستانیشە. هەر ئەوەی پێشوتر لەوتاری پێشودا چەند رستەیەكەمان لەسەر وت، ئیدی هەرێمی كوردستان نە دەبێتە دراوسێی سوریا، نە دەبێتە دراوسێی رۆژئاوای كوردستان، بەڵكو دەبێتە دراوسێی توركیا. واتە: توركەكان دەستیان دەگاتە سەر قوفڵی نەوتەكە لە سنووری ناوچەی _فیشخاپوور_.


بە پێی هەواڵە میدیاییەكان، ئەمڕۆ لەو سنوورەدا بەشێك لە _روسەكان_ كە كۆمپانیای _رۆز نەفت_ تێیدا كاری بەرهەمهێنانی دەكرد، چۆڵیانكرد، بیانووەكەشیان نائارامی ناوچەكەیە، بەڵام لە راستیدا هاتنی توركیایە بۆ ئەو شوێنە و رێگە خۆشكردنە بۆ پرۆژەكەی. توركیا ئەگەر بۆی بلوێ‌، قۆناغی سێهەمی پرۆژەكەی جێبەجێدەكات، پاش ئەم رێككەوتنە بیر لە هێڵی _شەنگال تا مەخمور_ پاشان هێڵی سنووری لە _سێگۆشەی قەبری زاهیرەوە لەناوچەی سیدەكان، تا قەندیل_ دەكاتەوە. كۆتایی پرۆژەكەی ئەم دوو هێڵەیە تا بگات بە كەركوك. بەڵام قسەیەك هەیە گوایە: ئێرانییەكان وتوویانە: " بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین جارێكی تر توركیا دەستی بگاتەوە بە كەركوك." هەرچەندە توركیا وەك نەخشەكەی خۆی ئامانجەكەی ئەو شارەیە. دوای ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ ئەمریكا، بە ئاسانی دەستی گەیشتە هەموو ئەو شوێنانەی بۆری نەوتەكەی تێدایە، بەشێك لە میدیاكان باس لەوە دەكەن، لە كۆتایدا كوردی باشوور بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دە دۆلاری پێدەدرێت، واتە: تەنها رۆژئاوای كوردستان گەمارۆ نادرێت، باشووری كوردستانیش گەمارۆ دەدرێت و دەرگاكانی دەبەسترێنەوە بە توركیاوە.نەخشە نوێیەكە لەسەر رێككەوتنەكەی ئەمجارە، بەم شێوەیە كە دەیبینین. ئیدی جارێی نازانرێت قسەی سوریا و ئێران چییە؟ ئایا لەرووی كردەییەوە قسەیان دەبێت، یان ئەوانیش بیر لە بەژداریكردنی ئەم رێككەوتنە دەكەنەوە؟! روسەكان قسەی خۆیان كرد و ئەو ناوچەیان جێهێشت لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەی پێكراوە و پێدەچێت بیر لە رێككەوتنێك بكەنەوە لەگەڵ توركیا.


شەڕڤانەكان بەرگری خۆیانكرد، گەورەترین هێزی ناتۆیان وەستاند، ئەوهێزە گەورەیە نەیتوانی بەرامبەریان پێشڕەوی بكات، ئەمما ئەمریكای هاوپەیمانی توركەكان جارێكی دیكە و بە سیمایەكی دیكەوە هاتەوە بۆ هاوكاریان و ئەوەی بەڵێنی دابوو بۆیان بكات، كردی. ئەگەر جاری پێشو ئەمریكا لە رێگەی كشانەوەی هێزەكانییەوە یارمەتی توركیای دابێت، ئەمجارە بەم رێككەوتنە بە هەموو توانای سیاسیی خۆیەوە یارمەتی دان بۆ ئەوەی كوردەكان بخرێنە ناو قەفەسەوە، ئەوەی بەسەر رۆژئاوادێت، لاوازی رۆژئاوانییە، ئەوەی لە دوای رۆژئاوا رووبەرووی هەرێمی باشوور دەبێتەوە، ئەو پرۆژەیە پەیوەندی بە نەوت و باڵادەستی هێزەكانە لەناوچەكە. پێناچێت ئیدی نەهەرێمی كوردستان نە رۆژئاوای كوردستان بتوانن لەبەردەم هێزە گەورەكاندا بوەستنەوە و ناچار دەكرێن بە رێككەوتنەكان رازی ببن. جیهانی ئەمڕۆ وایە: كاتێك مێزی سیاسیە فریودەرەكان دروستدەكرێت، پرۆژەكان بەو جۆرە جێبەجێدەكرێن لە خزمەت زلهێزەكان بێت. شەڕڤانەكانی رۆژئاوا و سەركردەكانیان هەموو شتێكیان كرد بۆ میللەت و بۆ كورد، بەڵام دوای ئەوەی پاڵەوانە هۆڵیودییەكە دێت، وا خۆی پیشاندەدات رزگاركەری وێرانكارییە، بەڵام لە بنەمادا رزگاركەری زلهێزێكی ناوچەكەیە كە توركیاییە و لەشەڕەكاندا شكستی هێناو بە رێككەوتنی سیاسیی قەرەبوی بۆ دەكرێتەوە.


ئەمە مانای ئەوەنییە هەمووشت كۆتایی هات، دیسانەوە دەبێت بڵێین: چیرۆكەكە كۆتایی نەهاتووە، چونكە لەناوچەكەدا هێزی تر هەیە قسەی خۆیان بكەن، ئەگەر بیكەن. چاوەڕێدەبین بزانین پاش ئەمە ئەمریكای مشەخۆری رۆژهەڵات، چی پرۆژەیەكی تری هەیە بۆ گەمارۆدانی كورد و یارەمەتیدانی زلهێزەكانی ناوچەكە. لەگەڵ ئەوەشدا پاش ئەم رێككەوتنە هەرێمی كوردستان پێویستە بیرێك لەخۆی بكاتەوە، كە قوفڵەكە كەوتە ژێر دەستی توركیا، دیمەنەكە دەگۆڕێت.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure