مه‌سعود بارزانى
3927 جار بینراوە 11/10/2019 07:40 AM

له‌نێو پارتى نامه‌يه‌كى توند ئاراسته‌ى مه‌سعود بارزانى ده‌كرێت



سنور ميديا 

ژمارەیەک کادێرو پەرلەمانتاری پارتی لەپارێزگای سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتەکەیان دەکەن‌و دەڵێن "ئێمە ئەم لەشکرکێشییە، وەک قەتڵوعامی جەماعی و سڕینەوەی شوناسی گەلێک دەبینین. بۆیە ناچارین، وەک هەڤاڵانی کوردایەتی و ڕێبازی بارزانی هەڵوێستمان هەبێت. ئامادەین بە گیان و ماڵ، پاڵپشتی برایانمان بین لە ڕۆژئاڤا و لە سەنگەردابین بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان ، کە کەرامەتی ئینسانیمانە".

 

ئەمە دەقی نامەکەی کادێرانی پارتییە:

 

بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی


بە سڵاوی کوردایەتی گەرمەوە

 

وەک ئاگادارن، سوپای تورکیا بەناوی ئۆپەراسیۆنی ئاشتییەوە، لەشکرکێشییەکی ناڕەوای کردۆتە سەر برایانمان لە ڕۆژئاڤا. ئامانج لەم لەشکرکێشی و داگیرکارییە، قڕکردنی میللەتێکی مافخوراو و غەدر لێکراوە. ئەم کێشەیە، چیرۆکی نەھامەتی نەتەوەیەکە، نەک حیزب و گروپێکی دیاریکراو.

 

تورکیا بەناوی دروستکردنی ناوچەی ئارام، بۆ پەنابەرە سورییەکان، سەدان خێزانی کوردی ئاوارە و دەربەدەر کردووە. ئامانج لەم کارە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. هێنانی سێ ملیۆن ئاوارەی سوری بۆ ناوچەکە، تەواوی کورد و دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە کەمینە.

 

ئێمە ئەم لەشکرکێشییە، وەک قەتڵوعامی جەماعی و سڕینەوەی شوناسی گەلێک دەبینین. بۆیە ناچارین، وەک هەڤاڵانی کوردایەتی و ڕێبازی بارزانی هەڵوێستمان هەبێت. ئامادەین بە گیان و ماڵ، پاڵپشتی برایانمان بین لە ڕۆژئاڤا و لە سەنگەردابین بۆ پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان ، کە کەرامەتی ئینسانیمانە.

 

لێرەشەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەین، هەروەک چۆن لە سەرجەم بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، خاوەن هەڵوێست بویت و ڕابەرایەتیت کردووە، لەم دۆخەشدا ڕابەرایەتی پاراستنی خاک و کەرامەتمان بکە یت.


ئێمە دڵنیاین بۆ ئەم دۆخەی ئێستای ڕۆژئاڤا، شەو و ڕۆژت سەریەک خستووە، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.


جەنابت ڕابەرایەتی گەلی کوردستانت کرد بۆ تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و سەریش کەوتین. بە هەوڵ و تەقەلای جەنابتان، هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی برایانمان لە کۆبانی نێررا و سەرکەوتین. بۆیە لە پێگە و توانا و کارێزمایی تۆ دەوەشێتەوە و ئومێدمان هەیە بۆ ئەم دۆخەش ڕابەرایەتیمان بکەیت و خاکمان لە داگیرکاری بپارێزین.


ئێمەش بە هەمو توانایەک پشتیوانی نەتەوە بەشخوراوەکەمانین، لە ھەر کونجێکی ئەم دنیایە بێت.


وەک پێشمەرگەی خۆبەخش، بە چەک و دەرامەتی خۆمان ئامادەی جوڵەین بەرەو خۆرئاوای کوردستان. ڕاستە ئێمە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانین «لە سنوری پارێزگای سلێمانی» بەڵام کوردستانمان، لە خۆمان و حیزبەکەمان خۆشتر دەوێت. ئەم هەڵوێستەمان کرۆکی ڕێبازی بارزانییە. بۆیە تکا دەکەین، تێگەیشتنتان بۆ ئەم بڕیارەمان ھەبێت.

 


سەرفرازی بۆ خەڵکی کوردستان
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان

٢٠١٩/١٠/١٠

ئاری محەمەد ھەرسین
دانا شەھید جەزای عەلی
لانە شەھید سەید عەلی حافز
سەرخێڵ حاجی جەمال
سەردەشت محەمەد
نزار ڕەزا حەمە
سۆران مەنمی
سەید موحسین
تالب ئەحمەد عەباس
ڕێبین ڕەحیم
سامان بابا عەلی عیسا
کاروان عوسمان عەلی
شەھاب نوری ساڵح
دڵشاد عومەر نوری
کەیفی شکور حەمە
ھونەر محەمەد باوە یس
ئاوات عەباس شەریف
ئارام ئەمین ڕەشید
سروە ساڵح مستەفا

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure