سنور ميديا |
561 جار بینراوە |
10/10/2019 12:56 AM |
|
لەناو شاری عەفرین گورز لە سوپای تورکیا و گروپه چهكدارهكان وەشێنرا
سنور ميديا
هێزەکانی رزگارکردنی عەفرین رایانگەیاند، ئاستی هێرشەکانیان بۆسەر سوپای تورکیا و بەکرێگیراوەکانیان لە عەفرین زیادکردووە.
ئەو هێزانە لەبەیاننامەیەکدا دەڵێن، "لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی سوپای تورک و چەتەکانیان بۆسەر ناوچە ئارامەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئێمە لە هێزەکانی رزگارکردنی عەفرین رایدەگەیەنین ئاستی بەرگرییەکانمان دژ بە داگیرکەری تورک و چەتەکانیان لەهەموو ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین و دەوروبەری بەرز کردۆتەوە".
لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەناوەراستی عەفرین هێزەکانمان بۆمبێکی چێنراویان بە چەتەکانی داگیرکەری تورکدا تەقاندەوە کە هێشتا نازانرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان چەندە، جگە لەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ هێزەکانمان هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی هێزەکانی داگیرکەری تورک و لەئەمجامدا چوار سەربازی تورک کوژران و دوو سەربازیش بریندار بوون".
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە لە هێزەکانی رزگارکردنی عەفرین جەخت دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان بەهەموو رێگا و ڕێبازێک تا ئەوکاتەی عەفرین ئازاد دەکرێت و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە".