هێمن ههورامى |
181 جار بینراوە |
9/10/2019 04:36 PM |
|
لهسهر دۆخى ڕۆژئاواى كوردستان هێمن ههورامى هاته دهنگ
سنور ميديا
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت كە ئەوان دڵ و دەروونیان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانە و پێیان وایە هێرش بۆ سەر ئەو پارچەیەی كوردستان, رێگری لە مافی هاووڵاتی و ئازادییە مەدەنییەكانی كورد دەكات لە سووریادا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2019.10.9 لە لێدوانێكدا بۆ میدیاکان هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی: "لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا هەموو بەیەكەوە هاوكارین بۆ بەرزكردنەوەی ناوناوبانگی پەرلەمانی كوردستان كە سیاسەتی هەموو فراكسیۆن و سەرۆكایەتییە. وەك تیم بەشداری دەكەین و ناوبانگی هەرێم بەرز دەكەینەوە، سەررای بودجە و چاودێری. كە دیبلۆماسییەتی پەرلەمانییە، هەروەها لەڕێگەی پەیوەندییەكانەوە كولتووری پێكەوەژیان بە گەلان بناسێنین".
لەبارەی هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستانەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی: "دڵ و دەروونمان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانە و پەیامی ئێمە ئەوەیە كە ئاشتیخوازین و بەداخەوە ئێستا مەترسیی هێرش لەسەر رۆژئاوایە و بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا گەلی كوردستان دەبێتەوە قوربانی و خوازیارین نەبینە قوربانی و پێمان وایە شەڕ و كوشتار كێشەكان چارەسەر ناكات و شەڕ لە هەر لایەنێكەوە بێت، دەبێ ئاشتی سەقانمگیر بێت و داوای هەماهەنگی و هاودەنگیی هەموو لایەنەكانی كوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، جا لە هەر ئایدیا و بۆچوونێكەوە بێت".
وتیشی: "ئێمە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەكەین و بانگەشەی بۆ دەكەین ئێمە لە ئاشتیدا دەتوانین گەشە بکەین".
لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمان هێمن هەورامی وتی: "بەگشتی هەڵوێستمان ئێمە لەگەڵ دۆزی رەوای گەلەكەمانین لە هەر پارچەیەك بێت، كاتێک لیژنەی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی كۆبانێ كرا و لەوێ پێشمەرگەش بەیەكەوە شەڕی تیرۆرستان كرد، ئەمە خۆی پەیامە، ئێمە نیگەرانییەكی قووڵمان هەیە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە، ئەوەش رێگری لە مافی هاوڵاتیبوون و دەستووری خۆیانە، دەبێ كورد بەشداری دەستووری داڕشتنەوەی سووریا بێت، هێرش و پەلامار ڕەت دەكەینەوە و هەموو سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و كۆماری عێراق خەریكین هەماهەنگی بكەین بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بكەین".