پارتى
209 جار بینراوە 9/10/2019 02:16 PM

نێچیرڤان بارزانی داوای دواخستنی کۆنگره‌ی پارتی ده‌کات



سنور ميديا 

له‌سه‌ر داوای نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگره‌ی چوارده‌هه‌مینی پارتی دوا ده‌خرێت، که‌ بڕیار بوو دوای پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی هه‌رێم ڕێکی بخات.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان دوایین کۆنگره‌ی خۆی له‌ ساڵی 2011دا ئه‌نجام داوه‌ و چوار ساڵ به‌سه‌ر واده‌ی ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ی چوارده‌هه‌مینیدا تێپه‌ڕیوه‌ و ئه‌نجامی نه‌داوه‌.

 

شیرین ئامێدی، یاریدەدەری سەرۆكی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەو بارەیەوە بە هه‌فته‌نامه‌ى״ئاژانس״ی وتوه‌: ״ئەندامانی پارتی چاوەڕێیان دەكرد دوای پێكهێنانی حكومەت كۆنفراسی چوارەدەهه‌مینی پارتی بكرێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ شتێك لە ئارادا نییە و لە كاتی خۆیدا قسە لەسەر ئەم پرسە دەكەین״.

 

بە پێی زانیارییەكانی ״هه‌فته‌نامه‌كه‌ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی پێشنیازی دواخستنی كۆنگرەی كردووە، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار وتويه‌تى: ״بە هۆی بارودۆخی حزب و پرسی پێكهێنانی حكومەت و لادانی چەند كەسێك لە حكومەت كە نزیك بوون لە نێچیرڤان بارزانی، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی خۆی لەم پڕۆسەیە دەربڕیوە، بۆیە نێچیرڤان بارزانی پێشنیازی دواخستنی كۆنگرەی كردووە״.

 

هەر بە پێی زانیارییەكان ، ״سەركردایەتیی پارتی داوای ئەوەی كردووە تا پرسی حكومەت و پۆستەكان یەكلا نەكرێتەوە پرسی كۆنگرە باس نەكرێت، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە ململانێی ناو باڵەكانی پارتی ئاڵۆزتر بێت و بتەقێتەوە״.

 

بە پێچەوانەی ئەو زانیارییانه‌وه‌، عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی وتی: ״هەرچەندە بەستنی كۆنگرە پرسێكی گرنگە و نوێبوونەوەی حزبە و پێویستە ئەنجام بدرێت، بەڵام پارتی باسی بەستنی كۆنگرەی بە فەرمی نەكردووە.״

 

بڕیاری دواخستنی کۆنگره‌ له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری داوه‌ هه‌ر حزبێک واده‌ی به‌ستنی کۆنگره‌ی به‌سه‌ر چووبێت بۆ باشداریکردنی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکانی عێراقدا پێویسته‌ کۆنگره‌ ببه‌ستێت که‌ بڕیار وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وتیشی: ״كەس لاریی نییە لە بەستنی كۆنگرە و بە دڵنیاییەوە پارتی كۆنگرە دەبەستێت، بەڵام هیچ كاتێكی بۆ دیاری نەكراوە״.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure