ساڵح موسليم
494 جار بینراوە 9/10/2019 09:15 AM

موسلیم وەڵامی تڕەمپ دەداتەوە



سنور ميديا 

هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی تەڤدەم ڕایدەگەنێت، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو حساباتێكی خۆی كردووە، ئامادەكاری خۆی كردووە هەتا بتوانن بەرگری بكەن و گەل بپارێزن.

 

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیوەندییە گشتییەكانی تەڤدەم بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، توركیا ئەزموونی پێشتری هەیە لەگەڵ كوردەكان، ئەویش ئەوەبوو هێرشی كردەسەر عەفرین و ئەوە لە عەفرین كردی لە كوشتن و لەسێدارەدان و چەتەیی و دەركردن و دزیكردن هیچ شتێكی دیكە نەما لە واقیعدا بەكردار نەیكات، كەچی سەرەڕای ئەوەش ئەمریكا هات گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی توركیا هەڵكرد كە ئەمە بەلای كوردەكانی ڕۆژئاواوە جێی قبوڵ نییە.


وتیشی"بابەتەكە لێرەدا ئەوەیە ئێمە كەوتوینەتە ڕێ و گەڕانەوەمان نییە، بەڵام توركیش ئەوەی دەوێت كورد لەماڵ و شوێنی خۆی دەربكات و خەڵكی تر بهێنێتە جێگای، بەڵام كورد ڕاناكات و لەوڵاتی خۆی دەرناچێت و لە بەرخۆدانی خۆی بەردەوامە هەتا ئەو جێگایەی دوژمن بشكێنن".

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەمریكا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی دژی داعش ماوەی چوارساڵە لێرەیە و هاوكاریمان دەكات و توانیشمان سەركەوتن بەدەست بهێنین، بۆیە بەشێكی زۆری كورد بەتایبەتی لەناو هێزەكانی سوریای دیموكرات نایانەوێت زوو بەزوو ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی نێوانیان نەمێنێت و هاوكارییەكان ببڕن.


ئاشكراشیكرد، ڕاستە ئێستا ژمارەیەك لە هێزەكانی ئەمریكا لەسەر سنوور كشاونەتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی داعش ماوە لە حەسەكە و دێرزور و ڕەققە، بەرامبەر شانە نوستووەكانی داعش تا ئێستا پێكەوە بەرگری دەكەین و هیوادارین ئەو بڕیارەی ئەمریكا، توركیا دەستكراوە نەكات لەشەڕ و ڕێگری لێبكەن لە هێرشكردن، چونكە هیچ لایەك نایەوێت شەڕ بكات.

 

ڕوونیشیكردەوە، نازانین چ گفتوگۆیەك لەنێوان ئەمریكا و توركەكاندا ڕوویانداوە، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە دیارە ئەوەیە ئەو خاڵانەی لەسەر سنوور چاودێرییان دەكرد ئەوانە چۆڵكراون و پاشەكشەیان پێكراوە واتە بە توركەكانیان وتووە"فەرموون ئێوە دەتوانن بێن"، جا ئیتر توركیا هەتا كوێ دێت، ئێمەش نازانین، بەڵام هێزەكانی ئێمە لەوێن و هەركات توركیا بیەوێت هێرش بكات هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرپەرچیان دەداتەوە.

 

سەبارەت بە ڕووبەڕووبونەوەیان لەگڵ توركیا، موسلیم ڕایگەیاند، بتوانین یاخود نەتوانین ئەوە كاری سەربازییە، ئەوەی ئێمە دەیزانین هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو حساباتێكی خۆی كردووە هەتا بتوانن بەرگری بكەن و گەل بپارێزن، بەڵام ئەوەش ناشاردرێتەوە ئێمە كەوتوینەتە شەڕێك لەگەڵ هێزێكی ئەندامی ناتۆ كە خاوەنی چەكی بەهێز و جبەخانەی بەهێزی هەیە، بەڵكو ناتۆ پێی بڵێت كە چەك و تەقەمەنی ناتۆ بەكارمەهێنە، یا نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێگری هێرشكردنی لێ بكات.

 

سەبارەت بە تویتەكەی تڕەمپ كە ئاشكرایكردبوو "كوردەكان لەبەرامبەر چەك و پارە شەڕییان كردووە" هاوسەرۆكی تەڤدەم ڕایگەیاند، ڕاستە ئەمڕۆ دوژمنێكی هاوبەش هەبێت بێگومان پێویستە هاوكاریش هەبێت و چەكیش بدەن، بەڵام تڕمپ باسی یازدە هەزار شەھیدی ئێمەی نەكردووە، دەیتوانی بڵێت چەند سەربازی ئەمریكایی لێرە شەھیدبوون؟

 

ئاشكراشیكرد، ئەوەی شەڕی دەكرد ئێمە بووین ئەوەی لەپێشەوە بوو ئێمە بووین ئەوەی چالاكی ئەنجامدەدا ئێمە بووین، بەڵام سوپای ئەمریكا سەلامەتبوون هیچ زیانێكیان بەرنەكەوت، بۆیە دەبێت قوڵتر سەیری بابەتەكە بكەین ئەو شەڕەی لەسوریا هەبوو شەڕێكی زۆر گەورە بوو ئەمە لەلایەك لەلایەكیتر بڕوانێت لەشەڕی عێراق چەند سەربازی ئەمریكی تێداچوون؟ لەو شەڕانەشی لەگەڵ ئێمە كردی چەند سەربازی تێداچوون؟ با ئەو بەراوردانە ببینێت ئینجا باسی چەك و پارە بكات.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure