سنور ميديا
2739 جار بینراوە 6/10/2019 10:45 PM

مه‌لا به‌ختيار .. هۆشدارى ته‌قينه‌وه‌ى دۆخى هه‌رێم ده‌دات



سنور ميديا 

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى،هۆشدارى ده‌دات له‌وه‌ى دۆخى عيراق هه‌رێم بگرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت " ئێمەش، دژی گەندەڵی نەبین‌و سیستەم نەگۆڕین، دەستور نەنوسین‌و چاودێری بازاڕ نەكەین، نەهێڵین بەزۆری زۆرداری خەڵك سەرانە لەبازاڕ وەربگرێت‌و پەرلەمانیش چاوی نەكاتە سەد چاو لەسەر بازاڕ، هیچ بەدووری مەزانن، خۆشمان بگرێتەوە. چونكە ئایا خەڵك جارێكی تر بەرگەی پاشكەوتی موچە دەگرێت؟!

 

مه‌لا به‌ختيار ئه‌مڕۆ له‌ ميانه‌ى وتارێكى دا ڕايگه‌ياند " یەكێتی بەردەوامین لەخەبات‌و ئەم حكومەتەش دەبێ‌ بەردەوام بێ‌ لەخزمەت هەرچەندە هەلومەرجێك هاتۆتە پێشەوە ناتوانین بڵێین مەترسی نییە. ئەوەتا عیراق لەكوردستان دەوڵەمەندترەو سوپاكەشی بەهێزترە، لەگەڵ ئەوەشدا چۆن وڵاتێك دەچێت بەڕێوە پەنجا هەزار كۆمپانیا داخرابێت‌و بەگەندەڵی‌و بەدزیش گەیاندیانە ئاستێك ئەوەتا هەموو میللەتەكە‌و گەنجی عیراق لێیان راپەڕیون. لەكاتێكدا هیچ حزبێك لەو راپەڕینەدا كاریگەری نییە.


وتیشی: نەوەی راپەڕینی ئێستای عیراق، نەوەی برسێتی‌و نەوەی گەندەڵی دوای سەركەوتنە، نەوەی ناعەدالەتی دوای سەركەوتنە. ماوەیەك خۆیان گرت، بەڵام كەزانیان ئەم حكومەتانە یەك لەدوای یەك دێن‌و نەك ناتواننن گەندەڵی چارەسەر بكەن، بەڵكو گەندەڵی زیاد دەكات، سەرەنجام خەڵك تەقییەوە!


رونیشیكردەوە: لەكاتێكدا دنیای ئێستا، دنیای خۆشگوزەرانی‌و پێویستییەكانی ژیان‌و تەكنیك‌و تەكنەلۆجیایە، بەڵام لەسەدا 24ی خەڵكەكەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین! بەڵام حكومەت ناتوانێ‌ رێژەی هەژاریی‌و بێكاری كەمبكاتەوە، بەپێچەوانەوە گەندەڵی‌و هەژاری‌و بێكاری پێكەوە زیاد دەكەن. بۆیە خەڵك توشی نائومێدی‌و رەشبینی دەبێت.


مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: ئەم دۆخە، دۆخێكی ترسناكە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت‌و خەڵكەكەی رازی نەكرێت، ئەوا ژمارەی كوژراوەكانی عیراق، لەژمارەی كوژراوەكانی میسرو لیبیا زیاتر دەكات‌و دەبێ‌ شوكربین وەكو سوریای لێنەیات.


هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نێوانی پێكهاتەكانی عیراق باش نییە، هەروەها نێوانی بەغدادو هەرێمیش باش نییە‌و لایەنیكەم دوو ملیۆن چەك لەعیراقدا بڵاوبۆتەوە، رێژەیەكیش لەو ژمارەیە بەناوی جیاجیا موچە لەحكومەت وەردەگرێت، بەڵام لەسەرەنجامدا هەموو ئەوانە وەك باروت‌و بەنزین‌و ئاگر وان، هەر كاتێك گرش بكرێت‌و كڵپە بسەنێت، دامركاندنەوەی قورس‌و ئەستەم دەبێت‌و وتی:


مەترسی ئەوەشم هەیە عیراق تێكبچێت‌و حكومەت بگۆڕێت، ئەوا نێوانی هەرێم‌و بەغدادیش وەكو ئەوەی ئێستا نامێنێت! كە وەكو ئێستاش نەما، ئەوا موچە نامێنێت، كە موچەش نەما، ئایا چ یەدەگێكمان هەیە؟ كە ئەمە پرسیارەو لەحكومەتی كوردستانی دەكەم‌و ئومێدەواریشم حكومەتی ئێستا‌و كابینەی نۆیەم، لەئێستا ئیحتیاتی خۆیان بخەن‌و ئەگەر دۆخی عیراق لەگرێژنە دەرچوو، بیر لەوە بكەنەوە، ئەگەر عیراق دوو بۆ سێ‌ مانگ موچەی نەدا‌و بودجەكەش كە دەكەوێتە قوڕگی شێرەوە، هیچ پاشكەوتێكمان نییە، چونكە حكومەتی هەرێم هێشتا قەرزی سەردەمی پاشكەوت دەداتەوە بە كۆمپانیاكان. بۆیە هیواموایە دۆخی عیراق نەگاتە ئەو بارودۆخە ترسناكییەی چارەسەر نەكرێت، كە ڕەنگە رووبدات‌و وتیشی:


ئەگەری شەڕی گەورە، ئەگەری گۆڕینی حكومەتی عیراق‌و ئەگەری بڕینی بودجەو مووچە لەكوردستان، پێویستە حكومەتی كوردستان، حزبەكانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان، ئەم بابەتانە بكەن بەكاری سەرەكی خۆیان.


لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەی ئەو بارودۆخەی عیراقیشەوە، تەئكیدیی كردەوە: ئەم بارودۆخە بەریفۆرم‌و پینەوپەڕۆ چارەسەر ناكرێت، بۆیە ئەم حكومەتە لەماوەی یەك مانگدا، هەموو ئەو گەندەڵە گەورانە، ماسییە بچوكەكان نا بەڵكو حوتەكان، نەخاتە زیندانەوەو دادگاییان نەكات، ئەوا خەڵك لێیان رازی نابێت! ئەمەش شۆڕش‌و ئازایەتی دەوێت. چونكە گەندەڵی كە نەزیفی ئابورییە، بەلیژنەو بەكۆمسیۆنی باڵای دژایەتی گەندەڵی‌و حاكم‌و دوو حاكم چارەسەر نابێت. بۆیە بنەبڕكردنی گەندەڵی شۆڕش‌و ئازایەتی دەوێت‌و وتیشی:


ئێمەش، دژی گەندەڵی نەبین‌و سیستەم نەگۆڕین، دەستور نەنوسین‌و چاودێری بازاڕ نەكەین، نەهێڵین بەزۆری زۆرداری خەڵك سەرانە لەبازاڕ وەربگرێت‌و پەرلەمانیش چاوی نەكاتە سەد چاو لەسەر بازاڕ، هیچ بەدووری مەزانن، خۆشمان بگرێتەوە. چونكە ئایا خەڵك جارێكی تر بەرگەی پاشكەوتی موچە دەگرێت؟!

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure