كاكه‌مین نه‌جار
180 جار بینراوە 6/10/2019 12:44 PM

كاكه‌مین نه‌جار: هیچ ڕێگریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، حیزبه‌كه‌ی پابه‌نده‌ به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و دەشڵێت" هیچ ڕێگریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوكاری ته‌واویشی ده‌كه‌ین به‌ڵام به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه".

 

كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ست به‌كارنه‌بوونی كاندیدی كورده‌كان له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، ده‌ڵێت" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رێككه‌وتین له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت پارێزگار ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت ئه‌نجومه‌نیش به‌ته‌نها كوردی تیادا نیه‌ به‌ڵكو توركمان و عه‌ره‌بی تێدایه‌، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌و روه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و به‌غدا-یش په‌سه‌ندی بكات".

 

وتیشی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هیچ كێشه‌مان نیه‌ و ڕێككه‌وتوین به‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌ن كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدات و به‌غداد په‌سه‌ندی بكات ئه‌گه‌رنا كێشه‌ نه‌ماوه‌ له‌دانانی پارێزگاره‌كه‌".

 

 

پێشتر قادر عه‌زیز به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندبوو" بەداخەوە یەک لەسیاسەتەکانی پارتی وایە سەرەتا هەتا رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان دەکات هەموو نەرمونیانیەک دەنوێنێت، هەموو ئامادەکارییەک نیشان دەدات، بەڵام دوای ئەوەی رێککەوتنەکان دەکرێت و ئیشەکانی خۆی جێبەجێ دەکرێت پابەندی ئەو رێککەوتنانە نابێت کە لەگەڵ لایەنەکانی کردووە".

 

به‌ڵام كاكه‌مین نه‌جار ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر بڕواننه‌ مێژوو پارتی هه‌میشه‌ پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كردویه‌تی، ئێستاش پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ كه‌له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كردویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نها ئیشه‌ ئیداریه‌كه‌یه‌ كه‌ لای ئه‌نجومه‌نی پارێزگایه‌ كه‌ده‌ست بكات به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ رێككه‌وتن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ په‌شیمان نه‌بوینه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامین له‌رێككه‌وتنه‌كان".

 

ده‌رباره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی قادر عه‌زیز كه‌ قوباد تاڵه‌بانی نیگه‌رانی خۆی گه‌یاندوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێنادرێت وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌تیكرده‌وه‌ و وتی" هیچ رێگریه‌ك له‌ كاك قوباد و وه‌زیره‌كان نه‌كراوه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت حكومه‌ت یاسا و رێسای خۆی هه‌یه‌ بۆ كاركردن، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جیاوازه‌ و ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌كه‌ش جیاوازه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ به‌پێی یاسا كاك قوباد وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه‌تی هیچ رێگریه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوكاری ته‌واویشی ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كان دیاریكراون ئه‌وه‌ی له‌یاسا به‌ده‌ر بێت ئه‌وه‌ شتێكی تره‌ ئه‌وه‌ی یاسایی بێت پارتی پابه‌نده‌ به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی "كاك قوباد"ه‌وه‌".

 

كاكه‌مین نه‌جار بۆ دەنگی ئەمریكا ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌" وه‌ك ده‌زانرێت حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌تی ئیئتلافیه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ له‌ زاخۆ تا خانه‌قین و جێگره‌كه‌شی به‌هه‌مان شێوه‌، وه‌زیره‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئازادن له‌ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان به‌ڵام رێنمایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند بن پێوه‌ی".

 

قادر عه‌زیز، له‌قسه‌كانیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وتبوو، "ئەگەر وا بڕوات جارێکی تر یەکێتی متمانە ناکاتەوە بەپارتی بۆ رێککەوتن، پارتی به‌جێبه‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی متمانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات".

 

به‌ڵام كاكه‌مین نه‌جار ده‌ڵێت" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆده‌بینه‌وه‌ بزانین له‌هه‌رشوێنێك خه‌له‌ل هه‌بێت چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین".

 

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" رێككه‌وتنی ئێمه‌ و یه‌كێتی به‌وجۆره‌ نیه‌، چونكه‌ خۆ هه‌ر ئێمه‌ و یه‌كێتی له‌و حكومه‌ته‌دا به‌شدارنین، گۆڕان و پێكهاته‌كانی تریش به‌شدارن، حكومه‌ت یاسا و رێسای خۆی هه‌یه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی له‌هه‌موو سنووری كوردستان هه‌بێت، جێگره‌كه‌شی هه‌روا، ئێمه‌ به‌وه‌ رازی نابین سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌س له‌ دهۆك و هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت وه‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش به‌ته‌نها له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت كوردستان یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك كابینه‌ و یه‌ك په‌رله‌مانی هه‌یه‌، هه‌موومان پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیش به‌پێی یاسا دابه‌شكراوه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگر و وه‌زیره‌كانیش".

 

كاكه‌مین نه‌جار، له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا وتی" ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانی نیگه‌ران بێت ئه‌وا ئێمه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كه‌ین تا بزانین له‌كوێ خه‌له‌ل هه‌یه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین هیچ خه‌له‌لێك ناهێڵینه‌وه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردن، ئێمه‌ و یه‌كێتی-ش له‌و حكومه‌ته‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترین پێكه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین له‌گه‌ڵ گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له‌ حكومه‌ت، هیچ نیگه‌رانیه‌ك نابێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure