كۆمه‌ڵى ئيسلامى
71 جار بینراوە 5/10/2019 04:33 PM

فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عیراق لەسەر خۆپیشاندانەکان هەڵوێستی خۆی راگەیاند



سنور ميديا 

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەیاننامەیەکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی شارەکانی عیراق بڵاوکردەوە.

 

فراکسیۆنی کۆمەڵ لە بەیاننامەکەیدا پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی عیراق دەردەبڕێت و رایگەیاند، فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری چاکسازی بنەڕەتی دوپات دەکاتەوە و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی خۆپیشاندەران.

 

فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عیراق، راشیگەیاند، حکومەت و پەرلەمانی عیراقیش پێویستە هەنگاوی جدی بگرنەبەر و چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن بڕیاری دڵنیاکەرەوەو ئازایانە بدەن لەبەرژەوەندی گەلی عیراق.

 

دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق:

چەند ڕۆژێکە بەغدا و چەند شارێکی عێراق خۆپیشاندانی جەماوەری بەخۆوە دەبینن بۆ داواکردنی چاکسازی بنەڕەتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی ,کە بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و چەند کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان بونەتە قوربانی و بەئاشکراش هەست بەوە دەکرێ کە دەستێکی تێکدەر هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و خوێنڕێژی زیاد دەکات بەمەبەستی ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخەکە.

 

ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانی خۆمان بۆ داواکاری چاکسازی بنەڕەتی دوپات دەکەینەوە و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی خۆپیشاندەران و چاکە خوازان بەمەبەستی گۆرینی ئەم واقیعە تاڵەی عیراق تێی کەوتووە لە ئەنجامی هەژموونی حزبە گەورەکان بەسەر داهات و نەوت و سیاسەتی وڵات بەجۆرێک کە هەموو هەوڵێکی چاکسازی شکست پێ دەهێنن و بێ باکانە درێژە بە پشک پشکێنە و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و ماڵی گشتی دەدەن لەپێناو چەند کەس و بنەماڵە و حزبێکی دیاریکراودا.

 

ئێمە پێمان وایە بێ سەروبەری و گزی کاری هەڵبژاردنی رابردوو هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ درێژەدان بەم واقیعە بۆیە هاوڵاتیان گەیشتوونەتە قۆناغی بێ ئومێد بوون لەهەموو حیزب و دامەزراوە ئاینی و دەوڵەتیەکان, بۆیە داوای گۆرینی سیستەمی سیاسی و دەستوور دەکەن ئەوەش مافی ڕەوای خۆیانە ٫هەربۆیە لێرەوە ڕادەگەیەنین کە ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دژی بەکارهێنانی هێزی چەکین بەرامبەر خۆپیشاندەران و پێویستە هێزە ئەمینیەکان پیشەییانە ئەرکی خۆیان رابپەڕێنن لە پارێزگای کردن لە هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی دەوڵەت و هەموو ئەو کەس ولایەنانەی هۆکاری کوشتنی خۆپیشاندەران بوون دەبێ سزابدرێن

 

حکومەت و پەرلەمانی عیراقیش پێویستە هەنگاوی جدی بگرنەبەر و چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن بڕیاری دڵنیاکەرەوەو ئازایانە بدەن لەبەرژەوەندی گەلی عیراق

 

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٥/١٠/٢٠١٩

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure