به‌رهه‌م ساڵح
517 جار بینراوە 5/10/2019 12:35 PM

به‌رهه‌م صاڵح پێش خۆپيشاندانه‌كان چى وتوه‌ ؟



سنور ميديا 

هاوژین عومەر  ڕاوێژكارىى سه‌رۆك كۆمارى عيراق دەڵێت: بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشتر هۆشداری داوە عێراق نەبێتە مەیدانی شەڕی بەوەكالەت.

 

قسەكانی هاوژین عومەر ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باس لە چەند پرسێكی گرنگ لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە دەكات.

 

لە سەرەتای وتووێژەكەدا هاوژین عومەر دەڵێت: پێش ڕوودانی خۆپیشاندانەكانیش، سەرۆك كۆماری عیرَاق بە حوكمی ئەزموونی پێشتری لە ئیدارەدانی حكومەت و دەوڵەتدا، كاری لەسەر چەند تەوەرەیەك دەكرد بەو ئامانجەی عێراق نەگات بەم ڕۆژە لە توڕەیی و مەبەستی بوو پیشخواردنی خەڵكی عێراق كەم بكاتەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنیش لای سەرۆكایەتیی حكومەتە نەك سەرۆك كۆمار، چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوور سنووردارن، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەمان چەند ڕاستییەكە، یەكەمیان ئەوەیە سەرۆك كۆمار ماوەیەك بەر لە ئێستا و لە میانەی كۆبوونەوەیەكی فەرمیدا ڕایگەیاند، كە بەمزوانە بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەت پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای ئاوەدانكردنەوەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان دەكەین، كە بڕگە و ماددەی زۆر گرنگ بە مەبەستی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوە و بوژاندنەوەی عێراق لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەڵگەیەكی دیكەش ئەوەیە سەرۆك كۆمار لە نیویۆرك و لە دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپ و سەرۆكانی گەورە وڵاتانی تر، جەختی لەسەر سێ تەوەر كردەوە، ئەوانیش (بیناكردنەوەی عێراق، بەهێزكردنی ئابووریی وڵات، دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕی بەوەكالەت لە ناوچەكەدا)".

 

ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك كۆماری عیراق نەشیشاردەوە، كە هەوڵ هەیە عێراق لەو ململانێیەی نێوان ئێران و ئەمریكا، یان لەو جەمسەربەندییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، تێوەبگلێنرێت.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند، هەندێك لەو ڕووداوە نەخوازراوانەشی، كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویان دا، لە وێنەی موشەكبارانكردنی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لە لایەن ئیسرائیل و ڕووداوی موشەكبارانكردنی هەندێك دامەزراوەی نەوتیی شانشینی سعودیە، كە بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەكرا سەرچاوەكەی لە عیراقەوە بووە و دواتر بە درۆ خرایەوە، دەرهاویشتەی ئەو هەوڵ و بارودۆخە بوون. چاوەڕوان دەكرا عیراق بكرێتە شوێنی شەڕی بەوەكالەت، بەڵام سەركردایەتیی سیاسیی عیراق، لە سەروو هەمووشیانەوە سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆبوونەوەی بەردەوامی سێ سەرۆكایەتییەكە و هەموو سەركردە و كوتلە سیاسییەكانی دیكەش، هەوڵی زۆریان دا عیراق لەو مەترسییە ڕزگار بكەن، تا ڕاددەیەكی باشیش ئەو مەترسییە لەسەر عێراق دوور خرایەوە. هەر بەوهۆیەشەوە بوو كە لە نیویۆرك سەركردەی گەورە وڵاتانی جیهان پێزانینیان بۆ سەرۆك كۆمار و سەركردایەتیی سیاسیی عیراق دەربڕی، كە تا ئێستا ئەم وڵاتە توانیوێتی خۆی لە شەڕی بەوەكالەت بپارێزرێت و نەچێتە پاڵ هیچ جەمسەرێكی ململانێكانەوە"

 

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عیراق بێئەوەشی دەستنیشانی ئەوە بكات كە ئایا هەوڵەكان بۆ تێوەگلانی عێراق نێودەوڵەتین یان هەرێمی؟، یاخود نێوخۆیی؟ وتی "ئێمە لایەنەكان دیاریی ناكەین، بەڵام وەك دەزانرێت ئەم وڵاتەی ئێمە هێشتا لە ڕووی سەروەریی و مەركەزییەتەوە كێشەی هەیە، هەربۆیە عیراق وەك وڵاتێكی كراوە وایە، هەندێك لایەن لە ناو عیراقدا هەن كە بە هۆكاری سیاسیی بێت یان مەزهەبیی، پەیوەندیی و ئاڕاستەیان لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا هەیە، هەربۆیە زۆر "حەزەر" دەكرا لەوەی ئەم لایەن و گرووپانە شەڕی بەوەكالەت بكەن، بەڵام بە هەوڵەكانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و بە تایبەتیش سەرۆك كۆمار، توانرا هەموو ئەو هەوڵانە پوچەڵ بكرێنەوە و ڕێگە نەدرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە بەوەكالەتە".

 

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووش، هاوژین عومەر جەختی لەوەش كردەوە كە "داواكارییەكانی زۆرێك لە خۆپیشاندەران ڕەوان، ساڵانێكی زۆرە شەقامی عیراقی وەك پێویست خزمەت نەكراوە، پڕۆسەی دامەزراندن نییە، بێكاریی تەشەنەی سەندووە، قەیرانی نیشتەجێبوون هەیە، حكومەت نەیتوانیوە هەندێك بەرپرسی گەندەڵ بداتە دادگا و گەندەڵی سنووردار بكات. لە خۆپیشاندانێكی وەهاشدا كە هیچ لایەن و ڕەوتێكی سیاسیی بە فەرمی خۆیان نەكردۆتە خاوەن و پێشڕەو، دوور نییە دەستتێوەردان و بەلاڕێدابردن و ئاڕاستەكردنی نادروست ڕوو بدەن، هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ فراوانبوونی ئەم خۆپیشاندانانەدا، دەستوەردانی زیاتریش بكرێت".

 

باسی ئەوەت كرد كە هێشتا عیراق بە تەواویی خاوەنی سەروەریی نییە، بەڵام بەپێی ماددەی 67 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق/ ساڵی 2005، پارێزگارییكردن لە سەروەریی خاكی عیراق ئەركی سەرۆك كۆمارە، كەواتە سەرۆك كۆمار چی كردووە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عێراق؟ هاوژین عومەر لە وەڵامدا وتی "بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵح تەنها یەك ساڵە وەكو سەرۆك كۆماری عیراق دەستبەكار بووە، ئەگەرچی عیراق وڵاتێكی پڕ كێشەیە، بەڵام لەم ماوە كەمەشدا چەندین هەوڵی گرنگی داوە لەو پێناوەدا، لەوانە چاككردنی پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، هەروەها هەوڵی داوە عیراق ڕۆڵێكی بێلایەنانەی هەبێت لە كێشەكانی ناوچەكەدا، لەگەڵ چاككردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بە هەوڵی سەرۆك كۆمار و بە تەنسیق لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق، توانرا هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئیداریی بخرێنە ناو مەنزوومەی بەرگریی عێراقەوە و هەموو مەرج و بڕیارە فەرمییەكانیان بە سەردا جێبەجێ بكرێن، ئەم بابەتانە دەچنە خانەی دروستكردنی سەروەریی و مەركەزیەت و بەهێزكردنی ڕۆڵی دامەزراوەكانی دەوڵەت، ئەمانە كۆمەڵێك خاڵن بۆ ئەوەی لە سۆنگەیانەوە عیراق كەسایەتیی سیاسیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە".

 

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك كۆماری عیراق ڕەتی كردەوە، سەرۆك كۆماری عیراق بەغدای جێهێشتبێت و گەڕابێتەوە هەرێمی كوردستان، وتیشی "هەموو ئەوانە "درۆ" و پڕوپاگەندەن لە پێناو دروستكردنی" بەلبەلەی" زیاتر دەكرێن، تا پێش ئەم پەیوەندییە تیلیفۆنییەی ئەم وتووێژە بە هیچ جۆرێك بەرنامە نەبووە سەرۆك كۆمار بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوكاتەی پڕوپاگەندەكە بڵاو كرایەوە، سەرۆك كۆمار لە كۆشكی كۆماریی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆبوونەوەدا بوو بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكان. تا دوو ڕۆژ پێش ئێستاش بڕیار بوو لە ڕۆژی شەممە ساڵیادی كۆچی دوایی "بەڕێز مام جەلال" بە ئامادەبوونی سەركردە و بەرپرسە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەكییەكان لە كۆشكی سەلام بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەو دەنگۆیانە بە هیچ شێوەیەك ڕاست نین كە "بەڕێز سەرۆك كۆمار" گەڕابێتەوە هەرێمی كوردستان، ناوبراو هەر یەكەم ڕۆژ لەگەڵ دوو سەرۆكایەتییەكەی دیكە و بەرپرسانی سیاسیی عیراق كۆبوویەوە، تا دەستبەجێ كۆمەڵێك ڕێوشوێنی پێویست بگیرێنە بەر بە مەبەستی دامركاندنەوەی توڕەیی خەڵك".

 

دەربارەی ئەوەی بۆچی سەرۆك كۆماری عیراق پەیامی ڕاستەوخۆی بۆ خۆپیشاندەران نەبووە؟ هاوژین عومەر وتی "چونكە داواكارییەكان ئاڕاستەی حكومەت كراون، لە ڕووی دەستوورییشەوە دامەزراوەی حكومەت و سەرۆك وەزیران لایەنی یەكەمی جێبەجێكردن و بەرپرس و تایبەتمەندن بەو پڕۆسەیەوە، تەنانەت لە عیراقدا ڕەخنەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی كۆمار و نوێنەرانی كورد لە عێراق نین، چونكە هەموان دەزانن سەرۆكایەتیی كۆمار ڕۆڵی ئیجابی هەبووە لە واقیعی ئێستای عیراقدا، تەنانەت بەشێك لە سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكان دەڵێن ئەگەر گرفتی پشكپشكێنە نەبوایە لە عێراقدا، بۆ ئێمە گرنگتر بوو كە بەرهەم ساڵح سەرۆك وەزیران بوایە، وەك لەوەی كە ئێستا ئەم كابینەیە ئەنجامی دەدات".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure