17شوبات
142 جار بینراوە 3/10/2019 12:07 PM

ئەگەر هەیە خۆپیشاندانەكانی عێراق هەرێمیش بگرێتەوە



سنور ميديا 

موسەننا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: كۆی گشتی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش لەكوردستان زۆر باشترە لەبەشەكانی تری عێراق، بەڵام دوورنییە خۆپیشاندانەكانی شارەكانی عێراق هەرێمیش نەگرێتەوە.

 

قسەكانی موسەنا ئەمین ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باس لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكات، هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ئایا هیج وڵاتێكی دەرەكی لەپشت ئەو خۆپیشاندانانەوەیە؟ هەروەها باس كاریگەری ئەو خۆپیشاندانانە لەسەر هەرێمی كوردستان.

 


موسەنا ئەمین لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراقەوە دەڵێت: تا ئێستا دیار نییە جیاوازی نێوان خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە لەگەڵ جارانی پێشتر ئەوە نەبێت، كە ئەو خۆپیشاندانانەی پێشتر لایەنێكی سیاسی دیاریكراو ڕێكی دەخست، ئەوەی ئێستا خەباتی شەقام و مەدەنی كۆمەڵێكی تر لەخەڵك بەڕێوەی دەبەن و هانی دەدەن، سۆشیاڵ میدیا زیاتر كاریگەری لەسەری هەیە وە داخوازییەكانیش داخوازی چاكسازین، خەڵكی عیراق چاوەڕوانی زیاتر لە حكومەتێك دەكەن كەساڵانە بەدەیان ملیار دۆلارەوە مامەڵە دەكات هێشتا خزمەتگوزارییەكان لەجێگای خۆیدانین وە ئەو ماوەیەش كە پێویست بوو بۆ ئەوەی حكومەت بیكات و دڵی شەقامی عیراقی خۆش بكات نەیكردووە، منیش ناڵێم كێ بەرپرسیارە چونكە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی میراتگری كۆمەڵێك حكومەتی خۆیەتی بەڵام چاوەڕوانیەكانی خەڵكی عیراق زۆر زیاترن لەوەی كە حكومەت دەیكات، حكومەتەكە پڕە لەگەندەڵی و مەحسوبیەت لەكاتێكدا خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا دانامەزرێت بەڵام دەزگا ئەمنیەكان بە فیتی دەرەكی گەورە دەكرێن حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەوەی شەڕ تەواو بووە بەڵام گەورە دەكرێت.

 

موسەنا ئەمین بەدوری زانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا دەستی دەرەكی بیانجوڵێنێت و وتیشی: بەڵام ڕوونە دەستی دەرەكی لە عیراقدا خۆی بونی هەیە سەربەخۆی سیاسی و سەروەری تەواوەتی خۆی نیە جگە لەوەی تا ئێستاش عیراق هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ وە وڵاتانی هاوپەیمان و ئەمریكاش دەخوێنێتەوە، وە كۆمەڵێك هێز لە عیراقدا هەن ڕوون و ئاشكرا وابەستەی وڵاتانی دراوسێن."

 

هەروەها وتی: وانازانم ئەو خوێندەوە ڕاست بێت كە بوترێت دەستی ئێران لەم خۆپیشاندانانەیە تا ئەمریكا لە عیراق سەرقاڵ بكات، چونكە هەتا ئەگەر لە هەندێك دروشمی خۆپیشاندەران لە دوێنێ بڕوانین دەبینین بەشێك لە دروشمەكان دژی ئێرانە، بەڵام بێگومان هەموو ڕوداوێكی ناوخۆیی دەكرێت ببێتە مادەیەك بۆ دەستوەردانی هەرێمی و دەرەكی بەڵام تا ئێستا ئەم خۆپیشاندانانە نەبۆتە ئەوەی دەستی دەرەكی بەڕێوەی ببات، ئەمە تا ئێستا ڕوون نیە تا من بتوانم بیڵێم."

 

دەربارەی ئەوەی ئەم خۆپیشاندانەنەی عێراق چەندە كاریگەری دەبێت لەسەر لەسەر هەرێمی كوردستان ؟ موسەنا ئەمین لەوەڵامدا دەڵێت ئەگەر ئەم جوڵانەوانە بەردەوام بن و دەسكەوتیان هەبێت و زۆربهێنن بۆ حكومەت، دوور نیە كە خەڵكی كوردستانیش ئیلهامی لێوەربگرن و بڕژێنە سەر شەقامەكان، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكیشدا ژینگە و دۆخی كوردستان جیاوازە لە تەواوی شوێنەكانی تری عیراق، من ناڵێم حاڵەتی كوردستان باشە یا چیە، بەڵام حاڵەتی ناوەڕاست و خوارووی عیراق زۆر زۆر خراپە لەباری خزمەتگوزاری و نەبونی دەرفەتی كار وە ڕێژەیەكی بەرچاوی هەژاری و بەسەربازگەكردنی شارەكان حاڵیان زۆر لەكوردستان خراپترە، بۆیە بێگومان زۆر شت هەیە لەكوردستان باشترە لەناوەڕاست و خوارووی عیراق.

 

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق دەشڵێت" ئەمە شتێك نیە من بیڵێم بۆ پشتیوانی لە حكومەتی هەرێم بێگومان حكومەتێكی گەندەڵە كە بەرپرسارە لەهەموو نەهامەتیەكانی خەڵكی كوردستان بەڵام ئەگەر مرۆڤ بەویژدانەوە قسەبكات حاڵی ئەوان زۆر لەهی ئێمە خراپترە، بەڵام ڕەنگە لە "تەقالیدی" دەوڵەتدا حاڵیان لە ئێمە باشتر بێت لەوەی كەلای ئێمە بنەماڵەیەتی تەواو گۆڕەپانی سیاسی لەكوردستان داگیر دەكات بەڵام لە ئەنجامدا كۆی گشتی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش لەكوردستان زۆر باشترە لەبەشەكانی تری عیراق."

 

سەبارەت بەكاریگەری ئەم خۆپیشاندانانە لەسەر گفتوگۆكانی هەرێم و بەغداد وە موچە و بودجەی هەرێم؟ د،موسەنا ئەمین دەڵێت" بێگومان ئەم خۆپیشاندانانە دۆخی سیاسی لەعیراق ئیفلیج دەكات، وە ئایا حكومەت دەست لەكاردەكێشێتەوە یا نا؟ لەحاڵی بونی بێگومان شتەكان بە ئاراستەیەكی تردا دەڕوات لەحاڵەتی مانەوەی ئەم حكومەتەش هەر كاریگەری بەجێ دەهێڵێت بەڵام ئەم خۆپیشاندانانە زیاتر ناوەڕاست و خواروی عیراقی گرتۆتەوە زۆر پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە نیە، وە ژیانی سیاسی و ئیداری لەبەغداد پەكی نەكەوتووە."

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure