يه‌كێتى وپارتى
2652 جار بینراوە 2/10/2019 01:51 PM

پارتى هاته‌ ده‌نگ له‌ له‌سه‌ر نيگه‌رانيه‌كانى قوباد تاڵه‌بانى و يه‌كێتى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى مه‌سرور بارزانى



سنور ميديا 

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ له‌م وتوێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس یه‌ك لیستی كورد له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی نیگه‌رانیه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پێنه‌دانی ده‌سه‌ڵات به‌ قوباد تاڵه‌بانی.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌ی یه‌ك لیستی كورده‌وه‌ ده‌ڵێت، "پێشنیازی یه‌ك لیستی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی تر هی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، بڕیاردارا ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كرد له‌ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌یه‌ك لیست بێت یا به‌یه‌ك ده‌نگ به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كورد، كام لایه‌ن له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ كوردییه‌ براوه‌ و قازانجی یه‌كه‌م به‌ده‌ست ده‌هێنێت؟

 

خه‌سرۆ گۆران وتی: "له‌ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی تر جیاوازه‌، بۆ نمونه‌ له‌ نه‌ینه‌وا له‌ 70% ی ده‌نگه‌كان بۆ پارتیه‌، له‌كه‌ركوك به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ 60% - 65% ی بۆ یه‌كێتی بێت".

 

وتیشی: "له‌ كه‌ركوك لیسته‌ كوردییه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ 26 كاندیدی هه‌بێت، له‌موسڵ ده‌توانین چل و هه‌شت كاندیدمان هه‌بێت بێگومان له‌كه‌ركوك زۆرترین كاندیده‌كان به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێت له‌ موسڵ-یش به‌ر پارتی ده‌كه‌وێت و لایه‌نه‌كانی تریش كاندیدییان ده‌بێت له‌ناو لیسته‌كه‌، به‌ڵام هه‌یانه‌ له‌وانه‌ كاندیدی نابێت".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركرادیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگی كورد، له‌و رووه‌وه‌ وتی: "بێگومان 16ی ئۆكتۆبه‌ر كاریگه‌ری هه‌یه‌ چۆن كاریگه‌ری نیه‌، یه‌كه‌م، پارێزگاری ئه‌و شاره‌ كورد نیه‌، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌كاركه‌وتووه‌ ئاسایش له‌وێ نیه‌، پێشمه‌رگه‌ی لێ نیه‌، پارێزگار ته‌عریب ده‌كات، عه‌ره‌بی هاورده‌ی هێناوه‌ له‌وانه‌یه‌ ساخته‌ بكرێت و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی هێناویانن به‌شداری بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان، ئاواره‌مان هه‌یه‌ له‌هه‌ولێر و شاره‌كانی تر كه‌ناتوانن ده‌نگ بده‌ن بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بكرێت تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ بتوانن ده‌نگ بدات".

 

دوێنێ سێشه‌ممه‌ قادر عه‌زیز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌میانی وتووێژێكیدا رایگه‌یاندبوو: "هۆكاری دانه‌نانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك به‌ته‌نها پارتیه‌ كه‌س كێشه‌ی نیه‌، ته‌نها پارتی پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان نابێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی".

 

به‌ڵام خه‌سرۆ گۆران ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ رێگرنه‌بووین هه‌رگیز رێگریش نابین، لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێكهاتووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تری كه‌ركوك سه‌باره‌ت به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك یه‌ك له‌وانه‌ ده‌ستنیشانكردنی پارێزگارێكه‌ بۆ كه‌ركوك به‌بۆچونی من عه‌ره‌ب و توركمان نایه‌نه‌ پێش له‌و بابه‌ته‌ ئه‌گه‌رنا پارتی هه‌میشه‌ رێزی رێككه‌وتنی خۆی ده‌گرێت له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك".

 

قادر عه‌زیز ئه‌وه‌شی وتبوو، "قوباد تاڵه‌بانی به‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وت نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك پێویست نه‌داوه‌تێ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ یەکێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حکومەتە بەردەوام نابێت، یه‌كێتی چی بكات له‌حكومه‌تێكدا كه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت؟! "ئەگەر وا بڕوات جارێکی تر یەکێتی متمانە ناکاتەوە بەپارتی بۆ رێککەوتن، پارتی به‌جێ به‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی متمانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات بۆ سومعه‌ی خۆی باش نیه‌".

 

له‌و باره‌وه‌ خه‌سرۆ گۆران، گۆران ده‌ڵێت، "واتای چۆن قوباد تاڵه‌بانی ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك پێشتر نه‌دراوه‌تێ؟ خۆ ئه‌وه‌ حكومه‌تی "فیفتی به‌ فیفتی " نیه‌ هی ساڵانی 2005 و 2010 دوو ساڵ كاك نێچیرڤان سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت و دوو ساڵیش كاك به‌رهه‌م سه‌رۆك وه‌زیران بێت، هیچ رێككه‌وتنێكی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 یه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رۆكه‌، جێگر جێگره‌، یاریده‌ده‌ر یاریده‌ده‌ره‌، هه‌ركه‌س ده‌بێت سنوری دیاربێت، "مه‌هام" و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاربێت".

 

خه‌سرۆ گۆران وتیشی: "ئێستا حكومه‌تێكی دیكه‌ هه‌یه‌، حكومه‌تی پێشوو كه‌ كاك قوباد ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو له‌ 2013 هاته‌ ئاراوه‌، ئێستا حكومه‌تێكی تره‌ و هه‌ر حكومه‌ته‌ی سیاسه‌تی خۆی هه‌یه‌ هه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تێك سه‌ڵاحیاتی خۆی هه‌یه‌، چی ده‌كات یا نایكات، ده‌سه‌ڵات ده‌دات یا نادات، یاخود ده‌سه‌ڵات كه‌م ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ستراتیژیه‌تێكی تر و پلانێكی تری هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كان و یاریده‌ده‌ره‌كان و ته‌نانه‌ت جێگره‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت، یا به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتیه‌كان و پارێزگاره‌كان و ئه‌مه‌ ده‌كرێت ئه‌و حكومه‌ته‌ جیاوازی هه‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی تر، به‌ڵام به‌ڕێز كاك قوباد هه‌ر جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌".

 

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌: "هیچ رێگایه‌كی تر له‌به‌رده‌م ئێمه‌ و یه‌كێتیدا نیه‌ جگه‌ له‌ پێكه‌وه‌ كاركردن چ له‌كوردستان چ له‌به‌غدا، چونكه‌ كێشه‌ی قورس و گه‌وره‌مان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت هه‌مووان پێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین ئه‌گه‌رنا هه‌موو لایه‌كمان زیان ده‌كه‌ین".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure