جەمیل بایک
3538 جار بینراوە 1/10/2019 04:15 PM

بۆ يه‌كه‌مجار جه‌ميل بايك ناسنامه‌ى بكوژى كارمه‌نده‌كه‌ى ميت كه‌له‌هه‌ولێر كوژرا ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا 

هاوسەرۆکى کەجەکە جەخت دەکاتەوە، کەى تورکیا دانى بە بوونى کورددا نا ئەو کاتە دەکرێت قسە لەسەر چەکدانان بکرێت، ئاشکراشى دەکات ئەو کارمەندەى میت لە هەولێر کوژرا کارى لەسەر ئێران کردوە.

 

جەمیل بایک هاوسەرۆکى کۆما جڤکێن کوردستان- کەجەکە لەبەشى دووەمى چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ "هاوڵاتى" رایگەیاندوە"كێشه‌ ده‌ست له‌ چه‌كهه‌ڵگرتنی ئێمه‌ نییه‌، كێشه‌ نه‌بوونی دیموكراتیزه‌بوونه‌ له‌توركیاو چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورده‌، ئاشكرایه‌ كه‌ ئێمه‌ بۆچی هانامان بۆ چه‌ك بردووه‌. به‌وهۆكاره‌ی دان به‌هه‌بوونی كورد دانه‌ده‌نرا و هه‌وڵده‌درا به‌گوشارێكی سه‌خت ئیراده‌ی بشكێندرێت و له‌نێو ببردرێت".


هاوسەرۆکى کەجەکە باس لەوەش دەکات،كه‌ی واز له‌ ستراتیژی له‌ناوبردنی كورد بهێنرێت، دان به‌هه‌بوونی كورددا بنرێت، توركیا ببێت به‌وڵاتێكی دیموكراتیانه‌، هه‌بوون و زمان، كلتوورو ناسنامه‌ی كورد به‌ده‌ستوور گه‌ره‌نتی بكرێت، ده‌شێت ئه‌وكاته‌ ده‌ست له‌چه‌كهه‌ڵگرتن بێته‌ رۆژه‌وه‌.


بایک دەشڵێت"ئه‌گه‌رنا تا له‌توركیا دیموكراتیزه‌بوون نه‌بێت، جۆره‌ مۆدێلێكی مایه‌ی په‌سه‌ندو شیاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی كورد نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌ ده‌ستبه‌ردانمان له‌چه‌ك جێگای باس نییه‌".


سەبارەت بە رووداوى تەقەکردنى رێستۆارنتەکەى هەولێر بایک دەڵێت" پێشتریش رامانگه‌یاندبوو كه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌و روداوه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌كانیشدا به‌دیكرا، كۆمه‌ڵێك گه‌نجی نیشتمانپه‌روه‌ر ئه‌و چالاكییه‌یان ئه‌نجامداوه‌. چالاكییه‌ك نییه‌ كه‌ ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مان رێكیخستبێت و جێبه‌جێی كردبێت".


هەروەها باس لەوەش دەکات زۆر باش ده‌زانن كه‌ كۆنسوڵخانه‌ی تورك له‌هه‌ولێر كراوه‌ به‌باره‌گای میت خودی ئه‌ندامه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی میت دانیان به‌م راستییه‌دا ناوه‌.


لەبارەى لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر شەهیدبوونى ژمارەیەک لە سەرکردەکاتیان هاوسەرۆکى کەجەکە جەختیکردەوە، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌سه‌ر بكه‌ر، جێگرو به‌رپرسیارانی ئه‌و كرده‌یه‌ هەڵویستە دەکەن و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، رونیکردەوە، بەدڵنیایەوە هه‌ركه‌سێكیان بۆ ده‌ستنیشان ببێت كه‌جێگه‌یان له‌م كۆمه‌ڵكوژییانه‌دا گرتووه‌ كاری پێویستیان لەبەرامبەر ده‌كه‌ن و هێشتاش لێكۆڵینه‌وه‌كانمان به‌رده‌وامن. به‌ڵام په‌یوه‌ندیمان به‌و روداوه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ نییه‌.


لەبارەى ئەوانەى لەو رووداوەدا کوژراون جەمیل بایک ئاشکرای کرد" دوای رووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر ئاشكرابوو كه‌كه‌سه‌ كوژراوه‌كه‌ كارمه‌ندێكی كۆنسوڵخانه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو سیخوڕێكه‌ له‌سه‌ر ئێران كاری ده‌كرد، ده‌شزانرێت كه‌ به‌شێك له‌كاروباره‌كانی میت له‌سه‌ر ئێران لەباشوری كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. به‌و هۆكاره‌ی كه‌سه‌ كوژراوه‌كه‌ (میت) بوو كه‌سانێك هه‌وڵیاندا رووداوه‌كه‌ به‌ئێمه‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure