قادر عه‌زيز
609 جار بینراوە 1/10/2019 10:23 AM

قادر عزيز ڕاستى ڕه‌فاتى پارتى ئاشكرا ده‌كات به‌رامبه‌ر گۆڕان و يه‌كێتى



سنور ميديا

قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتى ئاشكراى ده‌كات" بەداخەوە یەك لەسیاسەتەكانی پارتی وایە سەرەتا هەتا ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان دەكات هەموو نەرمونیانیەك دەنوێنێت، هەموو ئامادەكارییەك نیشان دەدات، بەڵام دوای ئەوەی ڕێككەوتنەكان دەكرێت و ئیشەكانی خۆی جێ بەجێ دەكرێت پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە نابێت كە لەگەڵ لایەنەكانی كردووە واتە ئامادە ناییت مافی بەرامبەرەكەی بدات ئەمە سیاسەتێكی خراپە، ئەمە بۆ "سومعەی" خۆیان خراپە ناییت پارتی حیزبێكی سەرەكیە لەكوردستان بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ ڕێككەوتنەكاندا بكات. ئەگەر وا بڕوات جارێكی تر یەكێتی متمانە ناكاتەوە بەپارتی بۆ ڕێككەوتن."

 

 

 

قسەكانی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە دەشڵێت: قوباد تاڵەبانی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتووە، كە نیگەرانە لەوەی سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی وەك پێویست نەداوەتێ.

 

هەروەها دەڵێت: یەك لیستی هێزە كوردستانییەكان مەرجی سەركەوتنی كوردە لەم هەڵبژاردنەدا، یەكێتی بەرژەوەندی گەلەكەمان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكان دەخاتە سەرو بەرژەوەندی خۆیەوە.

 

دەربارەی ئەوەی ئایا هۆكاری یەكلایی نەكردنەوە و دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە پۆستی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی هەیە بە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتیەیوە یا كێشە و ڕازی نەبوونی كەمەنەتەوایەتیەكانی تری كەركوكە لەسەر كاندیدی كورد بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك؟، قادر عەزیز دەڵێت: یەكێتی كێشەی نییە، كەس كێشەی نییە تەنیا پارتییە ڕێككەوتنەكان جێبەجێناكات و هۆكاری دەست بەكارنەبوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك تەنیا پارتییە بەداخەوە ئەمە ئاماژەیەكی خراپە و بۆ خۆیان زیان دەكەن ئەگەر وابێت لەمەودوا هیچ متمانەیەك بە ڕێككەوتنەكان نامێنێت وە یەكێتیش دەبێت بڕیاری خۆی بدات ئەگەر پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبێت ، چونكە یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە بەشداری لەحكومەت كردووە نەك لەسەر بنەمای تر.

 

قادر عەزیز ئەوەشی وت: بۆ حكومەتی كوردستانیش تا ئێستا ئەو ڕێككەوتنە سیاسیەی هەیە پارتی وەك خۆی جێبەجێینەكردووە تا ئێستا دەسەڵاتی تەواوی نەداوە بە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەت خەریكە چەندین یاریدەدەر بۆ خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر حسابی یەكێتی و گۆڕان، بەڕاستی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانن لەم هەڵسوكەوتە وە پێمان باشە بۆ ئەوە "میسداقیەتە" لەنێوانماندا بمێنێت بۆ ئایندەش ئێمە پابەندی ڕێككەوتنەكان بین، ئەو ڕێككەوتنانەی حكومەتی لەسەر دامەزراوە، ئەو ڕێككەوتنەی پارێزگاری كەركوك، پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكان بێت، وە حەزدەكەم بزانی بەشداری یەكێتی لەحكومەت لەسەر بنەمای ئەم ڕێككەوتنانەیە ."

 

باشە ئەگەر پارتی هەر ڕازی نەبوو لەسەر دەست بەكاربوونی كاندیدی پارێزگاری كەركوك وەك خۆت دەڵێیت، هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت؟ قادر عەزیز لەوەڵامدا وتی: ئێستا یەكێتی چاوەڕوانی دوابەڵێنی پارتیە لەمەسەلەی ڕێككەوتنەكان، ڕۆژی ڕابردوتر وتەبێژی یەكێتی لێدوانی دا دەڵێت" ئێمە بەجدی چاوەڕێین پارتی ڕێككەوتنەكان جێ بەجێ بكات خۆ ئەگەر هەر جێ بەجێی نەكرد ئەوا دیارە وەك دەڵێن بۆ هەموو ئەگەرێك قسەیەك هەیە.

 

پارتی بە ئێوە ناڵێت بۆچی پابەند نابێت بە ڕێككەوتنەكان لەگەڵتان" وەك خۆت دەڵێیت؟ قادر عەزیز بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و وتی: بەداخەوە یەك لەسیاسەتەكانی پارتی وایە سەرەتا هەتا ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان دەكات هەموو نەرمونیانیەك دەنوێنێت، هەموو ئامادەكارییەك نیشان دەدات، بەڵام دوای ئەوەی ڕێككەوتنەكان دەكرێت و ئیشەكانی خۆی جێ بەجێ دەكرێت پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە نابێت كە لەگەڵ لایەنەكانی كردووە واتە ئامادە ناییت مافی بەرامبەرەكەی بدات ئەمە سیاسەتێكی خراپە، ئەمە بۆ "سومعەی" خۆیان خراپە ناییت پارتی حیزبێكی سەرەكیە لەكوردستان بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ ڕێككەوتنەكاندا بكات. ئەگەر وا بڕوات جارێكی تر یەكێتی متمانە ناكاتەوە بەپارتی بۆ ڕێككەوتن."

 

هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێم ناڕازین وەك خۆت دەڵێیت؟ قادر عەزیز وتی: وەك باسم كرد تا ئێستا دەسەڵاتی تەواو نەدراوەتە "قوباد تاڵەبانی" كە تاكە جێگری سەرۆكی حكومەتە، هەتا هەندێك لەوەزیرەكانیش ئەمە ئاماژەیەكی خراپە و پابەند نەبوونی پارتی بەڕێككەوتنەكە دەردەخات چونكە ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر بنەمای "شەراكەتە" لەو حكومڕانیەدا."

 

ئایا قوباد تاڵەبانی بە ئێوە وەك مەكتەبی سیاسی یەكیتی وتووە نیگەرانم چونكە هیچ دەسەڵاتێكم ناداتێ وەك پێشتر سەرۆكی حكومەت؟ قادر عەزیز لەوەڵامدا دەڵێت: بەڵێ، بەڵێ، پێی وتوین و نەیشاردۆتەوە كە تا ئێستا وەك پێویست دەسەڵاتەكانی نەدراوەتێ، "كاك قوباد" ئەمەی بە بەمەكتەبی سیاسی وتووە و مەكتەبی سیاسی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات وە بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەكی خراپە، وە یەكێتی ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت، ئەگەر خەڵكەكەی دەسەڵاتی نەبێت لەناو حكومەت كەواتە یەكێتی چی دەكات لەناو حكومەت؟."

 

ئاشكراشیكرد، بڕیارە لەهەفتەی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆببنەوە ئەم مەسەلانە یەكلایی بكەنەوە كە پارتی بۆچی پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت و لەسەر چ بنەمایەك ئەم ڕێككەوتنانە كراوە؟

 

قادر عەزیز ئەوەشی وت: ئەم سیاسەتەی پارتی هەڵەیە دەیكەن و زیان بە خۆیان و حكومەتەكەی خۆیان دەگەیەنن، یەكێتی هێزی سەرەكیە لەبەشداری كردنی لەم حكومەتەدا، ئەوان دروشمی كوردستانی بەهێزیان بەرز كردۆتەوە، ئایا بەم شێوەیە كوردستان بەهێز دەبێت؟ بەم شێوەیە حكومەتەكە بەهێز دەبێت؟ ئەمە بۆ خۆیان خراپە." بڕیاری كشانەوە لە حكومەت دەدەن؟ قادر عەزیز وتی" نا ئێستا زووە بۆ ئەو بریارە ، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەكێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حكومەتە بەردەوام نابێت."

 

سەبارەت بەیەك لیستی حزبە كوردیەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت " یەك لیستی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان پێشنیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لایەنەكانی تریش ڕازی بوون، چونكە بەلای یەكێتیەوە یەك لیستی كورد لەو ناوچانە گرنگە چونكە ئەو ناوچانە ناوچەی جێناكۆكن و تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە بۆیە پێویستە كورد زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنیت یا لانی كەم، دەنگی كورد كەم نەكات ، یەكێتی لەو ڕوانگەیەوە داوای یەك لیستی كردووە، خۆشبەختانە هەموو لایەنەكان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە ئەم یەك لیستیە پێویستە تا بتوانین زۆرینەی دەنگی نەك كورد بەڵكو دەنگی غەیرە كوردیش بەدەست بهێنین، ئێستا تەنها ماوەتەوە سەر لۆگۆ و دیاریكردنی سەرۆكی لیست و ناوی كاندیدەكان بۆیە وەك ئاماژەم پێی كرد بەرژەوەندی كورد لەوەیە كە زۆرترین كورد بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكات."

 

ڕاشیگەیاند" یەكێتی لەڕوانگەی حیزبی و بەرژەوەندی حیزبیەوە سەیری ئەو ناوچانە" ناوچە جێناكۆكەكان" ناكات، یەكێتی لەڕوانگەی بەرژەوەندییەكانی كوردستانەوە سەیر دەكات لەبەرامبەر پێكهاتەكانی تر ئەو ناوچانە تا ئێستا ناوچەی جێناكۆكن دەبێت كورد بوونی خۆی لەو ناوچانە بسەلمێنێ دەنگەكانی كەم نەكات وەك دەزانرێت كورد شەش كورسی هەیە لەپەرلەمانی عیراق هەر شەشی هی یەكێتیە بەڵام یەكێتی لەڕوانگەی نەتەوایەتیەوە دەڕوانێت نەك بەرژەوەندی و كێبڕكێی حیزبی ، كێبركێیەكە دەتوانین لە شارەكانی تری هەرێم بكرێت بەڵام نابێت لەكەركوك ناوچە جێناكۆكەكان بیكەین."

 

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی وت" لە دوو ڕۆژی ئایندە ناوی كاندیدیدانی لیستەكەش دیاری دەكرێت، كورسییەكان دابەش نەكراون بەڵكو هەر كاندیدە دەنگی خۆی دەهێنێت، لەم لیستەدا یەك دەنگی كورد بەفیڕۆ ناچێت ئەگەرچی یەكێتی حیزبی سەرەكیە لەو ناوچانە بەڵام گرنگ ئەوەیە دەنگەكان بۆ كورد دەبێت."

 

قادر عەزیز جەختییكردەوە یەكێتی هەمان جەماوەری پێش 16ی ئۆكتۆبەری هەیە، لەو ڕوەوە وتی" یەكێتی سەنگ و قورسایی پێش 16ی ئۆكتۆبەری ماوە ئەگەرنا چۆن شەش كورسی دەهێنا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا." ئەگەر خەڵك پێی وابێت یەكێتی لەكەركوك خیانەتی لێكردوون ئەی بۆ ئەو هەموو دەنگەی پێدەدەن بۆ دەنگیان بە هیچ حیزبێكی تر نەدا؟ ئەمە تۆمەتێكە لە ئەنجامی شكستی ڕیفراندۆم ، چونكە ئەوانەی ڕیفراندۆمیان كرد تا خۆیان لە بەرپرسیارێتیەكە بدزنەوە و شكستی خۆیان دابپۆشن دەڵێن یەكێتی خیانەتی كردووە ، بەڵام ئەوە قەناعەتی میللەتی ئێمە نیە ئەوەی كەركوكی بەجێ نەهێشت وە ئەو ناوچانەی بەجێنەهێشت تەنها یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لەبەر ئەوە خەڵك بەچاوی خۆی لە "ئەرزی واقیعدا" ئەم شتانە دەبینێت و گوێ نادات بەم پڕوپاگەندانە، یەكێتی دڵنیایە لەوەی كە دەنگی جارانی پێشوو پێش 16ی ئۆكتۆبەر دەهێنێتەوە لەكەركوك، خۆ ئەگەر خۆشی ئەم دەنگە نەهێنێتەوە لیستی كوردی ئەم دەنگە دەهێنێتەوە، لیستی كوردی بۆ یەكێتی گرنگە ، چونكە مەسەلەكە بەرژەوەندی یەكێتی خۆی نیە ، بەڵكو زیاتر بەرژەوەندی كوردە لەم ناوچانە."

 

قادر عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەكرد" ڕازی بوونی یەكێتی لەسەر ئەوەی كەسێكی بێ لایەن ببێتە سەرۆكی لیست بەشێكی ڕەنگە پەیوەندی هەبێت بەوەی كەپارتی ڕازی نەدەبوو كەسێكی یەكێتی ببێتە سەرۆكی لیست، بەشێكی تریشی پەیوەندی هەبوو بەوەی یەكێتی وەك حیزبی گەورە لەو مەسەلەیەدا ڕەفتاری نەكردووە یەكێتی لەڕوانگەی ئەوەی دەنگەكانی كورد بەفیڕۆ نەچێت مامەڵەی كردووە وە هەركەس دەبێتە سەرۆكی لیست ئێمە زیان ناكەین ئەو كەسە بۆ خۆمان "كەسب" دەكەین، كاتی خۆی "كاك عەبدولڕەحمان مستەفا" پارێزگار بوو پیاوێكی نیشتمان پەروەرە، كاتی خۆی كە پارێزگار بوو لەیەكێتی نزیك بوو، یەكێتیش و لایەنەكانی تریش لەسەری ڕازین بەڵام هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە بەڵام یەكێتی پێی باشە ئەمە حیزبانە نەكرێت و لەدەرەوەی حیزبایەتی بێت."

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure