مه‌لا به‌ختيار
4258 جار بینراوە 29/9/2019 08:15 AM

مه‌لا به‌ختيار بڕيارى كۆتايى له‌باره‌ى جێهێشتنى يه‌كێتـى و دروست كردنى حزبى نوێ ئاشكرا كرد



سنور ميديا

مەلا بەختیار كارگێرى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى باس له‌ سود وه‌رگرتنى له‌ تاڵه‌بانى و نه‌وشيروان مسته‌فا ده‌كات و  جه‌خ ده‌كاته‌وه‌ى له‌وه‌ى ئەلتەرناتیڤی یەكێتیی، هەر یەكێتیە لەلای ئه‌و و ده‌شڵێت " ئێمە بەردەوامبووین. هەموو ئەو تۆمەتانەشی بۆیان هەڵدەبەستین، هەموویانمان پوچەڵكردەوەو هەموو ئەوانەشی پێیانوابوو مەلا بەختیار، حزب دروستدەكات، حزبمان دروستنەكردو بەردەوامیشین."

 

 

مه‌لا به‌ختيار له‌و وتاره‌ى دا ده‌شڵێت " لێرەشەوە جەختدەكەمەوە، كە دابڕان‌و رۆشنگەریی، هەموو ئەو هەڤاڵ‌و هاوبیرانەشی پێكەوە كاردەكەین، لێرە نە حزبین‌و نە لێرەش حزب دروستدەكەین. نە بیروباوەڕی ئەوەشمان هەیە، لەئاییندە حزب دروستبكەین‌و بەهیچ شێوەیەك بابەتێكی لەو شێوەیە لەهزر‌و بەرنامەشماندا نییە."

 

له‌ به‌شێكى ترى وتاره‌كه‌ى ڕاشى ده‌گه‌يه‌نێت " لێرەشەوە، دەیڵێمەوە: ئەلتەرناتیڤی یەكێتیی، هەر یەكێتیە لەلای من‌و مێژوویەكی دوورودرێژیش ناگۆڕمەوە، بەمێژوویەك كە تازە دەستپێبكات. بۆیە فەلسەفە بابەتێكەو ئایدۆلۆژیاش بابەتێكی ترە. بزوتنەوەی رۆشنگەری بابەتێكەو حزبایەتیش، بابەتێكی ترە.

 

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت " كە باوەڕ ناكەم لەمێژووی پەنجا ساڵی ئاییندەشدا، مامۆستایەكی وەكو مام جەلال-مان بۆ هەڵبكەوێتەوە!چونكە هەموو ئەو بابەتانەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین، ئەو قوڵببووە تیایدا، لە فەلسەفە‌و ئەدەبدا، لەسیاسەتیش هەڵكەوتووبوو. ناشیشارمەوە، كاك نەوشیروانیش پیاوێكی گەورەبوو، لەو سەردەمەشدا پێكەوەبووین‌و زۆر شتی لێوە فێربووین. لەزمانی كوردی لەو فێربووین. لەهەندێ‌ بابەتی فەلسەفی، ماركسیەت‌و مادیەت لەو فێربووین. لەرێكخستن لەو فێربووین، لەمەنهەجییەتی نوسین‌و رەخنەگرتن لەو فێربووین. زۆرشت هەبوو كە كاك نەوشیروان لەدوای جەنابی مام جەلال، بەڕِاستی دووانەی رابەرایەتی ئەم شۆڕشە بوون‌و ئێمەو مانانیش هەبووین‌و ئێستاش بەردەوامین."

 

وتاره‌كه‌ى مه‌لا به‌ختيار له‌ ميانه‌ى ئه‌وه‌ هات , ئێوارەی دوێنێ شه‌مه‌ (28/9/2019) لەبارەگای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، رێوڕەسمی نۆژەنكردنەوەی بارەگاكەو كردنەوەی سایتی روانگەو رەخنە، بەئامادەبوونی ژمارەكی زۆر لەرۆشنگەران، لێكۆڵەرو توێژەرو نوسەران، ئەكادیمیان‌و مامۆستای زانكۆو لێپرسروانی حزبی‌و حكومی بەڕێوەچوو.مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، وتەیەكی بەو بۆنەیەوە پێشكەش كردو ئەمەی خوارەوەش دەقی وتەكەیە.

 

 

ده‌قى وتاره‌كه‌كه‌ له‌ سايتى پيوكه‌ى ميدياوه‌ وه‌رگيراوه‌ ..میوانانی ئازیز..

خوشك و برایان، بەخێربێن بەسەرچاو..

 

ئەمڕۆ بۆ ئێمە‌و هەموو ئەوانەی لەرێبازی رۆشنگەری، مەدەنیەت‌و سیكولارزیم ماندبوون، رۆژێكی گرنگە.

 

بۆ یەكەمینجار لەساڵی 1996 یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژمان بەست‌و وتمان بەردەوام دەبین. بەڵام وایانزانی بەدوو سێ‌ فێستیڤاڵ پەكمان دەكەوێت، بەڵام ئێستا 23 فێستیڤاڵمان رێكخستووە.

 

وتمان گۆڤاری گەلاوێژ بەردەوام دەبێ‌، هەموو نوسەرەكان لەوكاتەدا وتیان، ئەوپەڕی دوو سێ‌ ژمارەی تر، وەكو هەموو مەسئولەكانی تر، پشتمان تێدەكەن‌و بەردەوام نابێ‌! بەڵام ئێمە بەردەوام بووین لەپشتیوانیكردنیان، كەچی خۆیان بڕیاریاندا لەدوای 34 ژمارە، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ‌، رابگیرێت.

 

هەر لەو رێرەوەدا، گۆڤاری مەدەنییەتمان دەكرد، دیسان پێیانوتین: دوو سێ‌ ژمارەمان پێدەردەچێ‌‌و دیسان پەكتان دەكەوێت، ئەویش زیاتر لە30 ژمارەمان دەركرد‌و دواتر دەستەی نوسەران خۆیان بڕیاریاندا، رەوتەكەیان بگۆڕدرێت.

 

كاتێك رۆژنامەی چاودێرمان دەركرد، خۆشمان وامان مەزندە دەكرد، ئەوپەڕی ساڵێك بتوانین بەرگە بگرین! چونكە ئەركەكە زۆر قورس بوو، رۆژنامەیەكی زۆریش هەبوو لەمەیدانەكەدا، بەڵام لەساڵی 2004-ەوە بەردەوام بووین، تا ساڵی پارو ئێستاش گۆڕیومان بەرۆژنامەی ئەلیكترۆنی، دوایئەوەی 600 ژمارەی 16 لاپەڕەیی هەفتەمانەمان دەركرد. كە تاكە رۆژنامەش بوو، لەهەموو ناوچەكە كە 8 لاپەڕەمان تەرخانكردبوو، بەناوی روانگەو رەخنە، لەسەر ئیسلامگەرا. كە رەخنە بوو بۆ ئازادی ئەقڵ، بۆ فەلسەفە‌و بۆ پێشكەوتن.

 

دواتریش كۆنفرانسی دابڕانمان سازدا، دوایئەوەی داعش‌و ئەندێشەی داعش مەترسییەكی گەورەی لەسەر كۆمەڵ، ئەقڵ، ژن ‌و پیاو هەبوو، ئێمە ئەو خەباتە فكریی‌و فەلسەفەییەی ساڵەها، هەر لە1996-ەوە دەستمان دابووێ، دەبوو وەربچەرخێ‌ لەپچڕ پچڕییەوە، بۆ ئاراستەیەكی دیاریكراوی فەلسەفی. كاتێكیش یەكەمین كۆنفرانسی دابڕانمان بەست، خۆتان بینیتان، ئاسان نەبوو لەوڵاتێكی دواكەوتوو، هزری ئیسلامگەرا زاڵبوودا، بتوانین زەنگێكی دابڕان لێبدەین‌و داببڕێین، لەنەریتێكی چەقبەستوو، لەهزری فەلسەفی چەقبەستوو. بەڵام بەداخەوە لەكۆنفرانسی یەكەم باش تێماننەگەیشتبوون، زیاتر لە73 مامۆستای بەڕێز، لەمزگەوتەكانەوە هێرشێكی بەربڵاویان كردە سەرمان، بەڵام ئێمە هەر بەئارامی وەڵامماندانەوە. لەكۆنفرانسی دووەمیشدا، ئەوانیش ئارام بوون‌و لەسێهەمینیشدا دەنگیان نەما‌و لەكۆنفرانسی چوارەمیشدا، هەندێكیان پیرۆزباییان لێكردین.

 

چونكە بۆیان دەركەوت كە رێبازەكەمان، رێبازێكی ئەقڵانییە‌و رەخنەیەكە لەپێناو ئەقڵانیكردنی دین، نەك بەفەرامۆشكردنی دین! نایشارینەوە، بەردەوام وتومانەو ئێستاش دەیڵێینەوە، كە: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كوفرو ئیلحاد‌و تەوهینكردن بەبڕواو عەقیدەی هیچ كەسێك. بەپێچەوانەوە رێزی دەگرین‌و باوەڕیشمانوایە، هەر سیكولاریستێك، رۆشنگەرێك، رێز لەعەقیدە نەگرێ‌، ئەوا رێز لەفەلسەفەكەی خۆیشی ناگرێت. لەبەرئەوەی لەسنوری ئازادی هەموو سیكولاریستێك، هەموو رۆشنگەرێك‌و ئازادیخوازێك لەوێ‌ تەواو دەبێ‌، كە سنوری ئازادییەكانی تر رێز لێدەگرێت‌و ئازادی رەهاش بۆ هیچ فەلسەفەیەك نییە‌و هەموو ئازادییەكیش رێژەییە‌و سنوری هەموو ئازادییەكیش لەوێ‌ تەواو دەبێ‌، كە فەلسەفەو عەقیدەكانی تر دەستپێدەكات.

 

ئێمە بەردەوامبووین. هەموو ئەو تۆمەتانەشی بۆیان هەڵدەبەستین، هەموویانمان پوچەڵكردەوەو هەموو ئەوانەشی پێیانوابوو مەلا بەختیار، حزب دروستدەكات، حزبمان دروستنەكردو بەردەوامیشین.

 

لێرەشەوە جەختدەكەمەوە، كە دابڕان‌و رۆشنگەریی، هەموو ئەو هەڤاڵ‌و هاوبیرانەشی پێكەوە كاردەكەین، لێرە نە حزبین‌و نە لێرەش حزب دروستدەكەین. نە بیروباوەڕی ئەوەشمان هەیە، لەئاییندە حزب دروستبكەین‌و بەهیچ شێوەیەك بابەتێكی لەو شێوەیە لەهزر‌و بەرنامەشماندا نییە.

 

لێرەشەوە، دەیڵێمەوە: ئەلتەرناتیڤی یەكێتیی، هەر یەكێتیە لەلای من‌و مێژوویەكی دوورودرێژیش ناگۆڕمەوە، بەمێژوویەك كە تازە دەستپێبكات. بۆیە فەلسەفە بابەتێكەو ئایدۆلۆژیاش بابەتێكی ترە. بزوتنەوەی رۆشنگەری بابەتێكەو حزبایەتیش، بابەتێكی ترە.

 

ئێستاش خەرمان بەرەكەت، شەنوكەوێكی خۆمان كرد‌و لەحاڵی خۆمان كۆڵییەوەو سایتەكانیشمان تاوتوێ‌ كردەوە، راپرسیمان كردووەو لێكۆڵینەوەیەكی وردی كارەكانمان كردو گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە ئێمە، چوار سایتمان هەیە: گەلاوێژی نوێ‌، دابڕان، چاودێرو ئێستاش سایتێكی تر، بەئامادەبوونی ئێوەی بەڕێز، بەناوی روانگەو رەخنە دەكەینەوە. كە روانگەی لەسەر هەموو رووداو و دیاردەكان. رەخنەشی هەیە لەسەر هەموو دیاردەو روداوەكان، روانگەی ئەقڵانی‌و رەخنەی ئەقڵانی. بەهیچ شێوەیەك، نە شەتەكدراوی حكومەتەو نە بەستراوەتەوە بەحزبەوە، نە رۆژنامەیەكی ئازاد، ئازادی لیبراڵییە، بەڵكو رێبازێكی ناڤینینی رەخنەگرانەین. حكومەتی خۆمان خۆشدەوێت، تا ئەوەندەی ئیجابیاتەكانی بەدیدەكەین‌و رەخنەشی لێدەگرین، تا سلبیاتەكانی دەبینین. روخاندنی ئەم حكومەتەش بەتاوان دەزانین، هەر قەڵەم‌و رۆژنامەنوسێك‌و هەر حزبێكیش، بیەوێ‌ ئەم حكومەتە بڕوخێنێ‌، كە تاكە ئومێدی هەر چوارپارچەی كوردستانە، بە تاوانی دەزانین. بەڵام ئەوەش تاوانە، ئەم حكومەتە رێگە نەدا رەخنەی لێبگرین! ئەوەش تاوانە ئەم حكومەتە دەرگای پەنجەو ئەقڵ‌و مەعریفەو رەخنەكان دابخات لەبەردەم، هەموو هزرو رەخنە جوانەكان.

 

نۆژەنكردنەوەی ئەم بارەگایە،ش لەسەر حسابی، ئەم بەڕێزەیە كە ناوی هاوبیرەو بیرو رەفتار‌و فەلسەفەی ئێمەی بەدڵە، بەبێئەوەی رۆژێك لەرۆژان، هیچ داوایەكی لەئێمە هەبووبێ‌، یان ئێمە داوایەكمان لەو هەبووبێ‌، بەخۆبەخش ئەم كارەو كاری تریشی بۆ كردووین‌و سوپاسی دەكەین.

 

هەروەك چۆن هەموو گۆڤارەكانی دابڕانیش، یەك دیناری لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە نەدراوە‌و بەڕێزی تر وەكو ئەم كاكە هاوبیرە یارمەتیداوین.

 

كە یەكێكی تر لەبەشەكانی ناوەندەكە، ئەم هۆڵەیە، كە بەناوی باری خۆشەویستم، شەهیدێك كە بەمامۆستاو رابەری ئەخلاقی خۆم‌و سەدان تێكۆشەرو هەزاران قارەمانی كوردستانی دەزانم، بەناوی ئازاد هەورامی، ناومناوە.

 

ئازاد گەورەیە. ئازاد بمابایە، دەبوایە من هاوكاری بومایەو ئێستا ئەمكارە ئەو دەیكرد. كۆمەڵێك لەو روانگانەی ئێستا قسەی لەبارەوە دەكەم، شەهید ئازاد لەساڵی 1981‌و 1982قسەی لەبارەوە دەكردن كە ئێمەومانان هیچمان لێنەدەزانی.

 

دڵنیاشم ئەگەر بمابایە، دەبوو ئێمەومانان هاوكاریمان بكردایە‌و زۆر لەئێمە باشتر لەم تێكستانە‌و لەم فەلسەفە، رەخنە، ئەدەب‌و لەم دنیا جوانە تێدەگەیشت. ئەوكاتە ئەو هەمیشە رۆمانێكی پێبوو، شریتێكی جوانی ئەگۆرانیانەی پێبووكە خۆی بەدڵی بوو، رۆمان، چیرۆك‌و شیعری دەخوێندەوە، شیعری مەحمود دەروێشی بۆ دەخوێندینەوە. فەلسەفەی بەناسكی وەردەگرت، نەك بەدۆگم! گەرچی ئێمە ئەوكاتە هەتارادەیەك پابەند بووین بەفەلسەفە‌و ئایدۆلۆجییەتی ماركسی، بەڵام ئەو وانەبوو، بەكراوەیی سەیری دەكرد. دیموكراسیانە سەیری دەكردو ئازاد ئازادانە سەیری دەكرد. ناوی ئازاد بوو، بەڵام بەڕاستی هزری ئازادبوو، ئازاد ئازاد بوو بەمانای وشە. بۆیە ئەو مامۆستای ئێمە بوو لەم بوارەدا‌و یەكێك بوو لەمامۆستاكانمان، چونكە مامۆستای زۆرمان هەبوو لەشۆڕشدا.

 

 

 

كە باوەڕ ناكەم لەمێژووی پەنجا ساڵی ئاییندەشدا، مامۆستایەكی وەكو مام جەلال-مان بۆ هەڵبكەوێتەوە!چونكە هەموو ئەو بابەتانەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین، ئەو قوڵببووە تیایدا، لە فەلسەفە‌و ئەدەبدا، لەسیاسەتیش هەڵكەوتووبوو. ناشیشارمەوە، كاك نەوشیروانیش پیاوێكی گەورەبوو، لەو سەردەمەشدا پێكەوەبووین‌و زۆر شتی لێوە فێربووین. لەزمانی كوردی لەو فێربووین. لەهەندێ‌ بابەتی فەلسەفی، ماركسیەت‌و مادیەت لەو فێربووین. لەرێكخستن لەو فێربووین، لەمەنهەجییەتی نوسین‌و رەخنەگرتن لەو فێربووین. زۆرشت هەبوو كە كاك نەوشیروان لەدوای جەنابی مام جەلال، بەڕِاستی دووانەی رابەرایەتی ئەم شۆڕشە بوون‌و ئێمەو مانانیش هەبووین‌و ئێستاش بەردەوامین.

 

هاتنی ئێوە پشتیوانییە بۆ ئێمەو سوپاستان دەكەین، سوپاسی ئەوانەش دەكەین كە نەیانتوانی تەشریف بهێنن‌و دڵنیاین زۆرن ئەوانەی هاوكاری ئێمەیان كردووە كە مەنزڵ بگەیەنینە ئێرە. كە لەمانگی چواردا هەم فێستیڤاڵی گەلاوێژ و هەم كۆنفرانسی دابڕان‌و لە 1/10شدا فێستیڤاڵی سینەمای سلێمانی دەبەستین. ئەگەرچی تائێستا هیچ جۆرە بودجەیەكی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابین نەكراوە، بەڵام سوپاسی سەرۆك وەزیران دەكەین، كە بودجەكەی ئیمزا كردووە، بەڵام جارێ‌ جێبەجێ‌ نەكراوەو ئێمەش فێستیڤاڵەكەمان رانەگرتووە. هاتنی ئێوەش مایەی باوەڕبونتانە بەم فەلسەفەیە‌و بەدنیای ئازادو رەخنەی ئازاد‌و ئەقڵانی هەیە. لەئێوە پشتیوانی‌و لەئێمەش بەرهەم.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure