شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2442 جار بینراوە 27/9/2019 03:43 PM

شاناز ئيبراهيم ئه‌حمه‌د دۆخى نێو ماڵى تاڵه‌بانى ده‌ته‌قێنێـته‌وه‌



سنور ميديا

بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردە باڵاکانی حزبەکەی و کوڕەکانی تاڵەبانی ده‌گرێت، بەهۆی داخستنی چەند کەناڵێکی میدیایی سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی.

 

پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو هەواڵی داخستنی کەناڵ و ماڵپەڕەکانی (کوردسات، کوردسات نیوز، SNNC) بڵاو کرایەوە، شاناز برایم ئەحمەد لە وتارێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە (فەیسبووک)، باسی لەوە کرد کە لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە، ئەوان "بە شەڕ و دەمەقاڵێ و هەڕەشە و هەندێکجاریش قوربانی و سەدەقە" پارەی دەزگا میدیاییەکانی یەکێتییان دابین کردووە.

 

شاناز برایم، ئۆباڵی نەخۆشکەوتنی هێرۆ برایمی خوشکی کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، بۆ خودی حزبەکەی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "پاش ئه‌وه‌ی له‌ داخی ئه‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌رییانه‌، ته‌ندرووستیی داده‌ تێك چوو، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات، به‌ڵكو خاك و ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بار و كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركووك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیریی كه‌ركووك و ماڵی ئێزدییەکان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ دیاریی مام و داده‌ بوون، كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به‌ كورد ئایدڵشه‌وه‌".

 

شاناز برایم پێیوایە، یەکێتییەکەی ئەمڕۆ "چیتر نه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌‌ و نه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی مامه‌ و نه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی جاری جارانه". دەشڵێت: "هه‌ندێك له ‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سندووقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر، ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه‌ و دیارییانه‌ی مام و داده‌ و یه‌كێتی".

 

دووپاتیشی کردووەتەوە: "بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره‌ وه‌ك له‌ بادینان سات، لای ئه‌وان سه‌یاره‌ و ده‌مانچه‌ و پله‌ و پۆست به‌خشینه‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌ هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد)، بێگومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره‌ سوودی زیاتره‌ وه‌ك له‌ دابینكردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو".

 

هەروەها باسی لەوە کردووە کە سەرکردەکانی یەکێتی "به‌ خه‌فه‌كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، ده‌توانن له‌سه‌ر کورسییەکانیان بمێننه‌وه‌، نه‌ك به‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ماڵی هه‌مووان".

 

ڕەخنەی توندیشی لە "بێهەڵوێستی و بێباکیی کوڕانی مامە" گرتووە و ڕوونی کردووەتەوە، "له‌ لایه‌كه‌وه‌ خۆیان كردووه‌ته‌ دەمڕاستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندووه‌".

 

بۆیە هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە بەڵگەوە، دیارنەمامنی مووچەی مام جەلال هەر لە کاتی نەخۆشکەوتنیەوە تا ئەمڕۆ و بڕینی بودجەی مام جەلال و هێرۆ برایم و زۆر بابەتی دیکە دەخاتە ڕوو.

 

ده‌قى نوو سينه‌كه‌ 

ماڵه‌كه‌ی هه‌مووان

هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی مامی ڕابه‌رمانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا مانگ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ شه‌ڕ و ده‌مه‌قالێ و هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ندێك جاریش قوربان و سه‌ده‌قه‌ به‌شێك له‌ پاره‌ی كوردسات و ده‌زگا و میدیاكانی یه‌كێتیم له‌ملاوله‌ولاوه‌ دابین نه‌كردبێت ، له‌ پاش كۆچی دوایی مامه‌وه‌ ئیتر كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یانجار ئه‌و په‌نجه‌ره‌ جوانه‌ی كوردساتیان به‌رووماندا داخست و بینه‌رانیان له‌ كه‌ناڵه‌ ئازیزه‌كه‌یان بێبه‌ش كرد و ته‌نانه‌ت مافی بۆن كردنی ئه‌و چڵه‌ نیرگزه‌ خۆشه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین ..!

 

خۆ له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ داخی ئه‌و هه‌موو ناداد په‌روه‌رییانه‌ ته‌ندروستی داده‌ تێك چوو ، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات به‌ڵكو خاك و ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و ( س.ن.ن) و مناڵپارێز و گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بار و كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركوك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك و ماڵی ئیزدیه‌كان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ دیاری مام و داده‌ بوون كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به‌ كورد ئایدڵشه‌وه‌ ..!

 

لێره‌دا كێشه‌كه‌ ته‌نیا كوردساتی ماڵی هه‌مووان نیه‌ ، كوردسات ئاوێنه‌ی ماڵه‌گه‌وره‌كه‌یه‌ ، واته‌ یه‌كێتی

 

هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گوزه‌رێت گوزارشت له‌و راستیه‌ ئه‌كات كه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ چیتر نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی مامه‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاری جارانه ، هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سنوقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه‌ و دیارییانه‌ی مام و داده‌ و یه‌كێتی

 

بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره‌ وه‌ك له‌ بادینان سات لای ئه‌وان سه‌یاره‌ و ده‌مانچه‌ و پله‌ و پۆست به‌خشینه‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌ هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد) بێگومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره‌ سودی زیاتره‌ وه‌ك له‌ دابین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو ..

 

ئه‌وان به‌ خه‌فه‌كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان ئه‌توانن له‌سه‌ر كورسیه‌كانیان بمێننه‌وه‌ نه‌ك به‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ماڵی هه‌مووان ..!

 

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ خودی خوم جێی داخه‌ ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و بێ باكیه‌ی كوڕانی مامه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ خۆیان كردوه‌ته‌ ده‌مراستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندوه‌ ..!

 

له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دیارنه‌مانی مووچه‌ی مام ( هه‌ر له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ) و بڕینی نه‌سریه‌كه‌ی و بڕینی نه‌سریه‌ی داده‌ و زۆر بابه‌تی هه‌ستیاری تر ئه‌خه‌مه‌ ڕوو ، چونكه‌ نه‌ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ و نه‌ ماڵی هه‌مووان شایانی ئه‌وە نین كه‌ به‌م ڕۆژه‌ بگه‌ن ..!!

 

رێزو حورمه‌تی بێ پایانم بۆ ستافه‌ به‌ ئه‌مه‌ك و دڵسۆزه‌كه‌ی كه‌ناڵی نیرگزه‌ بۆنخۆشه‌كه‌ی ماڵی هه‌مووان


ده‌ستی ماندووی گشت كارمه‌ندانی خاك و بادینان سات و كه‌ركوك و س.ن.ن و سه‌ربازه‌ گومناوه‌كانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ئه‌گوشم ..
به‌ڵێن بێت‌ تا دووا هه‌ناسه‌ پشتتان به‌رنه‌ده‌م

شاناز برایم ئه‌حمه‌د
٢٥-٩-٢٠١٩

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure