ئه‌بوبه‌كر عه‌لی
73 جار بینراوە 27/9/2019 03:09 PM

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی: په‌یامی ریفراندۆم شكستی نه‌خواردوه‌



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكی پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان پێی وایه‌ په‌یامی ریفراندۆم هێشتا شكستی نه‌خواردوه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ توشی ئەو شکستە نەدەبوین، توشی ئه‌و شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین".

 

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، نوسه‌ر و ئه‌ندامی پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان به‌ ده‌نگى ئه‌مريكايى رایگه‌یاند:"بڕوام بەسەربەخۆیی هەیە ئایندەمان لەگەڵ عیراقدا نییە، ئەگەر عیراق دەوڵەتێکی خۆشگوزەرانی وەک بەریتانیا بووایە ئێمە سکۆتلەندییەکان بوینایە ئاساییە داوای سەربەخۆیی بکەین چ جای لە عیراقێکدا کە دنیایەک کێشە و میلیشیا و داڕوخاوی تێدایە."



راشیگه‌یاند: جۆری ئیداره‌كردنی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌ بووبه‌شێك له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌ك هه‌ر په‌شیمان بونه‌وه‌ له‌ ریفراندۆم، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌ كاری كرد."

 

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی ده‌شڵێت: "دوای ڕوداوە مێژووییە گەورەکان و جەنگی داعش کە یەکێک بوو لەوانە ئێمە ئەگەر تەوافوقی ناوخۆمان هەبوایە و ڕوداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر نەبوایە ئێمە ئەو چارەنوسەمان نەدەبوو کە ئێستا هەمانە، خۆزگە ئێمە ساڵێک پێش ئەوە ریفراندۆممان بکردایە کە گەرمەی شەڕی داعش بوو شانسی سەرکەوتن زیاتر دەبوو".

 

بە وتەی ئەو ئەندامەی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەگرتوو، "ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ توشی ئەو شکستە نەدەبوین توشی ئه‌و شەرمەزارییە نەتەوەییە نەدەبوین و چەند هەنگاوێک لەسەربەخۆیی نزیک دەبوینەوە ".

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتوێژه‌كه‌دا ئه‌و نوسه‌ره‌ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ شانازی به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌كات و رایگه‌یاندوه‌: "به‌هیچ جۆرك نه‌ك په‌شیمان نیم شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌م چونكه‌ ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌ به‌هۆی منه‌وه‌ ڕووی نه‌داوه‌ به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ڕویداوه‌ كه‌خه‌ڵكانێك لێپرسراوێتی نیشتمانیان نه‌گرتوه‌ته‌ ئه‌ستۆ تاسه‌ر له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌كه‌ نه‌بوون و نه‌یانتوانی ته‌وافوق بپارێزن و لێپرسراوێتی به‌رگریكردنیان نه‌پاراست".

وتیشی: "ئه‌گه‌ر چه‌ند ڕۆژێك به‌رگریمان بكردایه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌نوسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كوردستان و ڕیفراندۆمیش به‌وجۆره‌ نه‌ده‌بوو."

 

رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكانیش 93%ی دەنگی بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی، دواتر حكومەت و پەرلەمانی عیراق چەندین بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد و ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر راگیران.

 

لە 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێم ده‌ستی‌ پێكرد و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لە شاری‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو و داقوق کشانەوە و هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبی ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ‌ كرده‌وه‌ و ئاڵای‌ كوردستانیان له‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان له‌ شوێنی‌ هه‌ڵكرد.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure