زه‌ماوه‌نگه‌
276 جار بینراوە 24/9/2019 11:17 AM

ژیانی ده‌یان خوێندكار له‌ مه‌ترسی دایه‌



اسنور ميديا  - محەمەد مەحمود


ئه‌گه‌ر مناڵان دڵخۆش بن له‌ وه‌رزی زستان دا كاتێك باران به‌ خوڕ ده‌بارێت، ئه‌وان سه‌قفێك هه‌یه‌ بچنه‌ ژێرییه‌وه‌ و خۆیان له‌ باران بپارێزن و بخوێنن، ئه‌وا مناڵانى گوندى (زه‌ماوه‌نگه‌)، كه‌ له‌ژێر سه‌قفی قوتابخانه‌كه‌یاندا ده‌بن، زیاد له‌ هه‌ر كاتێك ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

له‌ قوتابخانه‌ى ئه‌و گونده‌ نزیكه‌ى كه‌لار دا، فێرخوازه‌كان چه‌ند ساڵێكه‌ له‌نێو بینایه‌كدا ده‌خوێنن، كه‌ دیواره‌كانى درزی زۆر گه‌وره‌یان تێبوه‌، به‌ راده‌یه‌ك ترس هه‌یه‌ به‌سه‌ریاندا بڕوخێت.

وه‌ك له‌وێنه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌دا دیاره‌، قوتابخانەی گوندی (زەماوەنگە)ی سەر بە کەلار كه‌ له‌م رۆژانه‌دا خوێندن تیایدا ده‌ستیپێكرد، به‌هۆی درز و شه‌قبردنى دیواره‌كانى، كه‌مترین راده‌ى ئه‌مانی تێدایه‌، به‌ڵكو بۆ خۆی بوه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى فێرخواز و مامۆستاكان.

محەمەد حه‌مه‌ كه‌ریم ، ئەنجومەنی گوندی زەماوەنگە، لەلێدوانێکیدا بۆ (رادیۆی ده‌نگ) وتی: قوتابخانەی گوندەکەمان درزێکی زۆر لە دیوارەکانی دروست بون و مەترسی لەسەر بیناکە ھەیە.

وتیشی: پێشتر جارێک نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام ئێستا درزێکی زۆر لە دیوارەکانی دا دروست بون، بۆیە بەناوی دانیشتوانی گوندەکەوە داوای چاککردنەوەی بیناکە یان دروستکردنی بینایەکی نوێ دەکەین.

مامۆستایەکی قوتابخانەکەش باس لەوە دەکات کە بیناکە بە کەڵکی چاککردن و نۆژەنکردنەوە نایەت.

لۆزان عەلی، وتی: قوتابخانەکە بەکەڵکی نۆژەنکردنەوە نایەت، پێویستە سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: چەند جارێک پەیوەندیان بەلایەنی پەیوەندیدارەوە کردوە، بەڵام تائێستا بیناکە وەک خۆیەتی.

لەم قوتابخانەیەدا لە پۆلی یەکی سەرەتایەوە تا پۆلی نۆی بنەڕەتی تێدا دەخوێنرێت، نزیکەی 70 فێرخواز لەخۆ دەگرێت.

به‌ڵام وادیاره‌ ئه‌و 70 فێرخوازه‌ به‌ته‌نیا نین، به‌ڵكو به‌وته‌ى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ بینای قوتابخانه‌كان، پێویستیان به‌ چاكسازیی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

عەدنان حسێن، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە وەکالەت، باسی لەوەکرد کە نوسراویان بۆ وەزارەتی پەروەردە کردوە لەوبارەوە.

وتی: "لەم رۆژانەدا نوسراوی ژمارە (٥۳۱۷)م تازە کردوەتەوە و ناردومە بۆ وەزارەت لەبارەی مەترسی روخانی قوتابخانەکان، جەنابی وەزیر بەڵێنی داوە هەمو کارێکمان بۆ بکات بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد: 11 قوتابخانە لەسنوری گەرمیان مەترسی روخانیان هەیە کە زۆرینەیان لە گوندەکانن.

هه‌تا وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ وه‌ڵامى نوسراوه‌كه‌ى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان ده‌داته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندى ده‌رده‌بڕێت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بینای قوتابخانه‌كه‌یان و تا ده‌ست به‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت، چه‌ندین مانگ ده‌بات ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین چه‌ندین ساڵ، ئه‌م ماوه‌یه‌ش ده‌بێت هه‌مو رۆژێكی فێرخوازان و مامۆستایانى قوتابخانه‌ى (زه‌ماوه‌نگه‌)، ده‌ست له‌سه‌ر دڵ بن كه‌ نه‌ك له‌كاتێكدا كه‌ سه‌رقاڵی خوێندنى وانه‌ن، یان پێكه‌وه‌ سرودی "خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ى" ده‌ڵێنه‌وه‌، له‌ پڕێك دا بیناكه‌یان به‌سه‌ردا بڕوخێت.

251482492019_70299372_2631065070314641_549658678907633664_n.jpg

391482492019_70452877_2631064816981333_4581067170804400128_n (1).jpg

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure