يه‌كێتى
653 جار بینراوە 22/9/2019 12:35 PM

كۆمەڵێك كادیری یەكێتی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە



سنور میدیا

لەڕاگەیەنراوێکدا ژمارەیەک لە کادیرانی یەکێتی هۆشداری ئەوە دەدەن پیلانگێڕی هەیە بۆئەوەی یەکێتی کۆنگرە لەکاتی بڕیاردراودا نەبەستێت، هەروەها دەڵێت، ئەنجامدانی گۆڕانكاری ‌و نوێكردنەوەی پەیكەر‌و سیاسەت ‌و ستراتیژی یەكێتیی لەهەر كاتێك زیاتر بووە بەپێویستیەكی حەتمی ‌و دواخستنیشی لەژێر هەر پاساوێكدا دەچێتەوە خانەی خزمەت بە نەیارانی یەکێتی، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکیەکانی ناوخۆی یەکێتی و هەوڵەکانی ئیمتیازات بەخشینەوە و پشک پشکێنە بەردەوامە.

 

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، روداوو پێشهاتە بەپڕۆگرام خوڵقێندراوەكانی ئەم دواییە، سەلمێنەری بێچەندو چۆنی ئەو ڕاستییەن كەئەنجامدانی گۆڕانكاری ‌و نوێكردنەوەی پەیكەر‌و سیاسەت ‌و ستراتیژی یەكێتیی لەهەر كاتێك زیاتر بووە بەپێویستیەكی حەتمی ‌و دواخستنیشی لەژێر هەر پاساوێكدا دەچێتە خانەی خزمەت نەیارو مەرامە نابەجێكانی ئەوان دەكات بەجێگرەوە، بەمەیش نەك هەر یەكێتیی، ئایندەو ئەزمونی دیموكراسی هەرێم‌ بەتەواوەتی دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە.

 

باس لەوەش دەکات، رێگریكردن ‌و ئاستەنگ نانەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لەكەركوك، رێگریكردن لەپێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، تۆخكردنەوەی سنورە ڕەنگكراوەكانی نێوان شارەكان ‌و هەوڵدان بۆ زیندوكردنەوەی باو بالۆرەكانی سەردەمی شەڕی سەپێندراوی ناوخۆ، بەشێكی كەمن لەو پیلانگێڕیانەی دەكرێنە سەر فەزا گشتییەكەی هەرێم، تا لەرێگەیەوە لەمپەر بخەنە بەردەم چوارەم كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و لەئاستە جیاكاندا گەمارۆی بدەن و لەبەرامبەردا هەژموونی تاك حزبی بەكۆمەڵایەتی بكەن.

 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە :
بەرەو كۆنگرە،
كۆنگرەی نوێبوونەوەو گۆرانكاری‌

هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.


تا دێ‌، وادەی بڕیار لێدراوی ئەنجامدانی چوارەم كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، نزیك و نزیكتر دەبێتەوە، لەگەڵیدا، مەترسیەكان ‌و هەوڵە هەمە لایەنەكانی پیلانگَێڕان بۆ ڕێگریكردن لەكۆنگرە، چڕو پڕتر‌و فراوانتر دەبن، نەیار زۆر باش دەزانێ‌ یەكێتییەكی بەهێز، بە پەیكەر‌و ستراتیژێكەوە نوێ، مەترسییە بۆ سەر گشت ئەو هێزانەی دەیانەوێت هەژمونی تاكڕەهەندگەرایی خۆیان بەسەر كوردستاندا بسەپێنن.

هەڤاڵانی خۆشەویست.
روداوو پێشهاتە بەپڕۆگرام خوڵقێندراوەكانی ئەم دواییە، سەلمێنەری بێچەندو چۆنی ئەو ڕاستینەیەن كەئەنجامدانی گۆڕانكاری ‌و نوێكردنەوەی پەیكەر‌و سیاسەت ‌و ستراتیژی یەكێتیی لەهەر كاتێك زیاتر بووە بەپێویستیەكی حەتمی ‌و دواخستنیشی لەژێر هەر پاساوێكدا دەچێتەوە خانەی خزمەت نەیارو مەرامە نابەجێكانی ئەوان دەكات بەجێگرەوە، بەمەیش نەك هەر یەكێتیی، ئایندەو ئەزمونی دیموكراسی هەرێم‌ بەتەواوەتی دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە.

 

رێگریكردن ‌و ئاستەنگ نانەوە بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لەكەركوك، رێگریكردن لەپێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە، تۆخكردنەوەی سنورە ڕەنگكراوەكانی نێوان شارەكان ‌و هەوڵدان بۆ زیندوكردنەوەی باو بالۆرەكانی سەردەمی شەڕی سەپێندراوی ناوخۆ، بەشێكی كەمن لەو پیلانگێڕیانەی دەكرێنە سەر فەزا گشتییەكەی هەرێم، تا لەرێگەیەوە لەمپەر بخەنە بەردەم چوارەم كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و لەئاستە جیاكاندا گەمارۆی بدەن و لەبەرامبەردا هەژموونی تاك حزبی بەكۆمەڵایەتی بكەن، ئەمە جگە لەو مەترسیە دەرەكیانەی لەسەر سازدانی كۆنگرە هەیە.

 

زۆر بەداخەوە، هاوكات لەگەڵ ئەم ڕاستییانەی سەرەوە، تا ئەم ساتەیش لەناوخۆی یەكێتییەكەماندا، مەترسیەكان لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرەی گۆڕانكاری هەر هەن و ماویانە كاڵبكرێنەوە، تا ئەم ساتەیش خواست بۆ كۆنگرەی تەوافوقی‌ و پشك پشكێنەو هەڵمەتی ئیمتیازات بەشینەوە بەردەوامە‌و، هەرچی زووە دەبێ‌ بەر بەوەها ڕەوشێك بگیردرێت، بەپێچەوانەوە كۆنگرەو دەرئەنجامەكانی كۆنگرە لا سەنگ دەكات، ئەمەیش نە لەبەرژەوەندی یەكێتییدایەو نەخزمەت بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستانـ"ـیش دەكات.

 

هەڤاڵان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمانەتی دەست هەڤاڵ "مام جەلال" و خوێنی شەهیدانە، مافی خاوەندارێتیكردنی لەلای هەموو یەكێتیەكانە، جەماوەرەكەی، ئەندامەكانی، كادرەكانی، پێشمەرگەو تەواوی تێكۆشەرەكانی بەدێرین و نوێكانییەوە، بەزیندانیەكانی، كەمئەندامانی سەنگەر‌و خانەوادە سەربڵندەكانی شەهیدانیەوە، بەرپرسن لەئایندە‌و چارەنوسی ئەم حزبە خۆنەویست و گیانبازە، ڕاسپاردەی هەڤاڵ"مام جەلال"ـە دەبێت دەست بگرین بەپاراستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە‌و گەشەپێدانی، ئەمەیش تەنها‌و تەنها بەكۆنگرەیەك دەكرێ‌ تەژی بێت لەگۆڕانكاری و بدرەوشێتەوە لەنوێبوونەوەدا، بەئەنجامدانی كۆنگرەیەك دەكرێت بەمانای وشە دوربێت لەپشك پشكێنە‌و تەوافوقات، بەكۆنگرەیەك دێتە دی گشت پێكهاتە‌و دیدگە‌و ستراتیژی یەكێتی لەڕەگەوە نوێ بكاتەوە تا رۆڵی گەورەتر بگێڕێت لەگەشەپێدانی ئەزمونی دیموكراسی و خزمەتكردنی گەلەكەمان و گەیاندنی بەكەناری ئارام.

 

تەئكید دەكەینەوە، روداوەكانی ئەم دواییەی ڕویانداو لەمەو دوایش ڕوئەدەن، سەرجەمیان بۆ ساردكردنەوەی یەكێتیەكانە لەكۆنگرە، گشتیان لەپێناو تەمومژاویكردنی ئینتیمای هەڤاڵانی یەكێتییەو نەیار دەیەوێ‌ لەم ڕێگەیەوە دوا گورزی بهاوێت، هەر بۆیە دەبێت یەكێتیەكان بەگیانی شۆڕشگێرانەوە هەر هەنگاوێكیان بكەن بەدوان و ئەم حەقیقەتە بكەنە توێشوی هێنانە ئاراوەی كەش و كاروانی گۆڕانكاری ‌و نوێبونەوە، تا یەكێتی وەك هەمیشە هێزێكی كاریگەر‌و گەورە بمێنێتەوە لەكوردستان‌ و عێراق‌ و ناوچەكەدا.

 

ئێمەیش، وەك كۆمەڵێك كادیرو میدیاكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەخەباتمان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەو بۆ داكۆكیكردن لەیەكێتیی ‌و شكۆی حزبە سەوزەكەی شەهیدان، هەمیشە پێشەنگ دەبین ‌و درێغی ناكەین، بەیەكەوە بەرەو ئەنجامدانی كۆنگرەی نوێبوونەوەو گۆڕانكاری، بەیەكەوە بەرەو نەیار تەزاندن و دوژمن بەزاندن وەك هەمیشە.

كۆمەڵێك كادری
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
21 / 9 / 2019

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure