دانا مه‌نمى
395 جار بینراوە 10/9/2019 12:43 PM

مانگه‌شه‌وی ریفراندۆمه‌كه‌ی مه‌سعود به‌رزانی سه‌ر له‌ ئێواره‌ دیاربوو



 

ریفراندۆم درۆیه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئایدۆلۆژیای هێزێكی سیاسی كوردی بوو له‌ ژێر دروشم و شیعاراتی قه‌ومی دا ئامانجیان چه‌ته‌گه‌ری بوو له‌ داهاتی سامانه‌ سروشتیه‌كاندا ،نه‌ك دروستبوونی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆی بۆكوردستان ،له‌جه‌وهه‌ردا ئه‌فسانه‌ی ریفراندۆمه‌كه‌ی مه‌سعود به‌رزانی ناوه‌رۆكێكی به‌تاڵ بوو ، مه‌سعود به‌رزانی و حزبه‌كه‌ی هێنده‌ی ئامانجیان په‌رده‌پۆشكردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم بوو هێنده‌ خواستی سه‌ربه‌خۆییان نه‌بوو ،خودی شانۆگه‌ری ریفراندۆم مه‌هزەلەیه‌كی چه‌واشه‌كارانه‌ی پارتی بوو كه‌ یه‌كێتی و گۆڕانیان هێنایه‌ ڕیزی خۆیان تا به‌یعه‌ت به‌ خودی مه‌سعود به‌رزانی بده‌ن .

 

نوسه‌رێكی به‌ریتانی به‌ناوی ( مارتین جه‌ی ) له‌ وتارێكیدا له‌ ژێر ناونیشانی(خۆكوژیی سیاسیی ـ ته‌قدیره‌ هه‌ڵه‌كانی بارزانی) نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت :" به‌رزانی رێك ئه‌و قسه‌یه‌ی چارلۆت برۆنتی ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت گوریسێك ده‌ده‌ی به‌ پیاوێك بۆ خۆرزگاركردنی به‌ڵام ده‌یئاڵێنێ له‌ ملی و خۆی پێ ده‌خنكێنێت". مه‌به‌سته‌كه‌ی ( مارتین جه‌ی ) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سعود به‌رزانی له‌ ریفراندۆم دا ئه‌زموونی سیاسی و حوكمڕانی و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی كوردی تێكو پێكدا و كوردستانی به‌خاك و خه‌ڵكه‌وه‌ تا لێوای فه‌وتان برد ، مه‌سعود به‌رزانی به‌بێ ووردبوونه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌وكاتی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی و هیچ حیساباتێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رچاو نه‌گرت ، ریفراندۆم پێچه‌وانه‌ی مژده‌و به‌ڵێن و پێشبینیه‌كانی مه‌سعود به‌رزانی و حزبه‌كه‌ی كوردی به‌بێ پشتیوان و بێ دۆست له‌ئاستی ناوخۆی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هێشته‌وه‌ .

 

كورد به‌هۆی هه‌ڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی مه‌سعود به‌رزانی و حزبه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ڕیفراندۆم دا (هێزو خاك و هاوپه‌یمانیه‌تی ) له‌ ده‌ستدا ،هه‌ربۆیه‌ مه‌سعود به‌رزانی له‌ كات و سات و ده‌رفه‌تێكی نه‌گونجاودا ده‌ستی بۆ پرۆژه‌یه‌كی نه‌گونجاو برد ، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی كورد ( ئه‌مریكاو ئه‌وروپا) له‌ ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ڕ ڕێگه‌یان به‌ سوپای عێراق دا كه‌ كه‌ركوك داگیر بكات ،ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ریفراندۆم نه‌بووایه‌ كه‌ركوك به‌پێی رێكه‌وتنه‌كان و به‌ هاوبه‌شی له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ و سوپاوه‌ به‌رێوه‌ ده‌برا، دۆخی كه‌ركوك بۆخۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاڵۆزبوو ، ڕه‌فتاره‌كانی مه‌سعود بارزانی و حیزبه‌كه‌ی له‌ ڕیفراندۆم دا ئاڵۆزتری كرد .

 

ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ریفراندۆم نه‌بووایه‌ كورد هه‌م نه‌وته‌كه‌ی خۆی وهه‌میش به‌شێك له‌ نه‌وتی كه‌ركوكیشی ده‌فرۆشت ،ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی ریفراندۆم نه‌بووایه‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و ئیداره‌ی فرۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌ ده‌ستی كورد ده‌بوون ، عیراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌كو دوو لایه‌نی گرفت له‌ كه‌ركوك سه‌یر ده‌كران ،نه‌ك هه‌موو دونیا پشتیوانی له‌ عێراق بكات ، مانگەشەوی دەوڵەتەکەی مەسعود بارزانی سەر لە ئێوارە دیاربوو ئامانجیشی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی مافیای بوو كه‌ نیشتیمانی به‌ڵكو مه‌شروعی نیشتیمانی و ده‌وڵه‌تسازی له‌ باربرد، هه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كی مه‌سعود به‌رزانی ئه‌وه‌بوو ڕیفراندۆمی له‌ ڕه‌هه‌نده‌ نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی دابری و به‌رگێكی حیزبی و دواتر به‌وه‌ش ڕازی نه‌بوو به‌رگێكی شه‌خسی بڕی به‌ باڵادا ، له‌ هه‌موو گرنگتر ئه‌جێندای ریفراندۆم شانۆگه‌ری دروستكردنی پاڵه‌وان بوو به‌ ناوی دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌ .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure