عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح
502 جار بینراوە 7/9/2019 01:00 PM

تۆڕێكى گه‌وره‌ گه‌نده‌ڵيه‌كى گه‌وره‌يان كردوه‌ پێش حه‌وت ڕۆژ



سنور ميديا 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حه‌وت ڕۆژ پێش ئێستا به‌ نوسراوێک له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان "گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌و مه‌ترسیدار کراوه‌"، دەشڵێت، "هه‌رچه‌نده‌ به واژوی به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی کراوه‌، به‌ڵام تۆڕێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ پشته‌".

 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی بەناونیشانی "سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان" نوسیویەتی، "حه‌وت ڕۆژ پێش ئێستا به‌ نوسراوێک له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان گه‌نده‌ڵیه‌کی گه‌وره‌و مه‌ترسیدار کراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به واژۆی به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی کراوه‌، به‌ڵام تۆڕێکی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌ پشته‌، تێپه‌ڕبونی ئه‌م نوسراوه‌ گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ و بێ ده‌سه‌ڵاتکردنی حکومه‌ته تا چوار ساڵی دیکه‌ له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا ".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ته‌نیا ئه‌م کاغه‌زه‌ به‌هاکه‌ی ٧٣٨ ملیۆن دۆلاره‌، قازانجی قۆرخکاری زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلاره، ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگه‌ ڕێگا به‌ هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت هاورده‌و هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه‌کانی نه‌وتی خاوبکات".

 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح دەشڵێت، "حه‌وت ڕۆژ پێش ئێستاو لە ٢٠١٩/٩/١، ڕه‌سدێکی ٤١ ملیۆن ته‌نی بۆ هه‌موو جۆره‌کانی به‌رهه‌می نه‌وت، ده‌درێته‌ یه‌ک کۆمپانیای نه‌ناسراو، به‌مه‌ش تا چوار ساڵی حکومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵات و بڕیارێکی به‌سه‌ر به‌رهه‌می نه‌وتدا نامێنێت".

 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌سید به‌هیچ کۆمپانیایه‌ک نادرێت و ته‌نیا به‌م کۆمپانیا دراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیا ته‌نیا ڕه‌سید بفرۆشێت ئێستا ته‌نی ١٨ دۆلار ده‌کات، به‌مه‌ش ته‌نیا به‌م کاغه‌زه‌ ٧٣٨ ملیۆن دۆلاری ده‌ستده‌که‌وێت".

 

رونیشیکردەوە، "ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به‌ڕێوەبه‌رێک ئیمزای کردوه‌ به‌هاکه‌ی ١٠ ملیار دۆلاره‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه‌ ڕێگا پێدانێکی وا گه‌وره‌ واژۆبکات، چ جای به‌ڕێوبه‌رێکی گشتی".

 

هەروەها دەشڵێت، "ئه‌گه‌ر هاورده‌کردنی ئه‌م سوته‌مه‌نیه‌ بۆ ناو هه‌رێمی کوردستان و عێراق بێت چه‌ندینجار مه‌ترسیدارتره‌، چونکه‌ نه‌فتاو کۆندێنسه‌یت ئێستا له‌گه‌ڵ ماده‌ی پترۆ کیمیاوی تێکه‌ڵده‌کرێن و وه‌ک به‌نزین ده‌فرۆشرێت، که‌ ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه‌، به‌های ئه‌م مامه‌ڵه‌یە نزیکه‌ی ١٠ ملیار دۆلاره‌، که‌ ئه‌مه‌ش قه‌باره‌یه‌کی گوماناویه‌، له‌کاتێکدا کۆی داهاتی نه‌وتی بۆری له‌ ساڵێکدا ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی ٣ ملیار دۆلاره‌، ئیتر ئه‌م هه‌موو به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌ له‌ کوێوه‌ دێت، چۆن ساغ ده‌بێته‌وه‌".

 

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی وت، "ئه‌م کۆمپانیا نه‌ناسراوه‌ ئه‌م هه‌مو توانایه‌ی له‌ کوێ بو له‌ ڕۆژێکدا هەزار و 120 تانکه‌ر به‌ به‌رهه‌می نه‌وته‌وه‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و یان بیهێنێت؟، ته‌نیا ئه‌و پاره‌ی وه‌ک مه‌نه‌فێست ده‌ستده‌که‌وێت ڕۆژانه‌ ٥٨٠ هه‌زار دۆلار ئه‌ویش ته‌نیا کاغه‌زێکه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ند کۆمپانیایه‌ک دروستی ده‌که‌ن و به‌ ئیجباری ده‌یده‌نه‌ بارهه‌ڵگره‌کان و ئۆتۆمبیلی دیکه‌ش، داهاته‌که‌شی بۆ خۆیانه‌".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure