د.شۆڕش حاجی
238 جار بینراوە 4/9/2019 05:33 PM

شۆڕش حاجی‌: دروستكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی حزبه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نێك بۆ هۆزه‌كانی ئه‌مه‌زۆن دروست بكه‌ین



سنور ميديا 

شۆڕش حاجی‌ ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند كه‌ له‌ده‌وڵه‌تانی دنیا ئه‌نجومه‌نی حزبه‌كان نییه‌ و له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخین كه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ كارێكی‌ له‌وشێوه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ "بچین ئه‌نجومه‌نێك بۆ هۆزه‌كانی ئه‌مه‌زۆن دروست بكه‌ین و ره‌نگه‌ شتی تری به‌دواوه‌ بێت".

 

د.شۆڕش حاجی ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ‌ ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا كه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس نه‌كراوه‌ تا به‌ناوی جڤاتی نیشتمانی یا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ باسی بكه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم بۆچونی تایبه‌تی خۆمه‌ به‌ڵام بۆچونه‌كه‌ی خۆشم بۆچونێك نیده‌ له‌خۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت وه‌ك ده‌زانرێت یه‌كێكین له‌دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پره‌نسیبه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌پێی ئه‌و پره‌نسیبانه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ له‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ دامه‌زراوه‌ی هاوچه‌رخ كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان "مه‌رجه‌ع" بێت هه‌م بۆ ده‌ركردنی یاسا و چاودێریكردنی حكومه‌ت، هه‌م بۆ باسكردنی هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یا هه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تر كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دواڕۆژی گه‌له‌كه‌مان".

 

د.شۆڕش حاجی ده‌ڵێت: "ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان به‌ڕێكردووه‌ كه‌ سه‌رده‌می شاخ بوو له‌ "غیابی" په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌موو حزبه‌كان ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت ئه‌نجومه‌ن ئێستا، به‌ڵام ئه‌وكات به‌ره‌ی كوردستانی بوو بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی گه‌له‌كه‌مان ده‌بوه‌وه‌ تا یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بین كه‌ ئه‌وه‌ 28 ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ په‌رله‌مان ببێته‌ مه‌رجه‌ع".

 

د.شۆڕش حاجی ده‌ڵێت: "مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌ی كوردستانی له‌وكاته‌دا گرنگ بوو بۆ یه‌كخستنی رای لایه‌نه‌كان، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕی سه‌رده‌می ئێستا، سه‌رده‌می په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ده‌وڵه‌ته‌كانی دنیا ئه‌نجومه‌نی سیاسی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا نییه‌، من خۆم وه‌ك شۆڕش حاجی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌سی یه‌كه‌م و دووه‌می حزبه‌كان یا له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان یا له‌ناو حكومه‌تدا بن له‌ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان هیچ كه‌س مه‌رجه‌ع نه‌بێت".

 

دوێنێ سێشه‌ممه‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو كه‌ "پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی حزبه‌كان گرنگه‌ چونكه‌ هه‌ندێك حزب هه‌یه‌ نه‌ له‌ناو حكومه‌ت نه‌ له‌ناو په‌رله‌مان نوێنه‌رییان نییه‌"

 

د.شۆڕش حاجی له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و حزبانه‌ دامه‌زراوه‌ی رێكخراوه‌یی خۆیان هه‌یه‌، رێگای تر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حزبانه‌ بتوانن بۆچونی خۆیان بگه‌یه‌نن ئه‌ویش له‌ڕێگای نوێنه‌ره‌كانیان ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبانه‌ی نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌ كۆببنه‌وه‌ و دابنیشن و بۆچون و پێشنیاری خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌كان بگه‌یه‌نن، رێزم هه‌یه‌ بۆ هه‌موو حزبه‌كان به‌ڵام كاتێك حزبێك له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت هیچ نوێنه‌ری له‌ په‌له‌مان و حكومه‌ت نه‌بێت ناكرێت ئێمه‌ بچین له‌به‌ر خاتری ئه‌وان سی ساڵ بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ وه‌كو سه‌رده‌می شاخ یان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بچین ئه‌نجومه‌نێك بۆ هۆزه‌كانی ئه‌مه‌زۆن دروست بكه‌ین."

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئه‌وه‌شی وتبوو" هه‌ندێك حزب چوار ساڵه‌ پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتوون ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ پێكبێت ده‌توانرێت ئه‌و حزبانه‌ كۆبكاته‌وه‌"، د.شۆڕش حاجی روونیكرده‌وه‌ كه‌ "من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه‌ پێویسته‌ حزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دابنیشن، زۆربه‌ی زۆری حزبه‌كان نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و عیراق هه‌یه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌توانن هه‌ماهه‌نگ بن و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ گه‌لی كورده‌وه‌ هاوهه‌ڵوێست بن، ئه‌گه‌ر دوو حزبیش پێكه‌وه‌ دانه‌نیشتن ئه‌ركی ئه‌ندامانی ئه‌و حزبانه‌یه‌ فشار بكه‌ن له‌ حزبه‌كانیان كه‌ كۆببنه‌وه‌، بۆچی حزبه‌كان ئاماده‌بن بچن له‌به‌غداد كه‌ عه‌ره‌بن یا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ توركن، یاخود له‌ تاران كه‌ فارسن دابنیشن، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بن كه‌ كوردن پێكه‌وه‌ دابنیشن، به‌ڵام ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نییه‌ به‌ڵكو ره‌نگه‌ شتی تری به‌دواوه‌ بێت چونكه‌ ده‌توانرێت له‌ڕێگای په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ هه‌مان شت بكه‌ن".

 

له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ی‌ چی له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێی شتی تری به‌دواوه‌ دێت؟، د.شۆڕش حاجی وتی: "من نازانم، به‌ڵام ڕێزم هه‌یه‌ بۆ بۆچونی "كاكه‌ حه‌مه‌" و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆچونی خۆم و به‌شێك له‌ پره‌نسیبه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شتێك نین كه‌ بمانگێڕێته‌وه‌ دواوه‌ به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ حكومڕانیه‌كی هاوچه‌رخ په‌یڕه‌و بكرێت له‌كوردستان".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "مه‌رجه‌ع لای ئێمه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانێتی".

 

سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كاری خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌و خانه‌یه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌هه‌ندێك ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌نیازن خۆیان كاندید بكه‌ن بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان؟، د.شۆڕش حاجی رایگه‌یاند "به‌ڵێ ڕاسته‌ ئه‌و هۆكاره‌ و قسه‌كه‌ی تۆ، به‌ڵام من نامه‌وێت زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌م چونكه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی رێكخراوه‌یی ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ ئێمه‌ ده‌ستوری ناوخۆیی گۆڕانمان هه‌یه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره‌ هه‌ردوو ساڵ جارێك ئۆرگانه‌كان هه‌ڵبژاردنیان بۆ ده‌كرێت له‌نێویشیاندا خانه‌ی راپه‌ڕاندن، مانگێك به‌سه‌ر واده‌ی ده‌ستوری تێپه‌ڕیووه‌ كه‌ ئه‌ندامان هه‌ڵبژێرن خه‌ڵك ده‌یكاته‌ هه‌را، به‌ڵام ناچن له‌و حزبانه‌ بپرسن كه‌ ده‌ساڵه‌ كۆنگره‌ و كۆنفرانسی نیشتمانیان نه‌به‌ستووه‌، ئێمه‌ له‌به‌ر هه‌ندێك شتی ته‌كنیكی كه‌ هه‌ندێك براده‌ری خانه‌ی راپه‌ڕاندن دڵنیا نه‌بوون خۆیان كاندید ده‌كه‌ن بۆ پۆسته‌ حكومیه‌كان یاخود نا؟ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دواكه‌وت، كه‌ له‌ دوو مانگ كه‌متر دواكه‌وتووه‌ ئه‌و مانگه‌ دواكه‌وتنه‌ نه‌ هیچ له‌ بابه‌تی گۆڕان نه‌ هی كورد ناگۆڕێت".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure