عەمید سەرحەد قادر
228 جار بینراوە 29/8/2019 05:47 PM

عەمید سەرحەد: وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانێكی دیكەی بۆ دەستگیركردنم دەركردوە



سنور ميديا 

عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەرى پێشوى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوك ئاشكرایكرد، وەزارەتى ناوخۆى عێراق، نوسراوێکى دیكەی ئاڕاستەى پۆلیسى کەرکوک کردوە، تێیدا داواى دەستگیرکردنى و رادەستکردنى بەدادگا کردوە، بەتۆمەتى بەشداریکردنى لە پرۆسەى ریفراندۆمدا.

 

لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر وێراى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە لەسەر ریفراندۆم، ئەو تەنها ئەفسەرە بڕیارى گرتنى بۆ دەرچوە، هاوکات ڕەخنە لەکابینەى پێشوى حکومەتى هەرێمیش گرت، بەوەى "شەرمنانە" مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەى کردوە.

 

وتیشی"چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانى پێشوى حکومەتى هەرێم دانیشتین، پێموتن: کێشەى ئێمە سیاسیە، من بڕیارى ریفراندۆمم نەداوە، ئەوانەى ریفراندۆمیان ئەنجامدا، ئێستا لەبەغدا جێگرى سەرۆک وەزیران و پەرلەمانتارن، بەڵام هەڵوێستیان لاواز بو."

 

عەمید سەرحەد، ئەوەشى خستەڕو بڕیارى گرتنەکەى لە جام گرتوە و لە ماڵەکەیدا هەڵیواسیوە، وتى"گەر دادگایەکى بێلایەن هەبێت، بەشانازیەوە دەچمە بەردەمى، تەنانەت گەر بڕیارى لەسێدارەدانیشم بۆ دەربکات، بەڵام کێشەکە سیاسیە و هەرێم هەڵوێستى پێویستى نەبوە."

 

عەمید سەرحەد وتیشى" 22 ئەفسەرى تر بڕیارى گرتنیان هەیە، بەڵام تەنها من لەسەر ریفراندۆم بڕیارى گرتنم هەیە، ئەوانیتر لەسەر جێهێشتنى دەوام و رۆیشتنیان بۆ هەولێر، بریارى گرتنیان بۆ دەرکراوە."

 

سەبارەت بەهۆکارى چارەسەرنەکردنى گرفتى ئەو ئەفسەرانەى رۆیشتونەتە هەولێر، لەکاتێکدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم و بەغدا لەگفتوگۆدان، بەرێوەبەرى پێشوى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک وتی"ئەوەندەى ئاگادارم خاڵێک لە خاڵەکانى کۆبونەوەى ئەمڕۆى نێوان وەفدى هەرێم و بەغدا ئەوە بوە، پارتى داواى 30 پۆستى ئەمنى کردۆتەوە کە پێشتر لایبوە و ئێستا بەدەست عەرەب و تورکمانەوەن."

 

عەمید سەرحەد قادر کە پێشتر لەسەر پارتى دیموکراتى کوردستان هەژمارد کراوە و سەربەو حیزبە بوە، بەڵام ماوەیەکە دەنگۆى سەنگەر گواستنەوەى بڵاو بۆتەوە، لەو بارەیەوە جەختیکردەوە"پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکەوە نەکردوە، لە ماڵى خۆم دانیشتوم و چاودێرى دۆخەکە دەکەم، سەردانى دۆست و لایەنەکانم کردوە و ئەوانیش سەریان لێداوم، بەڵام نەچومەتە نێو هیچ لایەنێکەوە، ئەوە دورە لەراستیەوە."

 

عەمید سەرحەد قادر رونیکردەوە چەند ڕۆژێک دواى 16 ى ئۆکتۆبەر، لەسەر داواى کەریم سنجارى وەزیرى پێشوى ناوخۆى هەرێم، کۆبونەوەى بەسەدان ئەفسەر ئەنجامداوە بەمەبەستى گەڕانەوە بۆ کەرکوک، وەک خۆی وتی"کەریم سنجارى پێیوتم: کاک نێچیرڤان هەماهەنگى لەگەڵ عێراق کردوە بۆ گەڕانەوەتان."

 

بەوتەى عەمید سەرحەد، دواى کۆبونەوەکە بەسەدان ئەفسەر بۆ کەرکوک گەڕاونەتەوە، ئەوانەى پلەى مولازم تا موقەدەمیان هەبوە، گەڕێنراونەتەوە بۆ جێگەکانى خۆیان، بەڵام پلە بەرزەکان تا ئێستا پۆستەکانیان پێنەدراوەتەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure