سيروان كوێخا نه‌جم
717 جار بینراوە 29/8/2019 01:12 AM

ئاژانسی پاراستن و زانیاری لەسەردەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم روونكردنەوە ده‌دات



سنور ميديا 

وتەبێژی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری لەسەر دەستگیركردنی سیروان كوێخا نەجم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، رایگەیاند، سیروان كوێخا نەجم، تاوانبار نییە، تائێستا تەنها تومەتبارە بە كێشەیەك كە دەتوانێت وەك هەر هاوڵاتیەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات.

 

لە روونكردنەوەكەدا كه‌ میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ هاتووە: "لە رووی یاساییەوە، سیروان كوێخا نەجم، تاوانبار نییە، تا ئێستاش تەنها تۆمەتبارە بە كێشەیەك كە دەتوانێت وەك هەر هاوڵاتییەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات".

 

روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاژانسی پاراستن و زانیاری دەشڵێت،"ناوبراو لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیارییه‌ چاوەڕوانە سبەینێ پێنجشەممە 29ی ئابی 2019، چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی".

 

دەقی رونكردنەوەكە...

روونكردنەوەیەك لە وتەبێژی ئاژانسی زانیاری


1. لەسەر بڕیاری بەڕێز حاكم (ئاوات عومەر) دادوەر لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، رۆژی ٢٥-٨-٢٠١٩، بە مادەی ٤٢١/ ٣١ ، فەرمانی گرتن بۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان - عێراق، (سیروان نەجم رەشید) دەر‌كراوە.

 

2. لەبەر ئەوەی هاوڵاتی (سیروان نەجم رەشید)، ناسراو بە( سیروان كوێخا نەجم) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەلایەن بەڕێز (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) داوای لێكراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی كراوتەوە،‌ لەرێگەی دەزگا پەیوەندارەكانەوە بچێتە بەردەم دادگا.

 

3. لەبەرئەوەی لەلایەن‌ دەزگای دژە تیرۆرەوە سكاڵا لەسەر ناوبراو تۆمار كراوە و دەزگای دژە تیرۆریش سەر بە ئاژانسی زانیاری-یە، ئاژانسی زانیاری دەزگای پەیوەندارە بەم كەیسە بۆ رووبەڕووكردنەوەی تۆمەتبار بۆ بەردەم یاسا.

 

4. هەر بابەت، هەواڵ یان زانیارییەكی پێچەوانەی ئەم رونكردنەوەیە كە لە میدیاكاندا بڵاوكرابونەوە دوورن لە راستییەوە. لەڕووی یاساییەوە، سیروان كوێخا نەجم، تاوانبار نییە، و تا ئێستا تەنها تومەتبارە بە كیشەیەك كە دەتوانێت وەك هەر هاوڵاتیەكی تری ئەم هەرێمە بچێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پەیوەندار و‌ بەرگری لە خۆی بكات. ناوبراو لەلایەن جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) دەستبەسەر نەكراوە، لە گرتوخانەی هیچ حزبێكدا زیندانی نییە، بەڵكو لە ناو بینای ئاژانسی زانیاری چاوەڕوانە سبەینی، رۆژی پێنج شەممە، رێككەوتی (٢٩-٨-٢٠١٩) چاوی بە دادوەری لێكۆڵینەوە بكەوێت بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی.

 

وتەبێژێك لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری (زانیاری)
28-8-2019

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure