يه‌كێتى
1859 جار بینراوە 25/8/2019 01:40 PM

يه‌كێتى په‌شيمانبوونه‌وه‌ى پارتى و په‌يوه‌نده‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان هاته‌ ده‌نگ



سنور ميديا 

ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رەتیدەکاتەوە پارتى لەکاندیدەکەى یەکێتى بۆ پارێزگارى کەرکوک پەشیمان بووبێتەوە، دەشڵێت، پەیوەندى گۆڕان و یەکێتى ئاسایی نییە.

 

سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لەگەڵ پارتى رێککەوتنێکمان هەیە بۆ دانانى پارێزگارى کەرکوک و پێویستە زوو ئەو کارە کۆتایی بێت و پارێزگار دا بنرێت، پێویست ناکات چیتر ئەم پرسە دوا بخرێت.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، پرسى دانانى پارێزگار تەنیا پەیوەندى بە پارتى و یەکێتییەوە نییە، بەڵکو پرسێکە پەیوەندى بە هەمووانەوە هەیەو ناکرێت چیتر خەڵک لە چاوەڕوانیدا بهێڵرێتەوە، رەتیشیکردەوە، پارتى کاندیدەکەیانى بۆ پارێزگارى کەرکوک پەشیمان بووبێتەوە.

 

سەبارەت بە کۆنگرەى یەکێتیش سەعدى ئەحمەد پیرە وتى" کۆنگرە کاتى بەسەرچووەو کاتییەتى ئێستا کۆنگرەیەکى نوێبوونەوە ببەستین، لەناو یەکێتى وای لێهاتووە کۆنگرە کراوە بە ئامانج لەجیاتى ئامڕاز بێت، لەکاتێکدا دەبێت ئامڕاز بێت بۆ نوێبوونەوە یەکێتیش خۆى واى لەمە کردوە".

 

پیرە باسى لەوەشکرد، لە ٢٠١٩ کۆنگرە دەبەستن، بەڵام ماوەتەوە سەر دیاریکردنى رۆژەکەى کە ئەنجومەنى سەرکردایەتى لە کۆبوونەوەى داهاتوو بریار لەسەر رۆژەکەشى دەدات.

 

لەبارەى پەیوەندى حزبەکەى و تورکیاش سەعدى پیرە رونیکردەوە، پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییی بوونەوە دەچن و رێگاى پەکەکەش لە سلێمانییەوە نییە تا تورکیا لە یەکێتى نیگەران بێت، هاوکات وتیشى، ئێستا پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوەو کردنەوەى نوێنەرایەتى یەکێتى لە تورکیا کارى بۆ دەکرێت و گەڕانەوەى بەهرۆز گەڵاڵیش بۆ تورکیا لە چارەسەر نزیک بووەتەوە.

 

پەیوەست بە پەیوەندیەکانى یەکێتى و گۆڕانیش ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى وتیشى" ناکۆکى نێوان یەکێتى و گۆڕان ئاسایی نییە دەبوو ئاسایی و پەیوەندییەکى باشمان هەبووایە، چونکەى ئێمە رێکەوتنێکى نیوە ناچڵمان بۆ حکومەتى خۆجێی سلێمانى هەیە، بۆیە گۆڕانێکى بەهێز زامنە بۆ دۆخەکە".

 

هەروەها پیرە ئەوەشى خستەڕوو، پەیوەندییەکى باشى گۆڕان و یەکێتى لە خزمەت خەڵکى سلێمانییدایەو خراپى پەیوەندییەکانیش زیان بە خەڵکى سلێمانى دەگەیەنێت.

 

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەدا سەعدی پیرە نیگەرانى خۆیانى لە دوورخستنەوەى سەرۆک شارەوانییەکانى باکورى کوردستان راگەیاندو باسى لەوە کرد ئەو سەرۆک شارەوانیانە چەکدار نین تا بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵکو ئەوان قەڵەمیان پێیە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure