مه‌سعود بارزانى
185 جار بینراوە 15/8/2019 02:46 PM

بارزانى په‌يامێكى بڵاو كرده‌وه‌



سنور ميديا 

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ یادی 73 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌یدا په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پارتی بە سیاسەتێکی راست و دروست و راشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووه‌.

 

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 16ی ئاب، ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌ی په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم‪."‬

 

بارزانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەکەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە"‪.‬

 

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی راست و دروست و راشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە رێبازی بارزانی، وەک رێگەی راستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە".

 

بارزانی راشیگه‌یاندووه‌: "لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جارێکی دی سوپاسی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم، پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز، سەرمایەی لەبننەهاتووی پارتییە و هێزی زیاترمان دەداتێ و هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، پتەوتر دەکات".

 

پارتی دیموکراتی کوردستان 1946 به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی دامه‌زراوه‌.

كۆنگره‌كانی پارتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌:

1- كۆنگره‌ی یه‌كه‌م: 16/8/1946، به‌ نهێنی له‌ شاری به‌غدا، له‌ ماڵی (سه‌عید فه‌هیم) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 70 نوێنه‌ر.

2- كۆنگره‌ی دووه‌م: له‌ مانگی ئاداری ساڵی 1951 له‌ شاری به‌غدا، ماڵی (عه‌لی حه‌مدی) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 30 نوێنه‌ری لق و ناوچه‌كانی پارتی.

3- كۆنگره‌ی سێیه‌م: 26/1/1953 ، له‌ شاری كه‌ركوك، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 35-40 نوێنه‌ر به‌سترا.

4- كۆنگره‌ی چواره‌م: 4-7/10/1959، له‌ شاری به‌غدا، ماڵی (كاكه‌ زیاد) به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌سترا.

5- كۆنگره‌ی پێنجه‌م: مانگی ئایاری ساڵی 1960، له‌ باره‌گای پارتی له‌ شاری به‌غدا، به‌سترا.

6- كۆنگره‌ی شه‌شه‌م: له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی ساڵی 1964 له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵازێ به‌سترا.

7- كۆنگره‌ی حه‌وته‌م: 15/11/1966، له‌ گه‌ڵاڵه‌ به‌سترا.

8- كۆنگره‌ی هه‌شته‌م: 1/7/1970، له‌ ناوپردان به‌ ئاماده‌بونی 488 نوێنه‌ر به‌سترا.

9- كۆنگره‌ی نۆیه‌م: 4/10/1979، له‌ زێوه‌ی ده‌ڤه‌ری (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌سترا، تیایدا به‌ تێكرای ده‌نگ (مه‌سعود مسته‌فا بارزانی) به‌سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.

10- كۆنگره‌ی ده‌یه‌م: 2-12/12/1989، له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌ به‌شداری (332) نوێنه‌ر به‌سترا.

11- كۆنگره‌ی یانزه‌یه‌م: 1993، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری 2167 نوێنه‌ر به‌سترا.

12- كۆنگره‌ی دووانزه‌یه‌م: 6-14/10/1999، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری 1473 نوێنه‌ر به‌سترا.

13- كۆنگره‌ی سیانزه‌یه‌م: 11/12/2010-18، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 1500 نوێنه‌ر به‌سترا.

ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كۆنگره‌یه‌كی نه‌به‌ستووه‌و تا ئێستاش هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆنگره‌ی 14یه‌می ئه‌و حزبه‌ دیاری نه‌كراوه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure