سنور ميديا
252 جار بینراوە 14/8/2019 02:01 AM

شاسوار عه‌بدولواحيد له‌سه‌ر چاڵه‌كانى تونێله‌كه‌ى ده‌ربه‌نديخان هاته‌ ده‌نگ و جوڵه‌ى كردارى ده‌كات



سنور ميديا 

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئاماده‌یی ده‌ربڕی له‌ رێگه‌ی تیمی ئه‌ندازیاریی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌دا، چاكسازیی پێویست له‌ تونێلی ده‌ربه‌ندیخاندا بكات و نۆژه‌نی بكاته‌وه‌، هیواشیخواستوه‌ ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌ رێگریی لێ نه‌كه‌ن و رێگه‌بده‌ن تونێله‌كه‌ چاك بكه‌نه‌وه‌.

 

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ وێنه‌كانی ناو تونێلی ده‌ربه‌ندیخان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك قسه‌وباسێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌ وێنه‌كاندا رێگای ناو تونێله‌كه‌ زۆر به‌خراپی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چه‌ند چاڵێكی تێدا دروست بووه‌.

 

چالاكوانانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هۆشدارییه‌كی زۆریان بۆ هاتوچۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ داوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی خراپیی رێگاكه‌ش بوه‌ته‌هۆی دروستبونی قه‌ره‌باڵغی و ئاسته‌نگی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێران دروستكردوه‌.

 

دوای بڵاوبنه‌وه‌ی وێنه‌كانیش، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی ئابی 2019، شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ نوسینێكدا به‌ناوی " ئەمەی دەبینینن فلیمی ترسناک نییە، بەڵکو تونێلی دەربەندیخانە" له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی: تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ بریاریداوە کە لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا چاکسازی پێویست لەو تونێلەدا بکات و نۆژەنی بکاتەوە (شەو و رۆژ بۆ ماوەی ئەو هەفتەیە) تیمەکەمان کاری تێدا دەکەن.

 

هه‌ر ئه‌مڕۆش سایتی ترافیك ئێف ئێم له‌زاری قایمقامیەتی دەربەندیخانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەست دەكرێتەوە بە نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و ئەو چاڵانەی لە تونێلەكەدا دروست بوون، چاك دەكرێنەوە.

 

به‌ڵام شاسوار عه‌بدلواحید هیوایخواستوه‌ و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ هیواداره‌ حکومەتی هەرێم و ئیدارەی ناوچەکە وەک ئەوەی 28 ساڵە نەیانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی ئەو تونێلە بکەن و چاکسازی پێویستی تێدا بکەن، ڕێگری لە تیمی ئەندازیاری جوڵانه‌وه‌كه‌ی نەکەن وبهێڵن ئەو تونێلە چاک بكه‌نه‌وه‌.

 

شاسوار عه‌بدولواحید نوسیویه‌تی: "کاری ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ خزمەتکردنی خەڵکە، دروستکردنی ململانێی شەریفانەیە لە پێناو خزمەتی خەڵکدا، دروستکردنی کێبڕکێیەکی جوانە تاوەکوو بزانین کام هێز و کام حیزب زیاتر خزمەتی خەلکی خۆی و ناوچەکانی کوردستان دەکات،چونکە حیزبایەتی لای ئێمە واتە خزمەتکاری خەڵک، حیزبایەتی لای نەوەی نوێ واتە مەشغوڵبون بە کێشەی هاوڵاتییان و کارکردن بۆ هاولاتییان، نەک مەشغوڵکردنی خەلک بە کێشەی حیزبەوە."

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دەیانەوێت حزبایەتی لە جنێودان و بوختانو رقەبەرایەتی و شەری براکوژی و بانگەشەی ناشیرینی گەرمی میدیایی، بۆ خزمەتکردنی خەڵک و دروستکردنی کێبڕکێ لەو بواره‌دا بگۆڕن و ده‌ڵێت: "دڵنیام براوەی یەکەم هاوڵاتییانی ئاسایین."

 

راشیگه‌یاندوه‌: "هەندێک بەرپرسی حکومی و حیزبیش، لە بری خۆمەشغوڵکردن و درۆی بەرکامێرا و خۆنمایشکردن و خۆخەریککردن بە نەمامێکەوە، ئەوا هیوادارم لە باخەکانی خۆیان بێنەنە دەرەوە و سەردانی گەرەک و کوچەی ئاساییەکانی هاولاتییان بکەن،و خزمەتی راستەقینەی ئەوان بکەن."

 

شاسوار عه‌بدولواحید ده‌شڵێت: خەڵک تاقەتی قسەکردن و خۆنمایشکردن و درۆی نەماوە، ئێستا هاوڵاتیان چاوەڕوانن و دەیانەوێت بزانن چ هێزێک بە راستی خزمەتی هاوڵاتییان دەکات؟ چاوەڕوانی ئەوەن تا بزانن حکومەتی هەریم وجوت حیزبی دەسەلاتدار بەو هەمو پارە و بودجەیەی بەغداد و ئەو داهاتە زۆرەی هەرێم کە هەمانە، کەی پرۆژەی زەبەلاح جێ بەجێ دەکەن؟ کەی 600 هەزار گەنجی بێ کار دەخەنە سەر ئیش، کەی موچەی دزراوی(بە ناو پاشەکەوتکراوی) فەرمانبەران دەگێڕنەوە، کەی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە تەواوی شاروشارۆچکەکان جێبەجێ دەکەن؟ خەلک چاوەڕوانی ئەمانەیە، نەک چاوەڕوانی نەمامێکی 2،000 دیناری بێت.

 

له‌ كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ڵێت: "جارێکی تریش جەژنتان پیرۆز بێت و هیوادارم خۆتان و خانەوادە و خێزانتان لە ناخۆشی بە دور بن.... وتمان با بەم جەژنەیش بێ ئیش دانەنیشین و کارێک بکەین، ئەگەر چی کارەکەمان بچوکیشە و لە ئاست ویستی هاوڵاتییاندا نیە،بەلام بەم ئیمکانیەتە کەمەوە دەتوانین جار جارە ئەم جۆرە خزمەتانەی شارۆچکەکانی هەرێم و وڵاتی خۆمان بکەین".

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure