سنور ميديا
4518 جار بینراوە 11/8/2019 12:44 PM

زۆر به‌قورسى شه‌ڕى كۆسره‌ت ڕه‌سول و شاناز ئيبراهيم ئه‌حمه‌د ده‌ستى پێكرد



سنور ميديا 

شاناز ئيبراهيم ئه‌حمه‌د له‌ نووسينكێدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كۆسره‌ت ڕه‌سول و ده‌ڵێت "هێشتاش ده‌تانه‌وێ پاساوى نوێ بدۆزنه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ كاته‌كه‌ نه‌خه‌مڵیووه‌ بۆ كۆنگره‌ ؟ , له‌ وه‌ڵامدا سايتى ڕاچه‌ڵه‌كينى نزيك ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سول وه‌ڵامدا هێرش توند ده‌كاته‌ سه‌ر شاناز ئيبراهيم و ده‌نووسێت " خاتوون تۆ کە خراپترین ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئۆرگانی یەکێتیت ھەیە لەناو کۆمیتەو رێکخستنەکانی بریتانیای یەکێتی، نیوە زیاتری یەکێتییەکانی دەرەوە لەداخی تۆ بوون بە گۆڕان".

 

شاناز ئيبراهيم ئه‌حمه‌د له‌و نووسينه‌دا ده‌نووسێـت "ئێستا ‌سه‌رجه‌م ئۆرگان‌و كادران‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی، به‌نیگه‌رانییه‌كى قوڵَه‌وه‌ ده‌پرسن، كه‌ چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ جارێكیش بێت به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتى بخه‌نه‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان‌و گوێ له‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتى بگرن؟.


چی ده‌بێت گه‌ر له‌ پێناو پاراستنى گه‌وره‌یی یه‌كێتیدا بڕیار له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ بده‌ن‌و خواستى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بێننه‌دی؟.

 

 

ده‌شڵێت " ئایا ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خواستى جه‌ماوه‌ری یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ ئه‌سته‌م‌و قورسه‌ كه‌ نه‌توانن پێش جه‌ژن كۆببنه‌وه‌و مژده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌مان له‌ رۆژی شه‌هیدى حزبه‌كاماندا پێ رابگه‌یه‌نن؟.

 

 

له‌وه‌ڵامدا سايتى ڕاچه‌ڵه‌كين كه‌ نزيكى ماڵباتى كۆسره‌ت ڕه‌سول به‌ ناوى ھەڤاڵێکی بەئاگا لە دۆخی یەکێتی و سلێمانی وه‌ڵامى توندى شاناز ئيبراهيمى داوه‌ته‌وه‌ و ده‌نووسێت " خاتوون تۆ کە خراپترین ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئۆرگانی یەکێتیت ھەیە لەناو کۆمیتەو رێکخستنەکانی بریتانیای یەکێتی، نیوە زیاتری یەکێتییەکانی دەرەوە لەداخی تۆ بوون بە گۆڕان، وەک دەڵێن "قسە فەقیرە"، تۆ ئێستا ھەر خەریکی قسەو مزایەدەو پارە بەخشینەوەو تەکەتولی بۆ کۆنگرە، دەتەوێ کۆنگرەی یەکێتی بکرێت و ببیت بە سەرکردایەتی ئەمجارە کوێی ترمان بۆ وێران بکەیت؟!

 

ده‌شڵێت "تەمەنێکی باشت بەڕێکردووەو وا بەسەری سپیەوە ئەتبینین، بە حزووری مام و پاش مامیش کوا نموونەیەکی سەرکەوتووی تۆ لەو دەرفەتانەی حزب پێیداوی لەرابردوو بۆ بەڕێوەبردنی رێکخستنەکان، جگە لە تەفروتووناکردن و تۆراندنی سەدان و ھەزاران کادری دڵسۆزی ئەم حزبە!؟


ئێ لانی کەم چاو لە خاتوو ھێرۆی خوشکت بکە کاتێک لە مەڵبەندی سلێمانی زانی سەرکەوتوو نەبووە دەسی لەو بەرپرسیاێتییە ھەڵگرتوو داوای لێبووردنیشی لە یەکێتییەکان کرد!

 

ئەرێ تۆ چۆن زات دەکەی باسی کۆنگرە بکەیت؟ ئاخر ناشێ لەبیرت چووبێت کاتێک جێگرانی سکرتێری گشتی چەند ساڵێك لەمەوبەر داوای ئەنجامدانی کۆنگرەیان کرد، خەریک بوو حەوت مەملەکەت بێنیتە سەرمان، ئەتوت مام لەمکاتە نەخۆشەو بەھیچ جۆرێک نابێت باسی کۆنگرە بکرێت، خۆ دەمانزانی لەبەر مامت نەبوو چونکە ئەگەر مام لەشی ساغ بوایە نەیدەھێشت تۆ لەژوور سەری دانیشی رەسم لەگەل جەستە ماندووەکەی بگریت، شینی تۆ ئەوکات بۆ مام نەبوو بۆ ئەو نابوویتیەت بوو لەناو حزب ئەتزانی ئەگەر کۆنگرە بکرێت دەرناچیت بۆ سەرکردایەتی، ئێستاش وادەزانی بە بەسەرکردنەوەی ماڵی بەخشراوان و رشتنی فرمێسکی درۆ لەبەرچاوی خانەوادەی شەھیدان و پۆستی فەیسبووک نیشاندانی خەڵکی ھەژارو کەمدەرامەت بەوخەڵکە، ئیدی حاڵت لە کۆنگرە زۆرباشە؟! بۆ خەڵک نازانن کاتێک تۆ بۆ وێنەگرتنێک لەبەرچاوی ئەوان بۆ ھەژاریان دەگریت جانتاکەت بەدەیان دەفتەر دۆلاری تێداخەوتووە، ئەک غیرەت سەگ بتخوات؟!

 


خاتوو شاناز تۆ کە مێشکت بردووین بە باسی سلێمانی و خزمەتی شارەکە، ئێ خوشکەزاکەی خۆت مەسئولی بەڕو بەحری دەڤەرو شاریشە، قەیچییەکە ئێوارەیەک بەدەم ھەڵدانی پێکە شەرابە گرانبەھاکانت و داگیرسانی جگەرەی مالیبۆری ئەڵمانییەوە، تەلەفوونێکی بۆ بکەو بڵێ "باوکە" تا ماڵی ئێمە وەرە، دڵنیام دێت لێی بپرسە کە کێ کەمتەرخەمە لە خزمەتکردن بە سلێمانی تۆ بڵێی وەڵامەکەی نەزانێت؟ تۆ بڵێی نەزانێ پارەی سەد مەترییەکە لەکوێیە؟ تۆ بڵێی وەڵامت نەداتەوە کە کێ دەستی گرتووە خزمەتی شار بکات؟ تۆ کە حەجەکە لەپاڵ خۆت و کەسوکارەکەتە بۆچی گەڕ لە خەڵکی تر دەئاڵێنی؟!

خاتوون، یانی نازانی خەڵکی شار ھەموو ئەم راستیانە دەزانن و کەس رەخنەکانت لەبارەی خزمەتکردن بە سلێمانی بە تورێک لێوەرناگرێت، تۆ کە ئەتەوێ عاتیفەی خەڵکی شار بەلادانی پەردە لەسەر پەیکەری عەولەسیس و برایم پاشای بابان بەلای خۆتا راکێشی، دەبێ لەو راستییە تێگەیشتبی کە "شکور وشیارن خەڵکی سلێمانی" دەزانن کە پۆستێک دەکەی لەبارەی شار خۆت لەبەرزترین و خۆشترین و فێنکترین ناوچەی سلێمانی نیشتەجێی و بەدەم قاوەوە شەرابەوە مزایەدە بەسەر ئەھلی شار دەکەیت، ئێ گریمان مەکتەب سیاسی و برادەرانی سەرکردایەتی خراپن، داگیرکارن، دە بیکە بە جەژنانەو ھەموو سەرکردایەتی حزبەکەت ئیحراج بکەو بڵێ وا من خۆم و ھاوسەرەکەم بریارماندا ھەرچی زەوی دەباشانە کە کردوومانە بەناوی خۆمان دەیگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی شارەکە، بزانە ئەوکات خەڵک بە دوعاکانت دەڵێت ئامین یان، نا؟!

 

ئاخر مەعقولە خۆم نوێژنەکەرم، داواش لە خەڵک بکەم بچن بۆ جەماعەت؟! تۆ ئەستۆپاکیت لەناو حزب و لەناو ئەھلی شار بکە ئەوکات دڵنیابە لەوەی دەبیتە خۆشەویست و حەبابی شارو دەنگی باشی کۆنگرەش دێنی و خەڵکی تریش ئیحراج دەکەی تاچاوت لێبکەن، (دەی جەژنانەمان دەوێت)!

 

 

ده‌قى نووسينه‌كه‌ى شاناز برایم ئەحمەد

 

په‌یامێك بۆ هه‌ڤاڵ جێگری سكرتێریی گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان

براى به‌ڕێزم كاك كۆسره‌ت

سڵاوێكى گه‌رم

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ته‌واوى جه‌ماوه‌رو ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى له‌چه‌ندین رێگاى جیا جیاوه‌ داواى به‌ستنى كۆنگره‌تان لێده‌كات، پێشترو له‌چه‌ندین وێستگه‌دا به‌هۆكارو بیانووى جیاواز رێگری له‌به‌ستنى كۆنگره‌ كراوه‌‌و نه‌هێڵدراوه‌ خواستى نوێكردنه‌وه‌ى یه‌كێتى بێته‌دی‌و له‌سایه‌ى ئه‌و دۆخه‌ قه‌تیسبووه‌‌ رێكخراوه‌ییه‌وه‌، ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌ك هه‌ر یه‌كێتییه‌ دڵسۆزه‌كان حزبه‌كه‌ى خۆیان نه‌ناسنه‌وه‌، به‌ڵكو هیچ سیمایه‌كى حزبایه‌تى به‌ حزبه‌ چل‌و چوار ساڵه‌كه‌مانه‌وه‌ نه‌مێنێته‌وه‌.

هه‌ڤاڵی به‌ڕێز

كۆچی دوایی مام جه‌لالی رابه‌ر، ئه‌رك‌و به‌رپرسیاریه‌تى له‌ پاراستن‌و نوێكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانى یه‌كێتی خستۆته‌ ئه‌ستۆى هه‌موومان، له‌سه‌رو هه‌مووانیشه‌وه‌، جێگری سكرتێری گشتى ئه‌ركى قورستتر‌و گه‌وره‌تره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ى رابردوداو سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خواستى كادرو ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى بۆ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵنه‌ستاون، هه‌ربۆیه‌ش یه‌كێتییه‌ نه‌گۆڕو رێچكه‌ پارێزه‌رانى حزبی شه‌هیدان هێنده‌ بێ ئومێدبوونه‌ لێتان كه‌ كاسه‌ى سه‌بریان به‌ره‌و لافاو ده‌چێت، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ك جێگری سكرتێری گشتى به‌زووترین كات متمانه‌و ئومێدیان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌.

 

هه‌ڤاڵى به‌ڕێز..

ئێستا ‌سه‌رجه‌م ئۆرگان‌و كادران‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی، به‌نیگه‌رانییه‌كى قوڵَه‌وه‌ ده‌پرسن، كه‌ چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ جارێكیش بێت به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتى بخه‌نه‌ سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان‌و گوێ له‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتى بگرن؟.


چی ده‌بێت گه‌ر له‌ پێناو پاراستنى گه‌وره‌یی یه‌كێتیدا بڕیار له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ بده‌ن‌و خواستى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بێننه‌دی؟.

 

ئایا ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خواستى جه‌ماوه‌ری یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ ئه‌سته‌م‌و قورسه‌ كه‌ نه‌توانن پێش جه‌ژن كۆببنه‌وه‌و مژده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌مان له‌ رۆژی شه‌هیدى حزبه‌كاماندا پێ رابگه‌یه‌نن؟.


ئایا داواكارییه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ زیانبه‌خشه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كان كه‌ بووبێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى نه‌وێرن كۆنگره‌یه‌كى بێ ته‌وافوق ببه‌ستن؟. ئایا ریزه‌كانى یه‌كێتى هێنده‌ لێك ترازاوه‌، كه‌ چیتر نه‌توانن له‌ژێر چه‌ترى ماڵه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌دا كۆببنه‌وه‌؟.


ئایا تا ئه‌و راده‌یه‌ متمانه‌تان به‌یه‌كتر نه‌ماوه‌، كه‌ مه‌ترسیتان له‌ هێنانى هێزو چه‌كداری یه‌كتر هه‌بێت بۆ سه‌ریه‌ك له‌ ناو هۆڵى كۆنگره‌؟.

 

ئایا پاراستنى یه‌كێتى وه‌ك بیلبیله‌ى چاوتان ئه‌وه‌نده‌ ناهێنێت كه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ كاتى خواردنى برنج‌و شله‌ى قه‌یسی ‌و قه‌لی خۆماڵى به‌یانى جه‌ژندا مژده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌مان له‌رۆژى بیست‌و یه‌كی یانزه‌ى دوو هه‌زارو نۆزده‌دا پێ بده‌ن؟.

 

ئایا پاش ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ له‌دواخستن، هێشتاش ده‌تانه‌وێ پاساوى نوێ بدۆزنه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ كاته‌كه‌ نه‌خه‌مڵیووه‌؟. ده‌شكرێت بپرسین، ئایا ئه‌وه‌نده‌ له‌ یه‌كێتى‌و خه‌ڵكه‌كه‌ى بێ متمانه‌ بوونه‌، كه‌ قسه‌ى نه‌یاره‌كانمان له‌ناو میدیاكان كارتان لێ بكات‌و پێتانوابێت یه‌كێتى كۆنگره‌ بكات پارچه پارچه‌‌ ده‌بێت؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌به‌ستنى كۆنگره‌و خۆدزینه‌وه‌ له‌و ئه‌ركه‌ دیموكراسییه‌ یه‌كێتى ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌تره‌وه‌..!

 

هیوادارم قسه‌كانم به‌دڵێكى گه‌وره‌وه‌ لێ وه‌ربگرن‌و به‌رپرسیارییه‌تى مێژوویی سه‌رشانتان جێبه‌جێ بكه‌ن‌و هه‌رچی زووه‌، وه‌ك به‌رپرسیاری یه‌كه‌مى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى‌و له‌سۆنگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆی یه‌كێتى پێیداون، رۆژی شه‌هیدانى یه‌كێتى، بكه‌نه‌ رۆژی كۆنگره‌ى وابه‌سته‌بوونه‌وه‌ به‌ خوێن‌و ئاكاری شه‌هیدان‌و هه‌مووان پێكه‌وه‌ یه‌كێـتى بكه‌ینه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ى جاران.
ته‌واوى دڵسۆزانى یه‌كێتى چاوه‌ڕوانى مژدانه‌ى جه‌ژنن

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
٩-٨-٢٠١٩

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure