يه‌كێتى
285 جار بینراوە 7/8/2019 04:13 PM

مه‌كته‌ب سياسيه‌كى يه‌كێتى ماوه‌ی دانانی پارێزگاری كه‌ركوكی‌ راگه‌یاند



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ماوه‌ی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ بۆ حزبه‌كه‌ی‌ یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌، 45 رۆژه‌.

 

ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ میدیای‌ فه‌ڕمی‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ "چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌ رۆژانی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ لیستی برایه‌تیی كه‌ركوك به‌ڕێوه‌بچێت و پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك ته‌وه‌رێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌بێت".

 

ئاسۆ مامه‌ند وتی‌: "به‌پێی رێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار كاندیدی لیستی برایه‌تیی كه‌ركوكه‌ بۆ پارێزگاری كه‌ركوك".

 

وتیشی‌: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوانماندا كه‌ ئیمزاكراوه‌، 45 رۆژ وه‌ك سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ دانانی پارێزگاری كه‌ركوك دانراوه‌و هیوادارین رێكه‌وتنه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق و پڕۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووانداین، بڕیاره‌ هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ له‌ ساڵی 2020دا به‌ڕێوه‌بچن، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین پارێزگاری نوێی كه‌ركوك به‌زوویی ده‌ستبه‌كار بێت".

 

سه‌باره‌ت یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیشه‌وه‌، ئاسۆ مامه‌ند رایگه‌یاند كه‌ "سه‌رنج و تێبینیمان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی كورد و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ كوردستان و عیراقیش ده‌كه‌ین كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و یاسایه‌دا بكرێت".

 

لێدوای‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ یه‌كێتی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ لقه‌كانی‌ شاره‌كانی‌ كه‌ركوك و خانه‌قین، رایگه‌یاند كه‌ "پارێزگاری‌ كه‌ركوك دانانرێت تاوه‌كو دوای‌ هه‌ڵبژاردن".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure