سنور ميديا
1366 جار بینراوە 7/8/2019 02:12 PM

ئاگات لێيه‌تى كێ پارێزگارى فه‌رمى كه‌ركوكه‌ تا ئێستا ؟



سنور ميديا 

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: تا ئێستاش نەجمەدین كەریم پارێزگاری فەرمی كەركوكە دانان و لابردنی پارێزگار لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنە نەك هیچ لایەنێكش.

 

قسەكانی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باس لە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەو شارە، هەروەها دانانی پارێزگاری كەركوك دەكات.


لەسەرەتای وتووێژەكەدا تاڵەبانی وتی" تا ئێستا بارودۆخی كەركوك لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا،ئێمە بەردەوام ئەوەمان وتووە، بەڵام چاوەڕوانین بەپێی بەرنامەكەی سەرۆك وەزیران "عادل عەبدولمەهدی" كەدەبێت دیاردەی سەربازی لەشارەكاندا نەمێنێت بۆ ئەوەی بارودۆخێكی ئازادی دروست ببێت بەپێی دەستور تا خەڵك بە ئازادانە دەنگ بدات بە نوێنەرەكانیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان."

 

واتە هیچ هەوڵێك لە ئارادا هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوابخرێت؟


ڕێبوار تاڵەبانی لەوەڵامدا وتی" یاساكە و بڕیارەكە دەرچووە بەڵام ئەگەر خەڵكێك تانەی لێبدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەبەر بارودۆخی شارەكە دوابخرێت كراوە بەبابەتێك بۆ ئەوەی بیری لێبكرێتەوە، بەڵام وەك وتم لەبەرنامەی حكومەتی عیراقدا هەیە كە نەك هەر ناوچەكانی ماددەی 140 بەڵكو ناوچە سوننیەكانیش ئاسایی بكرێتەوە و دیاردەی سەربازییان تێدانەهێڵرێت بۆ ئەوەی خەڵك بە ئازادانە دەنگی خۆی بدات."

 

 

سەبارەت بە وادەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دانانی پارێزگاری نوێ؟ ڕێبوار تاڵەبانی دەڵێت" دەمێنێتەوە سەر ئەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەرنامەیەكیان هەیە لەڕێگای لیستی برایەتیەوە ئەو بەرنامەیە لەگەڵ لیستەكانی تر گفتۆگۆی لەسەر دەكرێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەك ئەنجامنەدراوە لەگەڵ ئەو لیستانەی تر چونكە هێشتا لیستی برایەتی خۆی كۆبونەوەی نەكردووە دەبێت لیستی برایەتی خۆی كۆبێتەوە لەناوخۆی خۆی بگاتە ڕێگایەك ئەوكات بەهەمان ڕێگا بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لیستەكانی تر ، وە هەتا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش نەكرێت پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك دانانرێت."

 

دەربارەی ئەوەی كۆبونەوەی لیستی برایەتی و ئەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر دەكەن لەسەر چ بابەتێك دەبێت؟ ڕێبوار تاڵەبانی وتی" كۆبونەوەكان باسی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك وە نەك پارێزگار دابنرێت بەڵكو دەبێت باسی بابەتی پارێزگار بكرێت چونكە پارێزگار تا ئێستاش بەفەرمی "د.نەجمەدین-ە" دەبێت باسی بارودۆخی یاسایی "د.نەجمەدین " بكرێت وە دەبێت بارودۆخی كەركوك بەوجۆرە ئاسایی بكرێتەوە ببێتە بارودۆخێكی یاسایی و دەستوری ئەوكاتە دەتوانین قسەی تر بكەین."

 

واتە بەپێی قسەكانی تۆ تا ئێستاش "د.نەجمەدین" پارێزگاری كەركوكە؟


تاڵەبانی لەوەڵامدا دەڵێت" كاتی خۆی بەبڕیارێكی تاكڕەوانە لەپەرلەمانی عیراق "ئیقالەی" پارێزگار كرا وە 16ی ئۆكتۆبەریش هات بەسەریدا، بەڵام بە پێی یاسای ژمارە 71ی بریمەر دەسەڵاتی دانانی پارێزگار هی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە نەك هی سەرۆك كۆمار كە واژۆی كردووە هەرچەندە خۆم نەمبینیووە، وە دەسەڵاتی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی وەزیرانیش نیە، بەڵكو دانان و لادانی پارێزگار كاری ئەنجومەنی پارێزگایە بەپێی ئەو یاسایەی "بریمەر كە كەركوك كاری لەسەر دەكات."

 

 

كەواتە شتی وادەكرێت كە لەكاتێكدا بە وتەی خۆت تا ئێستاش "د.نەجمەدین كەریم"پارێزگاری كەركوكە بەڵام پارتی و یەكێتی كاندیدییان بۆ ئەو پۆستە بەهاوبەشی دیاریكرد؟

 

ڕێبوار تاڵەبانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی" وەك وتم دانانی پارێزگار و لادانی ئەركی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە ئێمە لە وڵاتێكی یاسا و دەستوریدا دەژین ناكرێت بۆ هەموو شتێك نایاسایی بكەین، بەڵام سەبارەت بە دیاریكردنی كاندید بۆ ئەو پۆستە لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە ئەوە بەتەنها ڕێكەوتنێكی سیاسیە لەنێوان دوو پارتی گەورەی كوردستان ئیشێكی باش-یشیان كردووە كەدەیانەوێت ڕێكبكەون بەڵام "ئالیەت و میكانیزمەكەی" دوایی ئەنجومەن بڕیاری لەبارەوە دەدات، چونبكە ئەمە یاسایە، بەڵام خەڵكی تر چییان كردوە و چۆن ڕێككەوتون ئەوا پرسیار لە خۆیان بكە."

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure