محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم
383 جار بینراوە 6/8/2019 01:53 PM

محه‌مه‌د تۆفيق تاكه‌ كانديد گۆڕان بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاشكرا كرد



سنور ميديا 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامی پێشووی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند كه‌ ته‌نها ئه‌و كاندیدی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌ بۆ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و تا ئێستاش هه‌ر ئه‌و سیڤی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش كردووه‌.

 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئه‌ندامی پێشووی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ "خۆم كاندید كردووه‌ بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم چونكه‌ ده‌مه‌وێت ئه‌و توانایه‌ی كه‌ هه‌مه‌ و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌ له‌ژیانی سیاسیمدا هه‌مه‌، بیخه‌مه‌ گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی هه‌رێمی كوردستان، و عاملێكی ئیجابی بم له‌كاروباره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا".

 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی تایبه‌تی‌ چی ده‌بێت؟ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم وتی‌: " له‌به‌رنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چاكسازی بكرێت ئه‌مه‌ به‌لای منه‌وه‌ زۆر زۆر گرنگه‌".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "چاكسازی وێنه‌یه‌كی باش ده‌به‌خشێت به‌هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ زۆر لایه‌ن هه‌ن هی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی كه‌ پێیانوایه‌ كورد ناتوانێت حكومڕانی خۆی بكات بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئێمه‌ ئێستا به‌هه‌موو توانامانه‌وه‌ به‌شداربین له‌چاكسازی و پێشخستنی شێوازی حكومڕانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ئێمه‌ به‌رنامه‌ی چاكسازیمان هه‌یه‌ و پارتی و یه‌كێتیش باسی به‌رنامه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ن ده‌مانه‌وێت ئه‌مه‌ له‌سه‌ر "ئه‌رزی واقیع" جێبه‌جێ‌ بكرێت".

 

وتیشی: "قسه‌ و شت زۆره‌ به‌ڵام به‌فه‌رمی هه‌ر من سیڤی-م پێشكه‌شكردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ باسی‌ مسته‌فای سه‌ید قادر-یش ده‌كرێت كه‌ كاندید بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم روونیكرده‌وه‌ كه‌ " باسی ئه‌و-یش، ده‌كرێت به‌ڵام نازانم ئه‌و سیڤی پێشكه‌شكردووه‌ یاخود نا، به‌ڵام من ماوه‌ی دوو مانگه‌ سیڤیم پێشكه‌شكردووه‌ و وتومه‌ ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت".

 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حم ره‌تیكرده‌وه‌ داوای كشانه‌وه‌یان له‌ خۆ كاندیدكردن لێ كردبێت له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا و ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هیچ كه‌س داوای لێ نه‌كردووم له‌ خۆكاندید كردن بكشێمه‌وه‌، به‌ڵام زۆر كه‌س هاتوون پێم ده‌ڵێن پێمان خۆشه‌ خۆت كاندید كردووه‌ و به‌رده‌وام به‌".

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ كاندید بوونی رازییه‌؟ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ده‌ڵێت: "من پێشكه‌شی گۆڕانم كردووه‌، گۆڕان ده‌بێت بڕیاری لێ بدات".

 

له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند گرفت و كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ناو گۆڕاندا له‌سه‌ر پۆسته‌كان؟ محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم روونیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و گرفتانه‌ هه‌ر هه‌یه‌، ئاسایی-شه‌ بۆ پۆسته‌كانی تر جگه‌ له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر كه‌س سیڤی-ییان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ڵام جڤاتی نیشتمانی ئه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌م 10-12 رۆژه‌دا ئه‌و پۆستانه‌ له‌ لایه‌ن جڤاتی گشتی بزونه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئاشكراشیبكرد كه‌ "ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن بكشێمه‌وه‌، ده‌بێت پێم بڵێن بۆچی داوام لێده‌كه‌ن؟".

 

راشیگه‌یاند كه‌ "یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی كشانه‌وه‌م له‌ پۆسته‌ حیزبیه‌كه‌م (ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن) جگه‌ له‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ دوو ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر پۆسته‌ حیزبیه‌كه‌م و نه‌مویست زیاتر له‌و پۆسته‌ بمێنمه‌وه‌، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ش بوو كه‌ به‌ته‌واوی خۆم ته‌رخان بكه‌م بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم".

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure