قه‌ريلان
156 جار بینراوە 5/8/2019 04:11 PM

قەریلان: لەناو پاراستنەوە هاوکارى میت دەکرێت



سنور ميديا

فەرماندەى گشتى هێزەکانى پاراستنى گەل-هەپەگە رایدەگەیەنیت، هەندێک لەو ڕووداوانەی لە باشووریش ڕوویانداوە نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورک سوود لە هەرێم وەردەگرێت.


موراد قەریلان فەرماندەى گشتى هەپەگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ستێرک تیڤى" رایگەیاند"ئێمە ناچینە سەر سنوورەکان و چالاکی بکەین و بگەڕێینەوە باشور، بەڵام ئێستا تورکیا سنووری بەزاندووە و هاتووەتە باشوور، لەبەر ئەوەیە شەڕ ڕوودەدات،ئێمە خاکی باشور دەپارێزین، با ئەو بچێتەوە دیوەکەی تری سنوور، ئێمە یەک گولەشیان لێرەوە ئاراستە ناکەین".


وتیشى" دەبێت گەلەکەمان لە باشور بزانێت ئێمە هەموو کوردستان دەپارێزین، ئێمە بۆ هەموو کورد لەدژی داگیرکەری تورک شەڕ دەکەین، بۆیە ئەگەر ئێمە لە شەڕی دژی تورکیا تێکبشکێین، دەوڵەتی تورک ڕێگە نادات کورد لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەن پێگە، ئەگەر ئێمە نەبین، ڕوو لە کوردی باشوور و دەسەڵاتەکەی دەکەن، بەڕێوبەرانی باشور ئەو ڕاستییە باش دەزانن".


قەریلان رونیکردوەتەوە، هەندێک لەو ڕووداوانەی لە باشووریش ڕوویانداوە نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورک سوود لە هەرێم وەردەگرێت، هەندێک کەس زانیاری دەدەنە دەوڵەتی تورک، ئینجا ئەوانە تاکە کەسن یانیش حزبە، ئەوە بابەتتێکی جیاوازە، بۆ نمونە لێژنەیەک دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە، لەوانەیە کەسانێک بەو شێوەیە کار دەکەن، لەناو هەواڵگری هەرێمیشدا هەبن.


هەر لەسەر پرسە هەواڵگیرییەکان ناوبراو باسى لەوەشکردوە، هەندێک زانیاری لای ئەوان هەن کە هەندێک کەس بەبێ ئاگاداریی حزبەکەیان ئەو کارانە دەکەن، بۆ نمونە لەناو پاراستندا کاردەکەن، بەڵام بەبێ ئاگاداریی پاراستن هاوکاریی تورکیا دەکات، بە شێوەیەکی شەخسی و پارەش وەردەگرن، جەختیش دەکاتەوە پارتى و یەکێتیان تاوانبار نەکردووە وەکو حزب و سەرکردایەتی لەناو ئەو کارە دابێت.


لەبەشێکى ترى قسەکانیدا قەریلان وتیشى" ئەو شتەی کە ئێمە زۆرترین ڕەخنە لە ئیدارەی باشوور دەگرین لەسەری ئەوەیە، دەتوانن ئەوەندە هەل بۆ داگیرکەری تورک نەڕەخسێنن، ئێمە دەبینین دەوڵەتی تورک ناوچەکان دەگرێت و کەس دەنگی لێوە نایەت، کاردانەوە نییە، خەڵک دەیەوێت ناڕەزایی نیشان بدات، ناهێڵن، میت دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بگەڕێت و خەڵک بۆ خۆی ڕێکبخات".


سەبارەت گۆڕانکارییەکان لە کابینەى حکومەت و سەرۆکایەتى هەرێم موراد قەریلان دەلێت" ئەو برادەرانە باش دەناسم، هیوادارم سەرکەوتوو بن و پیرۆزباییان لێدەکەم، بەڵام پێویستە دەرکەوتەیەکی نوێی لەسەر ڕێبازی نەتەوەیی پێشبخەن، ئێمەش داومان لە کەس نەکردووە بێنە ناو سەنگەرەکان و شانبەشانمان شەڕی دوژمن بکەن، پێویستیمان بە خەباتی نەتەوەیی هەیە، پیویستە کاتێک لەبەشێک خەبات دەکەین، زیان نەگەینینە بەشێکی دیکە، هیوام پێیە و هەوڵدانیش لەم بارەوە هەیە".


هەروەها فەرماندەى گشتى هەپەگە باسى لەوەشکرد، مافی کەس نییە سەنگەری پێشمەرگە لە بەرامبەر گەریلا دابنێت، پێویستە ئەم بابەتە بە ئاسانی و وەک شتێکی ئاسایی سەیر نەکرێت و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure