پارتى
136 جار بینراوە 29/7/2019 01:33 AM

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌: به‌دۆخی‌ ئێستاوه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك مه‌ترسیداره‌



سنور ميديا 

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌دۆخی‌ ئێستاوه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك مه‌ترسیداره‌ و جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌و باره‌یه‌‌وه‌ رێكبكه‌وین".

 

خه‌سره‌و گۆران ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی‌ وت: "ده‌بێ بپرسین كورد سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق چ هه‌نگاوێك ده‌نێت؟ ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك و ئه‌و تێبینیانه‌ی هه‌یه‌تی به‌ پراكتیكی له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ن و له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بچه‌سپێنرێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق دراوه‌ و بۆی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك هه‌ڵبژاردن دوابخات".

 

وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر بڕیاریش درا هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك نه‌كرێت ئه‌وكاته‌ كورد ده‌بێ خۆی ڕێك بخاته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا به‌م دۆخه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك مه‌ترسییه،‌ چونكه‌ كورد حزووری به‌هێزی نییه‌ له‌و ناوچانه‌ و ده‌سه‌ڵاتی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری نییه‌ و زۆر ئاواره‌ی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌".

 

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا ده‌رگای نوێی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌ و هاتنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیش به‌ شێوه‌یه‌كی ئیجابی ره‌نگی دایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین دوو خاڵه،‌ یه‌كه‌م، پرسی نه‌وت و پشكی هه‌رێم له‌ عیراقدا یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی و نه‌وت كه‌ ‌له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌. خاڵی دووه‌میش ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانه‌".

 

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق بڕیاری‌ داوه‌ له‌ 1ی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت به‌ شاری‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure