مه‌لا به‌ختيار
344 جار بینراوە 25/7/2019 03:40 PM

مەلا بەختیار: ئەوانەی كوردستانیان كردووە بەگەندەڵستان ڕاپێچی دادگا دەكرێن



سنور ميديا 

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، لەدەڤەری یەكێتی و پارتیدا تائێستا یەك گەندەڵیش سزا نەدراوە، ئەگەر ئەوان نایكەن، ئەوا ئەركی یەكێتی و حزبەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنە كە كولتورێكی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بێنینە كایەوە. ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك ژیان بەرەو سەقامگیری و كرانەوە و ئازادی و مەدەنیەت و مافی هاوڵاتی دەڕوات، بەدڵنیایی جیلی دوای ڕاپەڕین دەبینن، ئەوانەی بونەتە هۆی دروستبوونی ئەم گەندەڵستانە ڕاپێچی دادگا دەكرێن.

 

لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆڕێك بۆ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەژێر ناونیشانی (یەكێتی و سەردەم، دیموكراسی و دادپەروەری) ڕایگەیاند، یەكێتی كە لەساڵی 1975 دامەزراوە و دنیایەك لەفەزای سیاسەتی نوێ دێنێتە گۆڕێ، ئێستا پێویستە لەكۆنگرەی چوارەمدا سەرلەنوێ ستراتیجەكەی، پێكهاتەكەی، بیركردنەوەكەی، سەركردایەتیەكەی، پەیڕەو و پڕۆگرامەكەی، پەیمانگای پەروەردەی كادرەكانی، ڕاگەیاندنەكەی نوێ بكاتەوە، ئەمە بەتەنها بە وتارەكان نابێت كە بوترێ سەردەم سەردەمی جیهانگیرییە، بەڵكو دەبێت یەكێتی بەهەموو چەمكەكانەوە بخەینە سەردەم و كارلێك لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بكات.

 

مەلا بەختیار، لایەنێكی دیكەی كۆڕەكەی تایبەت كرد بە ئاستی گەندەڵی لەعیراق و كوردستان، لەوبارەیەوە ئاشكرایكرد، عیراق لەئێستادا مینڕێژكراوە بە گەندەڵی، بەپێی وتەی شارەزایان لەعێراقدا 500 بۆ 600 ملیار دۆلار دزراوە، لەكاتێكدا ئەم پارەیە هەموو عیراقی سەرلەنوێ پێ بنیاتدەنرایەوە، بەنمونە بودجەی ساڵانەی ئوردون 17 ملیار دۆلارە، هەروەها هەموو ئەوەی هەرێمی كوردستان لەعێراقی وەردەگرێت و بەداهاتی ناوخۆشەوە ناگاتە 17 ملیار دۆلار، بۆیە چەنێك لەو 500 بۆ 600 ملیار دۆلارە دزراوە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، ئەوە باشارەزایان ساغیبكەنەوە.

 

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان 176 دەوڵەت بەڕێژە گەندەڵی تێدایە، كە عێراق لەڕێزبەندی دەهەمین گەندەڵدایە، واتە لەڕیزی سۆماڵ و ئەفغانستان و بەنگلادیشدایە، لەئەمەشدا چەندێك پشك بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت؟ ئەمەش با پسپۆڕان ساغی بكەنەوە.

 

باسی لەئەوەشكرد، زاڵبونی عەقڵی تائیفی و بونی هێزی چەكداری تایبەتی و بونی هێزی چەكداری تائفی و كێشەكان وایكردووە تەمەنی ئەم حزب و دەسەڵاتانە درێژبێت، بەڵام كاتێك ئەمانە نامێنن و ژیان بەرەو سەقامگیری و كرانەوە و ئازادی و مەدەنیەت و مافی هاوڵاتی دەڕوات، بەدڵنیایی نەوەی سێهەم لەناو یەكێتی(نەوەی یەكەم مام جەلال و عەلی عەسكەر و عومەر دەبابە و قارەمانەكانی ئەو سەردەمەن، نەوەی دووەم ئێمەومانانین، نەوەی سێهەم جیلی دوای ڕاپەڕینن) دەبینن، كە ئەوانەی بونەتە هۆی دروستبوونی ئەم گەندەڵستانە ڕاپێچی دادگایان دەكەن.

 

ئاماژەی بەئەوەشدا، گەندەڵی گەورەترین ئافاتە بۆ دادپەروەری و دیموكراسی و ئازادی و سەربەستی ژن و ژێرخانی ئابووری بەرهەمهێن، بۆیە دەبێت خەمی گەورەی حكومەت و یەكێتی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی بێت، هەر بێدەنگییەكیش لەڕیشەكێشكردنی گەندەڵی واتە ڕازیت بەگەندەڵی و گەندەڵیشیت.

 

ڕاشیگەیاند: تا ئێستا حكومەت و پەرلەمان و حزبەكان، هیچ بەرنامەیەكی ستراتیژیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی نیە. لەوبارەیەوە زیاتر وتی: لەدەڤەری یەكێتیدا تائێستا یەك گەندەڵیش سزا نەدراوە. دەڤەری ئەولاش بە سەدان و هەزاران گەندەڵی تێدایە، من هۆكارەكەی بۆ خراپی سیستەمەكەو حكومەت و پەرلەمان بە بەرپرسی ئەمە دەزانم. بۆیە ئەگەر ئەوان نایكەن، ئەوا ئەركی یەكێتی و حزبەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنە كە كولتورێكی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بێنینە كایەوە. بە سیاسەتی كۆن و زەمینەی كۆن، ناتوانین گۆڕانكاری ڕیشەیی بەدیبهێنین. ناتوانین وەرچەرخان بەدیبهێنین، بۆیە ئەگەر وابڕوات ئەوا لەكوردستاندا ڕوداوی چاوەڕواننەكراوی ناخۆش ڕودەدات. بۆیە كاتی ئەوەیە فشاری مەدەنی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردە دزێوەكان زیاد بكەین و پرۆژەیەكی هاوبەشی رۆشنبیری گشتگیر هەبێت، بە بارەگا سوتاندن و هەڵكوتانە سەر دامودەزگاكان كێشەكان چارەسەر نابن، بۆیە ئەركی یەكەممان پاراستنی ئەم ئەزمونەیە، ئەركی دووەم هێنانەدی گۆڕانكاریە لە ئەزمونەكەدا. دەبێت زەمینەی كۆمەڵ و ژیانی خۆشگوزەران لەكوردستاندا بەدیبهێنین. ئەمە پرۆژە و ستراتیژی تازەیە بەلای منەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure