يه‌كێتى وپارتى
1405 جار بینراوە 23/7/2019 04:13 PM

سه‌ركرده‌يه‌كى په‌كه‌كه‌ هۆشدارى له‌ناوچوون ده‌داته‌ پارتى و يه‌كێـتى



سنور ميديا 

سەرکردەیەکی پەکەکە رایدەگەێنێت "پارتی یەکێتی هەڵە دەکەن ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر هەبوونی پەکەکە هەندێک بەرژەوەندی بەدەست بێنن، بەڵام ئەگەر پەکەکە تێکبچێت ئێوەش هەموو لەناو دەچن".

 

ئەمڕۆ سێ‌شەممە دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان و هەڵویستی هێزەکانی باشوری کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەدیا هەبەر ئەنجامداوە.

 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاندوە "ئەگەر دەوڵەتی تورک لەناو پارتی و یەکێتییەوە هاوکاری نەکرێت ناتوانێت هێرش بکاتە سەر قەندیل و تیرۆرکردنی هەڤاڵمان هەڵمەت بە تەواوەتی بە شێوەیە کراوە، ئێمە ناڵێین پارتی و یەکێتی ئەو هێرشانە لەناو خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، بەڵام لەوانەیە لە نێوانیاندا هەندێک شت هەبێت".

 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە ئاماژەی بەوەداوە "تورکیا کۆمەڵکوژی دەکات و دەڵێت دژی پەکەکەم و هەوڵدەدات کورد بخەڵەتێنێت، ئەگەر پەکەکە لەناو ببات، کوردیش لەناو دەبات، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣ـەوە ئەمەیە، ژەنەراڵە گەورەکانیان کە هێرشەکانی ساڵانی ٩٢، ٩٥ و ٩٧ـیان ئەنجامداوە، بە ئاشکرا وتیان؛ "ئێمە دەمانەوێت پەکەکە بنبڕ بکەین و پارتی-ش بخەینە ژێر کۆنترۆڵی خۆمان"، پێویستە هەموو کورد ئەمە ببینێت و بزانیت".

 

دوڕان کاڵکان ئەوەشی وتوە "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئێستا دژوارتر و بەرنامە بۆ داڕێژراوترن و هێرشێک کە لە مانگی ئابی ٢٠١٨ـدا دژی شەنگال پێکهات لە چوارچێوەی پەیمانێک لەگەڵ عێراق و پارتی ئەنجامدرا، کاتێک سەرۆک وەزیری عێراق لە تورکیا بوو ئەو هێرشە کرا و زۆر پیلانداڕێژراو بوو، هێرشی هاوشێوەش ئەمڕۆ دژی هەمووهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕێوەدەچێت، هەوڵدەدەن لە بادینان و قەندیل-یش ئەنجامی بدەن، بەم دواییانەش تیرۆری هەڤاڵ هەڵمەت هەر بەو شێوەیە پێکهات، لە نەورۆزیش ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانمان بەو شێوەیە تیرۆرکرا، هێرشێکی زۆر پیلان بۆ داڕێژراو بوو".



لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی تورکیا و کە وتویەتی "ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری سوپا و میت کرا" کاڵکان دەڵێت "میت چۆن لە قەندیل و بادینان دەگەڕێت؟ پەکەکە ڕێکخستن و کۆنترۆڵی خۆی هەیە، وەها بە ئاسانی ناتوانن بێنە ئەو ناوچە، لێرەدا ئاشکرایە کە لە ناوچەکەوە هاوکاری دەکرێن، ئەگەر میت لەناو پارتی و یەکێتییەوە هاوکاری نەکرێت، ناتوانێت هێرش بکاتە سەر قەندیل، ئەمە زۆر ڕوونە".

 

کاڵکان لەسەر هاوکاری بۆ تیرۆری هەڤاڵ هەڵمەت "دیار غەریب"، وتی "تیرۆری هەڤاڵ هەڵمەت بە تەواوەتی بە شێوەی هاوکاری بوو، چەند مانگ لەمەوبەر زانیاریمان پێگەیشتبوو کە دژی هەڤاڵانمان هیرشێک ئەنجام دەدرێت و هەندێک هێزیش لەناو ئامادەکارین بۆ ئەو هێرشە، بەڵام نەماندەزانی کە ئەو هیرشە لە کوێی دەکرێت".



کاڵکان ئاشکرایکرد کە لەسەر تیرۆری هەڤاڵ دیار غەریب چاوەڕێی وەڵامێکن و وتی "ئێستا بەرپرسیاری ئەم بابەتە هەن، ئێمە چاوەڕێی وەڵام دەکەین، بەڵام بێدەنگ بوون، ناتوانن وەڵام بدەنەوە، ئێمە ناڵێین پارتی و یەکێتی ئەو هێرشانە لە ناوەندی خۆیان ڕێک دەخەن، بەڵام لەوانەیە لەناویاندا هەندێک شت هەبێت، چی هەیە با بخرێتەڕوو، ئێمە ئەمە دەپرسین؛ ئێوە لایەنگری ئەو هیزەن کە کورد کۆمەڵکوژ دەکات، یان لایەنگری کوردن؟ ئێوە لایەنگری هەڤاڵ هەڵمەت-ن کە یەکێک لە بەرخۆدێران بۆ هەبوون و ئازادی بوو، یان لایەنگری ئەردوغانن؟ پێویستە ڕاشکاوانە بیخەنەڕوو، ئەگەر لەناویاندا کەسانێک هەن کە خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکەن و ناتوانن کۆنترۆڵیان بکەن، با هەڵویستیان هەبێت، ئێمە پێکەوە تێدەکۆشین، ئەگەر وەها نەبێت، ئەو کاتە ئەو بەرپرسیارییەتە دەکەوێتە ئەستۆیان، بەو شێوەیە زۆر خراپە و بە شێوەیەکی زۆر خراپ لە مێژوو جێ دەگرن، ئێمە چاوەڕێی ڕاگەیەندراوین".

 

کاڵکان ڕەخنەی لە پارتی و یەکیتی گرت و، و باسی لەوەکرد "هەڵە دەکەن، ئەمڕۆ لەسەر هەبوونی پەکەکە، هەندێک بەرژەوەندی بەدەست دێنن، بەڵام ئەگەر پەکەکە تێکبچێت ئێوەش هەموو لەناو دەچن، دەکەونە دۆخێکی هەرە خراپ، بانگ لە کاربەدەستانی بەغدا و هەولێر دەکەین، بانگ لە بەڕیوبەرانی پارتی و یەکێتی دەکەین ڕاستەقینە بجوڵێنەوە، ببنە خاوەن هەڵویستێکی ڕاست و ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ، مەخمور و شەنگال"..



کاڵکان لەکۆتایی وتەکانیدا وتویەتی "پێویستە باشوری کوردستان نەڵێت؛ "ئێمە ڕزگار بووین، با پارچەکانی دیکە لێمان دوور بکەونەوە، با کەس نەیەت بەلامانەوە و بە ئیسراحەت دەژین"، ژیانێکی وەها نییە، لە کاتێکدا کوردی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کۆمەڵکوژی بەسەریان تێدەپەڕێت، باشور ناتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد بژیت، ئەمە مەحاڵە، دژی یاسای سروشتە، یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین، یان ئازادی بۆ کەس نابێت، پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانیت، پێویستە تێبگەن و ئەم گەمارۆ ببینن و دژی سیاسەتە هەڵەکان بوەستنەوە، پێویستە ڕێبازی سیاسی خۆیان بێننە سەر هێڵی ڕاستی، پێویستە لەناو خۆیان جێی بە سیخوڕی تورک نەدەن، لە کوێ هەبن پێویستە بیانگرن و بەسەریاندا بچن، ئەوان دوژمنی کوردن، پێویستە ڕێگە بەو شتانە نەدەن، پێویستە ئەوانەی سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن وەک سیخوڕی سەدام ببینرێن".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure