سنور ميديا
3051 جار بینراوە 23/7/2019 02:22 PM

شه‌ڕى دوو ئامۆزاكه‌ گه‌رم تر بوو



سنور ميديا 

دژه‌تیرۆری‌ كوردستانی‌ نزيك باڵى مه‌سرور بارزانى  به‌ توندی‌ وه‌ڵامی‌ ڕێبوار كه‌ريم وه‌لى ڕۆژنامه‌ نووسى نزيك له‌ نێچيرڤان بارزانى ده‌داته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌یه‌كه‌ رێبوار كه‌ریم وه‌لی به‌ فیتی ئاغاكانی خۆی له‌ خه‌ڵك كردووه‌ به‌ موحه‌للی ئاخر زه‌مان.

 

دژه‌تیرۆری‌ كوردستانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و نزيك له‌باڵى مه‌سرور بارزانى له‌ په‌یجی‌ ره‌سمی‌ خۆی‌ وتارێكی‌ به‌ناونیشانی‌"وه‌ڵامێك بۆ رێبوار كه‌ریم وه‌لی و ئاغاكانی" بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ وتاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی دژه‌تیرۆری كوردستانه‌وه‌ نووسراوه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ ئاشكرا بكات.

 

لە وتارەکەدا دەڵێت، ماوه‌یه‌كه‌ رێبوار كه‌ریم وه‌لی به‌ فیتی ئاغاكانی خۆی له‌ خه‌ڵك كردووه‌ به‌ موحه‌للی ئاخر زه‌مان. ئه‌م زاته‌ كه‌ هه‌موومان ده‌یناسین و ئاكار و ره‌فتاری بۆ هه‌مووكه‌س له‌ سۆشیال میدیا ئاشكرا ببوو، هه‌ستاوه‌ به‌رووقایمی ده‌ستی داوه‌ته‌ چه‌واشه‌كاری و له‌ مینبه‌ری ڕووداو ئه‌و باس و خواسانه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ دڵی ئاغاكانی خۆش بكات.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند" رێبوار، چه‌ند مانگ پێش، هێشتا كابینه‌ی نوێش پێك نه‌هاتبوو، له‌ وتارێكدا نووسیی كه‌ حكومه‌تی داهاتوو حكومه‌تێكی لاواز ده‌بێت، چونكه‌ خۆی و ئاغاكانی له‌ هاتنه‌ كایه‌ی حكومه‌تێكی به‌هێز ده‌ترسن. هه‌فته‌ی رابردووش نووسیبووی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش گواستراوه‌ته‌ ناو حكومه‌ت، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ هه‌موو كابینه‌ ته‌نیا وه‌زیری ناوخۆ له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ ناو حكومه‌ت، بێگومان ئه‌م ئاماژه‌شیان هه‌ر نیشانه‌ی ترسیانه‌، چونكه‌ جددیه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش چووه‌ته‌ ناو حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌موو دزی و گه‌نده‌ڵییه‌ دابنێن كه‌ هه‌موو خه‌لكی كوردستان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. بۆ ئه‌وه‌ چوونه‌ ناو حكومه‌ت چونكه‌ پانزده‌ ساڵه‌ ملیارده‌ها دۆلار به‌ فیڕۆ درا و هێشتا خه‌لك نه‌ كاره‌بای هه‌یه‌ نه‌ ئاوی هه‌یه‌، نه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی ته‌واوه‌، نه‌ په‌روه‌رده‌ ته‌واوه‌...هتد. بۆ ئه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر هیچ نه‌كرێت، هه‌ر رێگه‌ له‌ دزی و گه‌نده‌ڵیی زیاتر بگیرێت".

 

وتیشی" ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا شانازیی پێوه‌ كراوه‌ ته‌نیا ره‌وشی ئه‌منی بووه‌، گه‌رنا چی به‌سه‌ر چییه‌وه‌ بووه‌؟ جا بۆیه‌ ئێستا دوای ئه‌و رووداوه‌ تیرۆریستییه‌ی ناو رێستورانتی هۆقه‌باز له‌ هه‌ولێر، رێبوار و ئاغاكانی دلخۆش بوونه‌. رێبوار له‌ دوا نووسینیدا هێرشی كردۆته‌ سه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ده‌ڵێ گوایه‌ شتێك په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن و ئه‌وجا خه‌می قوربانیبوونی ئاغاكانیه‌تی له‌ ئه‌نجامی ئه‌م رووداوه‌".

 

هەر لە درێژەی نوسینەکەیدا باس لەوەدەکات، رێبوار خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی كه‌ ده‌زگاكانی ئه‌منی توانیویانه‌ زوو كلكی ئاغاكانی له‌م رووداوه‌دا ئاشكرا بكه‌ن. هاوكاره‌كانی له‌ كه‌ناڵه‌ مینبه‌ره‌كه‌ی ڕێبوار هه‌رزوو وتیان هه‌موو سیناریۆكه‌ ده‌زانن و ڤیدیۆكانیان بینیوه‌، ئه‌ی بۆچی تازه‌ هاتووه‌ ده‌پرسێت ڤیدیۆكان ئاشكرا نه‌كراون تا شتێك په‌رده‌پۆش بكه‌ن؟.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە ، رێبوارێك كه‌ خۆی و هاوڕێكانی خۆیان به‌ پرۆفیشناڵ ده‌زانن، چۆن ته‌نیا دوای رۆژێك له‌ ده‌ستگیركرانی كه‌سی سه‌ره‌كی و به‌رده‌وامیی لێكۆڵینه‌وه‌ داوای ئاشكراكردنی گشت ڤیدیۆكان ده‌كه‌ن؟.

 

دژەتیرۆر دەشڵێت" رێبوار پێی خۆشبوو درۆ و ده‌له‌سه‌كانی لڤین و میلله‌ت راست ده‌ربچن نه‌ك ده‌ستی ئاغاكانی ئاشكرا ببن، ئه‌م زاته‌ ریسوایه‌ ناتوانێت به‌رگری له‌ ئاغا ریسواكانی بكات".

 

ده‌قى نووسينه‌كه‌ى ڕێبوا ر كه‌ريم وه‌لى

ئاگر لە ئیستەنبووڵ و دووكەڵەكەی لە هەولێر

رێبوار كەریم وەلی


تورك پەندێكیان هەیە دەڵێ: "لە پڕەكەی بكەم، جێگەی نابێتەوە. لە بەتاڵەكەشی بكەم، پڕنابێتەوە"! تاوەكو نووسینی ئەم وتارە، چوار رۆژ بەسەر رووداوەكەی هەولێردا تێدەپەڕێت. هێشتا لەو بیست كامێرای چاودێرییەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی رێستورانتی (هۆققەباز)دا هەبوون، یەك چركەش بڵاونەكراوەتەوە و دەڵێن دوای رووداوەكەش رێستورانتەكە جممەی دێت لە مشتەری! رووداوەكە هەر چۆنێك بووبێت، ئیتر لێرە بەدواوە دوای ئەو هەموو قسەوباسەی بڵاوكرانەوە، راستیی مەسەلەكە بەشێوەیەكی زۆر جیدی زیانی پێگەیشتووە. بێدەنگی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت.

 

راستییەكەی هەم حكومەتی توركیا و هەم پارتیش پێیانباشە كە رووداوەكە وەك كردەوەیەكی تیرۆریستی وێنا بكرێت. لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، توركیا بەو هەموو میدیایەی هەیەتی بەقەدەر میدیای كوردستان سەرقاڵی رووماڵی ئەو رووداوە نەبوون و، بە ئامانجگرتنی پەكەكە و هەدەپە لەو رووداوەدا، باشترین ئادرێس بوون كە هەردوولا بەدوایدا دەگەڕان.

 

توركەكان دە لە سەدی ئەوەندەی بەدوای كوشتنی جەمال خاشقچییەوە بوون، بەدوای بكەرانی ئەو رووداوەدا نەگەڕان و بێدەنگییان لێكرد. بۆ ئەوان باشترین بژارە ئەوەبوو كە رووداوەكە ببەسترێتەوە بە پەكەكەوە، لەكاتێكدا لە سی ساڵی رابردوودا، پەكەكە كاری لەو شێوەیەی لەناو كوردستاندا نەكردووە. ئەوە لە قازانجی توركیایە، چونكە هێشتا حیزبی حاكمی توركیا لە شۆكی شكستەكەی ئیستانبوڵ دەرنەهاتووە و، لەڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لە خراپترین بارودۆخدایە. ئۆباڵی بەشی هەرە زۆری ئەوەش لە ئەستۆی دەنگدەرانی كوردە كە ئەمجارەیان رقی خۆیان بە ئەردۆغان رشت.

 

هەم میدیا و هەم پارتی، لە تەمومژی سەر رووداوەكە بەرپرسیارن. بەشی زۆری میدیا هەوڵیدا رووداوەكە وەكو كەماسییەك و خاڵی لاوازیی سەرۆكوەزیران و حكومەتە نوێیەكەی وێنا بكات، یانیش وەك ململانێیەكی ناوخۆیی پێشانی بدات كە ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە. بەڵام كاردانەوەی پارتیش بۆ دۆزینەوەی گیسكی گوناح زۆر ناشیانە بوو.

 

خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوور نییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت. دوور نییە هێرشێكی بەرفراوانی زەوینیش بۆ سەر پەكەكە بكرێت. دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن.


پڕۆژەكەی مەلا بەختیار تاڵەبانی

(2)

ئەخیرەن ماڵی تاڵەبانی دوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی، بۆیان دەركەوت كە ئەو مەلا بەختیارەی خۆیان چ نیعمەتێك بووە و ئەوان وا بە ئاسانی كردوویانەتە قوربانیی سەرەڕۆییەكانی خۆیان. پڕۆژە راگەیێندراوەكەی مەلا بەختیار شتێكی تازەی ئەوتۆی تێدا نییە، جگە لە لێدان و كوتانی نەیارە مێژووییەكانی خۆی لەناو یەكێتیدا. ئەگەرچی مەلا بەختیار ناتوانێ سەركۆنەی كەس بكات لە هەڵگەڕانەوە لە یەكێتی و رێبازی تاڵەبانی (چونكە خۆی یەكێكە لەوانەی پێش هەمووان لە یەكێتی جیابووەتەوە)، بەڵام پڕۆژەكەی بەشێوەیەك نووسیوە وەك ئەوەی خۆی خاوەنی یەكێتی بێت.

 

لەڕاستیدا، ئەوە پڕۆژەی هاوبەشی (قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و شانازی برایم ئەحمەد)ە و، ئامانجیش لێی بەرزەفتكردنی ناوەندی بڕیاری یەكێتییە كە لەم ماوانەی دواییدا بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە. ئەگەرچی مەلا بەختیار عەڕابی تێكدان و سەرنەگرتنی رێككەوتننامەی 17ی مایسی 2016ی نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو، بەڵام وا خۆی نیشاندەدات كە ئەو تەنانەت لە رابردووشدا فریادڕەسی گۆڕان بووە! لەكاتێكدا لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لە 2012 وە، هەموو هەوڵی مەلا بەختیار بۆ ئەوەبوو لەسەر دەستی ئەو و وەك دەمڕاستی بنەماڵەی تاڵەبانی رێككەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێت.

 

پڕۆژەكە چەندی رووی لە یەكێتی بێت، دوو ئەوەندە رووی لە پارتییە و پارتیش هەموو دەمێ دەرگەی بەسەر مەلا بەختیاردا كراوەیە، چونكە پێیانوایە نوێنەری بەرهەقی بنەماڵی تاڵەبانییە.

 

ماڵی تاڵەبانی لە ئاست ئەو نەزمە نوێیەی كە لەناو یەكێتی هاتووەتە گۆڕێ دەستەوستانن و جارێكی دیكە هانایان بۆ مەلا بەختیار بردووە، بەڵام دیسان پارتی دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگ كە ئایا تەعامول لەگەڵ ئەمری واقیع دەكات یان دەیەوێ لەگەڵ رابردووی یەكێتیدا بژیت؟

 


مەولوودی كودەتا

(3)

یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین رووداوەكانی هەفتەی رابردوو ئەو مەولوودە بوو كە لەلایەن كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر (لە مزگەوتی سەواف) خوێندرایەوە. لەگەڵ مەولوودەكەشدا مەراسیمی پرسە بۆ كوژراوەكانی رووداوەكەی 15ی تەممووز دانرا. لە هەمووشی خۆشتر ئەوەبوو كە مەولوودخوێنەكان بە كوردی و بەدەم دەف لێدانەوە سڵاویان بۆ كوژراوە توركەكان دەنارد! ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە هاوكات لە ترابزۆنی توركیا لەسەر وێنەگرتن لەگەڵ ئاڵای كوردستان، هاووڵاتیی كورد پەلامار درابوون و لە قەرەقۆل قایم كرابوون!

 

هەموو ئەوانە بۆ پیرۆز راگرتنی رۆژی 15ی تەممووز بوو كە گوایە توركیا لە هەوڵێكی كودەتا رزگاری بووە. راستییەكەی هەڵبژاردنی هەولێر و خوێندنەوەی مەولوود لەو شارە بێ هۆ نییە. چەندی گەڕام نەمدیت لە شوێنی دیكە كاری لەو بابەتەیان كردبێت و تازییەیان دانابێت، دیارە لەبەر دوو شت بووە. یەكەمیان هەولێر توركمانی لێییە و دووەمیشیان هێشتا ئاسەواری خوێندنگەكانی جەماعەتی خزمەت (فەتحوڵڵا گولەن) لە هەولێر ماوە. تاوەكو راددەیەكیش سۆزی خەڵكیان بۆ لای خۆیان راكێشاوە كە حكومەتی توركیا لەو پەیوەندییە رووحییە دەترسێت.

 

دوای سێ ساڵ لە 15ی تەممووزی 2016، توركیا لە قەناعەتهێنان بە خەڵكی خۆی شكستی خواردووە و تازە بە تازە دەیەوێ قەناعەت بە خەڵكی دەرەوەی خۆی بكات كە ئەوەی روویدا كودەتا بوو.

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure