سنور ميديا
754 جار بینراوە 18/7/2019 01:51 PM

میدیای توركی زانیاری نوێ‌ لەسەر رووداوی تەقەكردنەكەی هەولێر بڵاودەكاتەوە



سنور ميديا 

كاردانەوەكانی سەر تەقەكردن‌و كوشتنی عوسمان كۆسە، جێگری كونسوڵی توركیا لەهەولێر بەردەوامەو میدیای توركیاش لەو بارەوە زانیاری نوێ‌ بڵاودەكاتەوە.

 

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "خەبەر تورك"، ئەو كەسەی تەقەیكردووەو لەناو چێشتخانەكەی شاری هەولێر ئۆتۆمبیلەكەی لەگەراجی چێشتخانەكە لەنزیك ئۆتۆمبیلی جێگری كونسوڵی توركیا راگرتووەو لەلایەن كەسێكیشەوە پارێزراوە.

 

هەر بەپێی پێگەكە، ئەو كەسەی پارێزگاری لەتەقەكەرەكە كردووە، لەناو چێشتخانەكە دەمانچەی پێبووەو بەهۆی رووداوەكەش برینداربووەو بەبرینداری لەشوێنی رووداوەكە هەڵاتووە.

 

هەروەها ئاشكراشیكردووە، ئەو ئۆتۆمبیلەی لەگەراجەكە لەنزیك ئۆتۆمبیلی عوسمان كۆسە دانراوە بەكارهێنراوە بۆ هەڵاتن.

 

هاوكات بەپێی قسەی خاوەنی ڕێستۆرانتەكە ستافی كۆنسۆڵخانەی توركیا لەناو چێشتخانەكە دانیشتوون‌و ئەو كەسانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەجلی مەدەنییەوە هاتوونەتە ناو چێشتخانەكەو دوای گەیشتنیشان بەناو چێشتخانەكە رووداوەكە روویداوە.

 

رۆژی چوار شەممە لەدەروبەری سەعات دووی نیوەڕۆ رووداوێكی تەقەكردن لەناو چێشخانەیەكی هەولێر بەناوی "حەق قەباز" روویدا، كە بەهۆیەوە جێگری كونسوڵی توركیاو دوو كەسی تری كوژران، لەگەڵ برینداربوونی چەند كەسێكی تر.

 

ئەو پێگە توركییە ئەوەشی ئاشكراكردووە، بەهۆی رووداوەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەشتەكەی لەفەرەنسا راگرتووەو گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان.

 

لەئێستادا لێكۆڵینەوەكە لەرووداوەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان بەردەوامەو تائێستاش وردەكاری زۆرێك لەرووداوەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان بەشاراوەیی هێڵراوەتەوە.

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure