سنور ميديا
4028 جار بینراوە 15/7/2019 12:52 PM

نێچیرڤان بارزانی: ناتوانێت هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بخاتە کارەوە



سنور ميديا 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەخساندنی دەرفەتێکی کار ئەگەر تەنها بۆ یەک کەسیش بێت بە کارێکی گرنگی دەزانێت و دڵنیایی دەدات کە دۆخی ئابووری باشتر دەبێتەوە، بازاڕ دەگەشێتەوەو دەرفەتی کاریش بۆ گەنجانی کوردستان زیاتر دەبێت، ده‌شڵێت: "به‌ڵام حكومه‌ت ناتوانێت هه‌موو ده‌رچوان دابمه‌زرێنێت".

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە پێشانگەی کاری روانگە فورەسی کردەوە کە تیایدا هەلی کار بۆ ئەوانەی خوازیاری کارن دەدۆزێتەوە.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ وتارێكدا وتی: "مایەی خۆشحاڵییە دەبیستم ئەمساڵ روانگە فورەس وایکردووە زیاتر لە 150 کۆمپانیا بتوانن لەو پێشانگایە بەشدار ببن، زیاتر لە هه‌زار و 700 دەرفەتی کاریش بۆ گەنجانی کارخواز لەو پێشانگایە دەڕەخسێت، دەستخۆشیان لێدەکەم، هیوام ئەوەیە بەردەوام و سەرکەوتووبن بۆخۆیان و بۆ کارخوازان".

 

وتیشی: "ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو سەلماندوویەتی، کە دۆزینەوەی کار تەنیا ئەرکی حکومەت نییە و کەرتی گشتی ناتوانێت هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بخاتە کارەوە، به‌ڵكو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی، دەتوانن پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن تا زۆرترین دەرفەتی کار دابین بکەن، پێویستە لە هەرێمی کوردستان ئەو سێ کەرتە باشتر پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن".

 

ده‌قی وتاره‌كه‌:

وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی کاری روانگە فورەس

 

گەنجانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز
هەموو لایەکتان بەخێربێن

زۆر خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە پێشانگەی ئەمساڵی کار، کە ساڵانە دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پرۆژەی روانگە فورەسدا ئەنجامی دەدات.

 

پێشانگەکانی کار لە جیهان گرنگی و بایەخێکی گەورەیان هەیە، تێیدا کارخوازان ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن و خاوەنکارانیش یەکدی دەدۆزنەوە و هەردوولاش سوودمەند دەبن. کارخواز بە دۆزینەوەی کار و دەستپێکردنی ژیان و ئەزموون و سەرەتایەکی تازە، خاوەنکاریش بە دۆزینەوەی کارخوازی لێهاتوو کە بۆشایی و پێداویستی کاری بۆ پڕ بکاتەوە.

 

مایەی خۆشحاڵییە دەبیستم ئەمساڵ روانگە فورەس وایکردووە زیاتر لە 150 کۆمپانیا بتوانن لەو پێشانگەیە بەشدار ببن، کە ناوی بەرچاوی بازاڕ و ئابووری کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، زانکۆ، قوتابخانە، دەزگاو دامەزراوە و کۆمپانیاکانی بواری وزە، پەیوەندی و گەیاندن، بازرگانی، بواری گەشتیاری و بوارەکانی دیکە لەخۆوە دەگرێت.

 

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1700 دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کارخواز لەو پێشانگەیە دەڕەخسێت، دەستخۆشییان لێدەکەم. هیوام ئەوەیە بەردەوام و سەرکەوتووبن بۆخۆیان و بۆ کارخوازان.

 

رەخساندنی هەموو دەرفەتێکی کار تەنها بۆ یەک کەسیش بێت، کارێکی گرنگە. ئومێد و ژیان سەرەتا و ئەزموونێکی تازە بۆ کەسێک و خانەوادەیەک دەستەبەر دەکات و وابەستەیی بە نیشتمان و خۆشەویستی بۆ خاک بەهێزتر دەکات.

 

کار، تۆی ئومێد و هێزی بەرگەگرتن و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکانی ژیان و لەناخی مرۆڤدا دەچەسپێنێت. کار، بڕواو متمانەبەخۆبوون و کەسایەتی و خەونی گەورە لەلای کۆمەڵگە دروستدەکات،

گەنجانی خۆشەویست..

لەدوای ساڵی 2003وە، هەرێمی کوردستان قۆناخی گەورەی ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی ژێرخان و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری بەخۆیەوە بینی. بە دەیان هەزار دەرفەتی کار لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری جیاجیادا دروستبوون.

لە ماوەیەکدا سیمای کوردستان بە تەواوەتی بەرەو باشتر گۆڕا. ئەگەر شەڕی داعش و قەیرانەکان نەبوونایە، بێگومان دۆخی وڵاتەکەمان لە هەموو روویەکەوە ئەمڕۆ باشتر دەبوو و کارو دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ سەدان هەزار کەسی دیکە خێراتر و ئاسانتر دەبوو.

کە وڵاتان تووشی شەڕ و قەیران دەبن، وا بە ئاسانی نایەنەوە سەرەخۆ، کاریگەری و دەرهاویشتەی خراپی شەڕ و قەیران تا ماوەیەکی درێژ دەبینن. لێرەش بۆ ئەوەی دۆخەکە بکەوێتە سەر رێچکەی خۆی، پلان و کار و هەوڵ و ماندوویی دەوێت.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی تازەدایە، بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو دەنێت. دڵنیام دۆخی ئابووری باشتر دەبێتەوە، بازاڕ دەگەشێتەوە، دەرفەتی کاریش بۆ گەنجانی کوردستان زیاتر دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستیمان بەخۆ رێکخستنەوەو ئامادەکاری هەیە بۆ قۆناخی داهاتوو.

ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو سەلماندوویەتی، کە دۆزینەوەی کار تەنیا ئەرکی حکومەت نییە و کەرتی گشتی ناتوانێت هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بخاتە کارەوە.

کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی، دەتوانن پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن تاوەکو زۆرترین دەرفەتی کار دابین بکەن. پێویستە لە هەرێمی کوردستان ئەو سێ کەرتە باشتر پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن. دەبێت پلان و میکانزی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی هەرسێکیان بە باشترین شێوە بەشداری لە راستکردنەوەی دۆخەکە بکەن.

پێویستە هەرسێ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی پێکەوە کار بکەن، پلان و روانگەو کاری هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی کاروباری کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکاندا باشتر بکرێت و وڵات بەرەو پەرەپێدانی باشتر ببات.

خوێندنی پیشەیی لە قۆناخی ئامادەیی و لە زانکۆش دەبێت گرنگییەکی زیاتری پێبدرێت و وەڵامی بازاڕی کار و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناخی داهاتوو وەڵام بداتەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure