سنور ميديا
3670 جار بینراوە 10/7/2019 03:54 PM

ناوك له‌نێو يه‌كێتى هاته‌ ده‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ى توند له‌نێو يه‌كێتى ده‌كه‌ن



سنور ميديا 

ناوه‌ندى وه‌ستانه‌وه‌ى يه‌كێتى "ناوك " له‌ ڕاگه‌يه‌نراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ى ڕاى گشتى حزبه‌كه‌يان كردوه‌ و كۆپيه‌كى بۆ سنور ميديا نێردراوه‌ , هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كه‌يان و ڕاده‌گه‌يه‌نن" ێمەو ئێوەش بەپێویستیی دەزانین ئیتر یەكێتیی رزگاربكەین لەدەستی چەند گرووپێكی بنەماڵەیی و مافیایی، كە بازرگانیی و قۆرخكاریی بە پۆست و پشكەكانی یەكێتییەوە دەكەن لەحكومەتەكانی هەرێم و بەغداو هەوڵیش دەدەن تەواوی جومگە گرنگەكانی ناو حزبیش كۆنتڕۆڵ بكەن."

 

به‌پێى زانياره‌يه‌كان ئه‌م ناوه‌نده‌ له‌ كادرى سه‌رجه‌م ئاساته‌كان پێك هاتووه‌ و له‌و ڕاگه‌يه‌نراوه‌ ڕاشيده‌گه‌يه‌نن" پەردە هەڵماڵین لەسەر عەیبوعارەكانی ئەو بەرپرسانەی كە لەناو خەڵك، بەهۆی گەندەڵی و خیانەت و خاكفرۆشیی، ناوبانگیان زڕاوەو كاركردن بۆ دەركردنیان و بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا."

 

ده‌قى  ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌

 

ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی (ناوك)
بەیاننامەی دامەزراندن
بەڕێزان/
كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
كادیرو ئەندام و لایەنگرانی فەرامۆشكراو
سڵاوو رێز


ئێمەو ئێوەش بەپێویستیی دەزانین ئیتر یەكێتیی رزگاربكەین لەدەستی چەند گرووپێكی بنەماڵەیی و مافیایی، كە بازرگانیی و قۆرخكاریی بە پۆست و پشكەكانی یەكێتییەوە دەكەن لەحكومەتەكانی هەرێم و بەغداو هەوڵیش دەدەن تەواوی جومگە گرنگەكانی ناو حزبیش كۆنتڕۆڵ بكەن. لەڕووی رێبازو پرەنسیپەوە، یەكێتیی ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغێك، ئەگەر یەكێك خیانەتكارو خاكفرۆش، گەندەڵكارو دز بێت ، نەك لەڕیزەكانی دەرناكاو لێپیچینەوەی لەگەڵدا ناكات، بەڵكو پاداشتیش دەكرێت لەڕێگەی رێزلێگرتن و چەپڵە بۆ لێدان و بەشانوباڵدا هەڵدان.

لەڕووی خزمەتگوزارییشەوە، ئەو ناوچانەی یەكێتیی تێیدا هەژموونی هەیە، رۆژ بەڕۆژ دەگەڕێتەوە دواوە: جادەو بانەكان وێرانن، ئاوی خواردنەوە كەمە، ئارامیی هاووڵاتیان لەمەترسیدایەو فەرمانگەكانیش پەكیان كەوتووە. لەڕووی گەندەڵییشەوە، هەرچی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و مۆڵ و كۆمپانیای نەوت و سێكیوریتیش هەیە، بەشێك لەداهاتی گومرگەكانیش، هەمووی بۆتە موڵكی دەستەو تاقمێكی مافیایی و بەزۆریش سەرانە لەدەوڵەمەندو خاوەنكارەكان دەستێنن، ئەمانە هەمووی یەكێتیی لەحزبەوە گۆڕیوە بۆ گرووپێك مافیاو بازنەی بنەماڵەیی، كە نە ئاگایان لەجەماوەرو خەڵكەكەی ماوە، نە لەكادیران و ئەندامانیشیان، بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش لەسایەی بێدەنگیی بەشێك لەكادیران و سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییە سەنگینەكان، بارودۆخەكەی یەكێتیی و ناوچەكانی ئەوەندەی تر تاڵ و رەشكردووە. لەم روانگەیەوە، ئێمە، بەشێك لەكادیرانی سەربەخۆو پەرژین پاك، مامۆستایان و دكتۆرو رۆشنبیرو كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكانی ناو یەكێتیی، كە رۆژی (8ی تەمموزی 2019)، لەشاری سلێمانی كۆبووینەوە، بەپشتیوانیی ئێوەی فەرامۆش و پەراوێزكراو، ئیتر ئەو بێدەنگییە دەشكێنین و ئاڕاستەیەكی نوێ بنیاتدەنێین كە كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە لەناو هەناوی یەكێتییدا:


- گەڕاندنەوەی هەیبەت و ناوەندی بڕیار بۆ مەكتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند، بەپێی ئەوەی كە لەپەیڕەو پرۆگرامدا هاتووە.
- كاركردن بە پەیڕەوو پرۆگرامی یەكێتی كەئێستا مرێندراوە.


- پەردە هەڵماڵین لەسەر عەیبوعارەكانی ئەو بەرپرسانەی كە لەناو خەڵك، بەهۆی گەندەڵی و خیانەت و خاكفرۆشیی، ناوبانگیان زڕاوەو كاركردن بۆ دەركردنیان و بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا.


- بەستنی كۆنگرەی فراوانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەمیكانیزمێك، كە مافی بەشدارییكردن و دەنگدان زامن بكات بۆ وارسی شەهیدانی یەكێتی، ئەندامان و كادیرانیش لەپلە جیاوازەكاندا.


- گواستنەوەی ئەو میلیشیا جیاوازانەی كە ئێستا بەبیانووی جیاجیا بوونەتە موڵكی كەس و بنەماڵە، بۆ سەر فەرماندەیی گشتی و دواتریش بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.


- زیندووكردنەوەی گیانی كوردایەتی و دەستپاكی و ئازادیی رادەربڕین لای كادیران و رێكخستنەوەیان بەشێوەیەك كە نەكەونە ژێر هەژموونی دەستڕۆیشتووان.


- یەكخستنەوەو رێكخستنەوەی مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی و كۆكردنەوەو گەڕاندنەوەی داهاتەكان و كۆمپانیاكانی حزب، بۆ سەر ئیدارەو دارایی گشتی و پەیڕەوكردنی شەفافیەت لەكاری ئیداری و داراییدا.


- رێكخستنەوەی ریشەیی سەرجەم ئۆرگانەكان، بەتایبەتی مەكتەبەكانی: راگەیاندن، هەڵبژاردن و رێكخستن بەجۆرێك لەژێر هەژموون و كۆنتڕۆڵی تەنها باڵێك و بنەماڵەیەك دەربهێنرێن و بكرێنەوە بە موڵكی یەكێتی.


- ئاشتكردنەوەی كادیران و بەرپرسان و ئەندامانی یەكێتیی ئەوانەی پەرێزیان پاكە، لەهەموو ئاستەكانداو بەپێی میكانیزمێكی گونجاو.

بەیەكەوە، بەرەو پێشەوە، بۆ وەستانەوە لەدژی سەپاندنی هەژموون و ئیرادەی دەرەكی بەسەر یەكێتیدا

9ی تەمموز 2019
كوردستان/ سلێمانی

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure